بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردەوە: لەو دیدارەدا ئایەتۆڵڵا خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتی عێراقە و ئاواتی ئێمە بەرەوپێشچوونی عێراقە.
ئایەتۆڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ڕاشیگەیاند: "ئەمریکا هاوڕێی عێراق نییە. ئەمریکا هاوڕێی هیچ کەسێک نییە. ئەوان تەنانەت دڵسۆزییان بەرامبەر بە هاوڕێ ئەوروپییەکانیشیان نییە".
رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە کردەوە کە "بوونی تەنانەت یەک تاکە سەربازی ئەمریکاش لە عێراق زۆر زۆرە".
ئایەتۆڵڵاخامنەیی رایشگەیاند: پێشڤەچوون، خۆشگوزەرانی و سەربەخۆیی عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگن. گوتیشی هاوئاهەنگی و جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنانەی پێشتر هەردوو لا لەسەریان رێککەوتوون، سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.
ڕێبەری باڵای شۆڕش وتیشی: فراوان کردنی مەودای پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران دوژمنی بەهێزی هەیە و باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەردوو وڵاتەکە پەیوەندیی بەهێزی مێژوویی و ئاینیی نەبووایە، دەکرا پەیوەندیی نێوانیان گەڕابایەوە دۆخی سەردەمی سەدام حوسێن.
لای خۆیەوە، سەرۆککۆماری عێراق راگەیاند: "هەوڵی سەرەکیی عێراق، بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئێران و چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی هەڵپەسێردراوە".
سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها هاوکاری و پشتیوانییەکانی حکوومەت و خەڵکی ئێرانی لە سەردەمە جیاجیاکاندا بە تایبەت لە شەڕ دژی تیرۆر بەرز نرخاند.
Your Comment