کوردەکان ڕەتی دەکەنەوە کە لە دژی ڕووسیا هاوکاریی ئۆکراینایان کردبێت

بەشی جیهان- بەڵگەنامەیەکی نهێنی هەواڵگریی ئەمریکا باس لەوە دەکات، هەواڵگری سەربازیی ئۆکراینا پلانی دانابوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی نهێنی دژی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بە هاوکاری هێزە کوردییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەیەکی نهێنی هەواڵگری ئەمریکای بڵاو کردوەتەوە، بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی ڕۆژنامەکە بڵاوی کردوەتەوە، کیێڤ ویستوویەتی زیان بە هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بگەیەنێت، بۆ ئەوەی سەرنجی مۆسکۆ بباتە سەر سووریا و هێزەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و بچێتە سووریا.

هەروەها ناوڕۆکی بڵاوکراوەکە باس لەوە دەکات، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا، ئەم پلانانەی وەستاندوە و ڕێگەی نەداوە  جێبەجێ بکرێت.

لەو بارەیەوە فەرهاد شامی،بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی قەسەدە لە بەیاننامەییەکی نووسراوی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمریکا، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و دەڵێت: ئەم بەڵگەنامەیە ڕاست نییە.

شامی  جەختی لەوە کردوەتەوە ،کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا باشە و هەماهەنگی نێوانیان بەردەوامه و وتی: پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیا باشە، ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە دۆسیەکان لەسەر خاکی سووریا.

دوای بڵاو کردنەوەی ئەو بەڵگەنامە نهێنییە تا ئێستا پنتاگۆن هیچ لێدوانێکی لەسەر ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە نەداوە.

ڕووسیا لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکان لە ساڵی ٢٠١١ەوە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی حکومەتی سووریا بووە و پاڵپشتی دیپلۆماسی و ئابووری حکوومەتی سووریای کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٩ەوە هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانە جێگیر بوون کە هێزەکانی هاوپەیمانان لێی کشاونەتەوە لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا.

شایانی باسە هێزەکانی ڕووسیا بنکەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە لە قامیشلۆ، کۆبانی، تیلتەمیر، عامودە، حەسەکە و ڕەقە هەیە.

News Code 221300

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha