فیلمی "خاڵا تارییا" چوار خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵی به‌ده‌ست هێنا

بەشی فەرهەنگ و هونەر- فیلمی کوردیی خاڵا تارییا ""In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش" و له دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئایشە پۆلات"، چوار خه‌ڵاتی له چل و دووهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئه‌سته‌نبووڵ" به‌ده‌ست هێنا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینه‌مایی "میتۆس فیلم" Mitosfilm  بە به‌ڕێوه‌به‌ری سینەماکاری کورد "مەمەد ئەکتاش" Mehmet Aktaş و له نووسین و دەرهێنانی "ئایشە پۆلات" Ayşe Polat دەرهێنەری کوردستانی تورکیا، له بەرهەمهێنەری هاوبەشی کۆمپانیای "پۆنکت" و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی  WDRو Arte و به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌ڵمانیا، له نوێترین و دووهه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی پێشبڕکێی "نه‌ته‌وه‌یی" له چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئه‌سته‌نبووڵ" Istanbul   له وڵاتی تورکیا نمایش کرا و توانی چوار خه‌ڵاتی ئه‌م رووداوه گرینگه سینه‌ماییه به‌ده‌ست بێنێت.

ئەو خەڵاتانە بریتی بوون  له‌: خه‌ڵاتی باشترین فیلم بۆ "مەمەد ئەکتاش"، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ "ئایشە پۆلات"، خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ بۆ "سه‌رحه‌ت مۆتلۆ" Serhat Mutlu  و "یۆرگ ولکمار" Jörg Volkmar  و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی "فیپێڕشی" FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به هۆی "ته‌رکیز له‌سه‌ر جیاوازییه‌ ئه‌خلاقییه‌کان له کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی که‌سه‌کان و گرینگترین بایخه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا".

"ئایشە پۆلات" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه، دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ؛ به شانازییه‌وه ئه‌م خه‌ڵاته پڕبایخه‌ی خۆی پێشکه‌ش به دایکانی شه‌ممه کرد که منداڵان و بنه‌ماڵه‌کانیان له لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه ساڵانێکی دوور ر درێژه بێسه‌ر و شوێن کراون.

"مەمەد ئەکتاش" بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "خاڵا تارییا" لە وتارێکدا رایگه‌یاند: زۆر به‌خته‌وه‌رین که چالاکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ له لایه‌ن فیلمه‌که‌ی ئێمه‌وه گرینگی ئه‌وتۆی پێدرا.

"خاڵا تارییا" که له لایه‌ن کۆمپانیای "ئارت هوود ئینتەرتەیمنت" ArtHood Entertainment له ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "به‌رکه‌وتنه‌کان" Encounters لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بەرلین" Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا و کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئەم رووداوه‌ پڕبایخ و پله‌ یه‌که‌می سینەمای جیهان بوو.

فیلمی سینه‌مایی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لە بارەی ژیانی "ئەیووب ئازیز چاپکورت"، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.

چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئه‌سته‌نبووڵ" به نمایشی ٥٩ به‌رهه‌م له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی "کورته فیلم"، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی "به‌ڵگه‌فیلم" و چه‌ندین به‌شی دەرەوەی پێشبڕکێی له رۆژانی ٧ تا ١٨ی ئه‌پریلی ٢٠٢٣ لە شاری ئه‌سته‌نبووڵ لە وڵاتی تورکیا به‌ڕێوه‌چوو.

 

ئامادە کردنی هەواڵ: مەنسوور جیهانی

News Code 221293

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha