بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە زنجیرە تویتێکیدا باسی لە کۆتایی هێنان بە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە تورکیا کرد.
ناوبراو لە تویتێکدا دەڵێت: "با بەڵێنێک بە گەلەکەمان بدەین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە دوای رژێمی ئەردۆغان، کە پڕە لە ناکۆکی، پەکەکە لە تورکیا بە تەواوی چەک دانێن و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبین".
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش داوە، ئەوان کێشەکانیان بەپێی پێویست و لە چوارچێوەی یاسادا لە ئەنجومەنی نیشمانی تورکیا چارەسەر دەکەن و بە دڵنیاییەوە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی گەورە مسۆگەر دەکەن.
لەبەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەمیرتاش باسی لەوە کردووە: "باوەڕ مەکەن ساختەچییەکان، بتوانن ئارامی بهێننە ئاراوە. پەکەکە بڕیاری راگرتنی کارەکانی دا و دەرگای چارەسەری کردەوە، بەڵام ورووژاندن بەردەوام هەیە. خوا نەکا، رەنگە کەسێک هەوڵی رشتنی خوێن بدات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن هەبێت. هەموومان پێکەوە وریا دەبین، و نایەینە ناو ئەم یارییەوە".
ناوبراو دەشڵێت: "تکایە لەبیرتان بێت، ئێمە ئاشتی و دیموکراسیمان دەوێت. ئێمە دەمانەوێت بە یەکسانی و برایەتی پێکەوە بژین. پارتی چەپی سەوز زۆرترین کار بۆ ئەمە دەکات. بە دڵنیاییەوە پێکەوە سەردەکەوین".
Your Comment