بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەرێمی کوردستان دانەوەی قەرزەکانی بە کۆمپانیاکانی وزە راگیراوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان بڕی ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیای "ڤیتۆڵ"ی هۆڵەندی پێشوەختە وەرگرتووە. هاوکات، پێنج ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکەی لە چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی وەرگرتووە لەبەرامبەر رادەست کردنی نەوتی خاودا.
کۆمپانیای ڤیتۆل، کۆمپانیایەکی بواری وزەی هۆڵەندییە کە بنکەی سەرەکی لە جنێڤی پایتەختی سویسرایە کە داهاتی لەسەر ئاستی جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٥٠٥ ملیار دۆلار بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە، 25ى ئادار، بەبڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردە کردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیرا، کە ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو.
Your Comment