کوردپرێس:
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بڵاوی کردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 30ی ئایاری 2021پێشوازیی لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد و لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و ھاوپەیمانی کوردستان کرا و بەھێزترکردنی پێگەی کورد لە ناوەند تاوتوێکرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد، پەرۆشی و پشتگیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان دوپاتکردەوە بۆ سەرخستنی ھەر ھەوڵێک کە لایەنەکان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی کۆبکاتەوە و ناکۆکی و جیاوازییە سیاسییەکان بخاتە خزمەت بەرژەوەندی گشتی."
وتیشی،" بۆ ئەوەش رایگەیاند، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە و دەمانەوێت ئاڕاستە و بیرکردنەوەکانمان ھەرچەند لەیەکتر دوربن، بەڵام دواجار ھەموی بخەینە خزمەت کوردستان. چەندین ھەوڵی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی ئاشکراکرد و داوایکرد چیتر مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان چونکە بەرژەوەندی هەرێمەکەمان لەسەرو ھەمو ناکۆکییەکانەوەیە."
لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و ھاوپەیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ئەم ھەنگاوەی بەهەنگاوێکی ئەرێنی و نیشتمانی و بەسەرەتای یەکخستنەوەی ماڵی کورد وەسفکرد و جەختیکردەوە ئەم ھاوپەیمانییە رەھەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە و دژی ھیچ ھێز و لایەنێک نییە، بەڵکو دەمانەوێت لەو رێگایەوە پێگەی کورد لە بەغدا بەھێزبکەین و مافەکانمان بەدیبهێنین. خواستیشمانە ئەم بەرە نیشتمانییە فراوانتر بکەین.
ھەر لەدیدارەکەدا لەبارەی ئازادی نوسین و رادەڕبڕین و زیندانیکردنی گەنجەکانی بادینان ھاوسەرۆک رونیکردەوە، لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریین و نامانەوێت بەپاساوی سیاسی رێڕەوی بڕیارەکان و سەربەخۆیی دادگاکانمان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆئەوەش داوامان لە ناوەندە یاسایی و قەزاییەکان کردوە پێداچونەوە بەم بڕیارانە بکرێت بۆئەوەی نەبینە ھۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی ئەزمونی دیموکراتی لە ھەرێمەکەمان. وەک یەکێتیش بە هەمو شێوەیەک پشتیوانی قەڵەمە ئازاد و بوێرەکان دەکەین و رێگەنادەین بەهیچ شێوەیێک سنوورەکانی ئازادی لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک بکرێتەوە.
Your Comment