هاوسه‌رۆکانی یه‌کێتی: هه‌موو هه‌وڵێک بۆ پێکهێنانی هێزێکی یه‌کگرتووی نیشتمانی ده‌ده‌ین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسه‌رۆکانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان رایانگه‌یاند، یه‌کێتی ھه‌موو ھه‌وڵێک ده‌دات بۆ پێکھێنانی ھێزێکی یه‌کگرتووی مه‌شقپێکراوی نیشتمانی کوردستانی که‌ پارێزه‌ری خاک و گه‌که‌که‌مان بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی، بافڵ تاڵه‌بانی و لاهوور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکانی یه‌کێتی له‌ ده‌باشان پێشوازییان کرد له‌ جه‌نه‌راڵ ریچارد بێل، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا.

له‌دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییه‌ سیاسی، ئابووری و ئه‌منییه‌کان تاوتوێ کران و بیروبۆچوونیان له‌باره‌وه‌ ئاڵوگۆڕ کرا و گرنگیی پته‌و کردنی ھه‌ماھه‌نگیی سه‌ربازی و ئه‌منی نێوان ھه‌ردوولا دووپات کرایه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له ‌بواره‌کانی پڕچه‌ک کردن و راھێنان و په‌ره‌پێدانانی توانا سه‌ربازییه‌کان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پاشماوه‌کانی داعش و سه‌قامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی له‌ناوچه‌که‌.

ھاوسه‌رۆکان له‌باره‌ی جموجوڵ و مه‌ترسی داعش له‌ عێراق و سووریا و خۆڕێکخستنه‌وه‌یان ھۆشدارییان دا و ته‌ئکیدیان له‌ ستراتیژێکی نوێی سه‌ربازی کرده‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و رێگری کردن له ‌ھێنانه‌دی مه‌رامه‌کانیان، بۆئه‌وه‌ش به‌رده‌وامی ھه‌ماھه‌نگی ئه‌منی ھاوبه‌ش له‌نێوان ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و عێراق و ھاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی به‌گرنگ زانرا، پێکھێنان و چالاک کردنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان به‌ھه‌نگاوێکی گرنگ له‌قه‌ڵه‌م درا و داواشیان له ‌ھێزه‌کانی ھاوپه‌یمانان کرد رۆڵی زیاتر بگێڕن و به‌شدار بن له‌ژووره‌ ھاوبه‌شه‌ ئه‌منییه‌کاندا.

له‌باره‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ و یه‌کخستنه‌وه‌ی ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و یه‌که ‌سه‌ربازییه‌کان، ھاوسه‌رۆکانی یه‌کێتی جه‌ختیان له‌خستنه‌گه‌ڕی ھه‌وڵه‌کان کرده‌وه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ھاوسه‌نگی و شه‌راکه‌ت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئینتیمای نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و راشیانگه‌یاند، "یه‌کێتی ھه‌موو ھه‌وڵێک ده‌دات بۆ پێکھێنانی ھێزێکی یه‌کگرتووی مه‌شقپێکراوی نیشتمانی کوردستانی که‌ پارێزه‌ری خاک و گه‌که‌که‌مان بێت، پشتیوانی و ھاوکاری ھێزه‌کانی ھاوپه‌یمانانیشیان له‌و روه‌وه‌ به‌پێویست زانی".

له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و پێشھاته‌کانی ئه‌مدواییه‌ی به‌غدا، ھاوسه‌رۆکانی یه‌کێتی بۆچوونی یه‌کێتییان خسته‌ڕوو، ته‌ئکیدیان کرده‌وه‌ له‌چاره‌سه‌رکردنی سیاسیانه‌ی ته‌واوی کێشه‌کان و لابردنی به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م سه‌قامگیری سیاسی و ره‌وینه‌وه‌ی گرژییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌دا که‌ به‌ره‌و ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ھه‌نگاوده‌نێین و پێویسته‌ زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ ھه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد فه‌راھه‌م بکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2166

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha