هۆکاری لابردنی پاشگری ئیسلامی/هەڵویستی کۆمەڵ لەبارەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنى باڵای کۆمەڵی دادگەریى کوردستان رایدەگەیەنێت، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبەرژەوەندی پارتە بچووکەکان نیە بۆیە داوایان کردوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییان لەبەغدا بمێنێت بەیەکەوە لێکتێگەیشتن لە بازنەکانی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەندامى ئەنجومەنى باڵای کۆمەڵی دادگەرى کوردستان جەخت دەکاتەوە "هەڵوێستی حزبەکەی لەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەت ئەوەیە مامەڵە و کارکردنی کابینەکە بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی جێگەی رەزامەندی نیە".

لابردنی پاشگری ئیسلامی لەسەر نای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێشنیاری مامۆستا عەلی باپیر بوو

محەمەد حەکیم، ئەندامى ئەنجومەنى باڵای کۆمەڵی دادگەرى کوردستان لەبەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیێکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند: لەبارەی گۆڕینی ناوی کەسی یەکەم لەدواین کۆنگرەی حزبەکەیان لە ئەمیرەوە بۆ سەرۆک، هۆکارەکەی ئەوە بوە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کاتێک مۆڵەت دەدات بە حزبێکی سیاسی سەیری بەرنامەکەی دەکات و "ئێمەش چەند ساڵێک لەمەوبەر کە بەرنامەی خۆمان پێشکەشکرد ئەوان ئەو ناوەیان قبوڵ نەبو کەناونیشانی ئەمیر بێت، بۆیە خۆمان بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرە و ناچاربوین لەکۆمسیۆن ناوەکەمان کردبو بە سەرۆک، سەبارەت بە لابردنی پاشگری ئیسلامیش جەنابی مامۆستا عەلی باپیر چەند ساڵ لەمەوبەر پشتیوانی خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەربڕیبو، هۆکارەنیش لەکۆنگرە باس کران، لەئەنجامیشدا بەزۆرینەی دەنگ ناوی کۆمەڵی ئیسلامی کرا بە کۆمەڵی دادگەری".

هەندێک ناکۆکی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە حزبدا هەبوو و ڕێز لە دەنگە جیاوازەکان گیردرا

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لەکۆنفرانسی مەڵبەندەکان پرسی گۆڕانکارییەکانی دواین کۆنگرەی کۆمەڵ باسکرابون و لەوانەش گۆڕینی ناوی حزب رەتکرابوەوە، بەڵام "مامۆستا عەلی باپیر وەک ئەندامێک لە کۆنگرەدا رونکردنەوەیدا لەسەر پێشنیازەکەی خۆیی و ئەوەش شتێکی ئاسایی بو، چونکە مامۆستا عەلی باپیر لەسەرجەم کۆنفراسەکان بەشدار نەبوە، گۆڕانکارییەکانیش لەناوخۆی حزبدا جیاوازیان لەسەر بوە و رێزی جیاوازەکانیش گیراوە، بەڵام لەئێستادا ئەو پرسە یەکلاییکراوەتەوە و ئەندامانی کۆمەڵیش پابەندی بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەبون".

کۆمەڵی دادگەری لەکۆی 12ی بازنەی هەڵبژاردنی کوردستان لە 5 بازنە کاندیدی دیاری کردوە

پەیوەست بە کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییانەش کەکۆمەڵ ئەنجامیداون لەهەڵبژاردنەکاندا محەمەد حەکیم وتی، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەجۆرێکە بەدیاریکراوی ناتوانی ئەنجامەکانی بکەیتە پێوەر بۆ ئەوەی بزانین کەدەنگمان کەمیکرد هەڵەی ناو گۆڕینەکەیە یان نا، چونکە کۆمەڵی دادگەری لەکۆی 12ی بازنەی هەڵبژاردنی کوردستان لە 5 بازنە کاندیدی دیاریکردوە و 7 بازنەی جێهێشتوە.

کۆمەڵ رایگەیاندووە ئامادەی هەمو جۆرە هاوکاری و لێکتێگەیشتنێکە لەگەڵ لایەنەکان

ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان تا رۆژی هەڵبژاردن دەرفەت لەبەردەم حزب و لایەنەکاندا هەیە بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن لەناوخۆیاندا بکەن بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکانیان لەبازنەکانی هەڵبژاردن، کۆمەڵیش رایگەیاندوە ئامادەی هەمو جۆرە هاوکاری و لێکتێگەیشتنێکە لەگەڵ لایەنەکان.

جیاوازییەکانی ڕای کۆمەڵ لەبارەی ئۆپۆزیسیۆن بوون لەگەڵ دیکەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن

لەبارەی نەبونی هەماهەنگیش لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ ئاشکرایکرد، لەخولەکانی پێشو پەرلەماندا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن حسابی ژمارەی کورسییان لەگەڵ یەکتردا نەدەکرد و "وەک شاهێدیش دەڵێم گۆڕانی ئەو کات مەبەستم گۆڕانی سەردەمی کاک نەوشیروانە بێ تۆ هەنگاوی نەدەنا و لەگەڵ یەکگرتو وەک هەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانمان کرد و پڕۆژەی چاکسازیمان بە هاوبەشی پێشکەشکرد، ئێستاش ئەگەر لەفراکسیۆنەکانمان بپرسی ئۆپۆزسیۆن جۆرێک لەهەماهەنگمان هەیە، بەڵام ئەگەر بڵێین جیاوازیمان هەیە هۆکارەکەی ئەوەیە دیدی ئێمە بۆ ئۆپۆزسیۆنبون جیاوازە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن".

شێوازی کارکردنی کابینەکەی مەسروور بارزانی بەگشتی جێگەی رەزامەندی نیە

باسی لەوەشکرد، هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەت بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەوەیە "شێوازی کارکردنی کابینەکە و مامەڵەکردنی بەگشتی جێگەی رەزامەندی نیە".

هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام نادرێت و دەخرێتە مانگی 4ی ساڵی 2022

پەیوەست بەبوونی هەماهەنگیش لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەکیم وتی، "کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەهیچ شوێنی رێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕاندا نیە" کەئەوان لەنێوان خۆیاندا رێککەوتون و هاوپەیمانی و سەرۆکی هاوپەیمانی نێوانیان دیاریکردوە، هەروەها "جەخت دەکەینەوە کۆمەڵ هیچ رێککەوتنێکی نیە بۆ هەڵبژاردنەکان و ئەوانە کۆمەڵێک دەنگۆن کە بەداخەوە بەشێک لەلایەنەکان بۆ کۆمەڵی دروستدەکەن"، ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی هەندێک زانیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لەوادەی خۆیدا ئەنجامنادرێت و دەخرێتە مانگی 4ی ساڵی 2022.

بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتدایە بەڵام بێ دەسەڵاتە

لەبارەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵ و گۆڕانیش ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان خراپ نیە سەرەڕای ئەوەی ئەوان لە حکوومەتن و کۆمەڵیش ئۆپۆزسیۆنە، باشی پەیوەندییەکانیش بەهۆی کاریگەری باشی بەیەکەوەکردنی ماوەی رابردویان لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەردان و هەماهەنگییەی جارانی نێوان هەردولا نەماوە "گۆڕانیش لەحکومدا نیە لەحکومەتدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەحکومی پەیوەندییە مێژوییەکانمان حەز دەکەین گۆڕان بەهێز بێت و خەڵکەکەی لێی رازی بێت".

رای گشتی لەسەر گیراوی ئیسلامی بێ هەڵوێستە

ئەندامەکەی ئەنجومەنى باڵای کۆمەڵ پەیوەست بە دۆسیەی دەستگیرکراوەکانی حزبەکەشیان باسی لەوەکرد، هەرچەندە وردەکاری ئەو پرسە لای مەکتەبی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانە، بەڵام سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لەدواین کۆبونەوەی لایەنەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو لیستەی داوە بە سەرۆکی هەرێم و داوای دیاری کردنی چارەنووسیانی، دەستگیرکراوەکانیش کە خەڵكی تێدایە کۆمەڵیش نیە و 5 تا 18 ساڵە لە زیندانن و دادگایان نەبینیوە، خەڵکیش هەیە ماوەی سزاکەی تەواوبوە و ئازادی ناکەن، "ئێمە بۆچونمان وایە رای گشتی لەسەر گیراوی ئیسلامی بێ هەڵوێستە، بۆ نمونە ئەو بەدەنگەوەهاتنەی بۆ گیراوەکانی بادینان هەیە کەشتێکی حەقە و راستە و ئێمەش پشتیوانیان دەکەین، هەمان بەدەنگەوەهاتن بۆ گیراوەکانی ئێمە نیە".

دەبێت لە هەوڵەکانیان بۆ نووسینەوەی دەستوور جدی بن

لەسەر پرسی دەستووریش وتی، هەروەک پێشوتریش نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق هۆشداریداوە لەوەی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، باوەڕیان وایە وەک لایەنەکانی کورد دەبێت لە هەوڵەکانیان بۆ نووسینەوەی دەستوور "جدی" بن، ئامانجیش ئەوە نەبێت کەبە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێن ئەوە کوردستانیش دەستووری هەیە، بەڵکوو پێویستە ئامانج لە نووسینەوەی دەستوور ئەوەبێت ببێتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ یاساکان و ڕەوینەوەی بەشێک لەو مەترسیانەی ئاماژەیان بۆ کراوە.

ستەمێک کە لە مەلا کرێکار دەکرێت

لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکردنی مەلا کرێکار و هەڵوێستی کۆمەڵیش لەبارەی دۆسیەکەی محەمەد حەکیم ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە زانانیاریان لەسەر دۆسیەکەی مامۆستا کرێکار لەبەردەست نیە، بەڵام "مامۆستا کرێکاریش بەجۆرێک لە جۆرەکان زوڵمی لێدەکرێت و ئەو دەستگیردنەی زوڵمە باجی ئیسلامیەتی بوونی خۆی دەدات، ئێمە ئیدانەی سزاکەی دەکەین و لەگەڵیدا نین، سەبارەت بە هەوڵی لایەنەکانیش بۆ گەڕاندنەوەی بۆ کوردستان لەڕاستیدا لەلایەن ئێمە و لایەنەکانی دیکەشەوە هیچ هەوڵێکی وا لەئارادا نیە، بەڵام من چەندینجار داوام لەسەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێم و حکوومەتی هەرێم کردووە و وەک خۆی داوای کردوە لەلایەن چەند داوەرێکەوە دادگایی بکرێت و ئەویش بێتەوە لەناو میلـلەتەکەی خۆیدا بژی".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2163

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha