نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت هەرێمی کوردستان و عێراق ببنە پەناگه‌ بۆ ئەوەی کێشه‌ بۆ دراوسێکانمان دروست ببێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هێرشانە کراوەتە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە وڵاتانی دراوسێ مافی خۆیانە داوا لە عێراق بکەن و بە شێوەیەکی گشتی داوا لە هه‌ریمیش بکه‌ن کە نابێ و مەعقوول نییە خاکی عێراق بەکار بێت بۆ ئەوەی کێشه‌ بۆ دراوسێکان دروست ببێت.

کوردپرێس:

له‌ گفتوگۆيێکى ته‌له‌‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى که‌ناڵى ئه‌لشه‌رقييه‌ نيووز پێشکه‌ش کرا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، باسى له‌ دۆخى عێراق به‌گشتى کرد و ڕوانگه‌ى خۆى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى عێراق و داهاتووى وڵات خسته‌ ڕوو.

دیمانەکە لە شەش بەشدا لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و لێرەدا بەشی شەشەمی ئەو دیمانەیە دەگوازینەوە:

به‌شى شه‌شه‌م و کۆتايى..

الشرقیه نیوز: بینه‌رانمان هه‌موویان هیوا ده‌خوازن ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی لێره‌ باس کران جێبه‌جێ بکرێن، به‌ڵام کاتێک باسی هه‌ڕه‌شه و ته‌حه‌ددییه‌ گه‌وره‌کان ده‌که‌ین ته‌نیا کاتیۆشا نییه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مڕۆ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراق بێت وه‌ک بۆردومانی دووباره‌ی ئێران و تورکیا که‌ ئه‌مه‌ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عێراقه‌ و به‌زاندنی مافی هاووڵاتیانی گونده‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌. بۆچی تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێک نییه‌، مێزی دانوستان بۆچی هه‌موو لایه‌نه‌کانی کۆ نه‌کردۆته‌وه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ گونده‌کان؟

نێچيرڤان بارزانى: بێگومان ئه‌مه‌ شتیکە هەیە، به‌ڵام پێش ئەوەی باسی ئەم بابه‌ته‌ بکەین، هۆکاره‌کان چییە؟ وڵاتانی دراوسێ مافی خۆیانە داوا لە عێراق بکەن و بە شێوەیەکی گشتی داوا لە هه‌ریمیش بکه‌ن کە نابێ و مەعقوول نییە خاکی عێراق بەکار بێت بۆ ئەوەی کێشه‌ بۆ دراوسێکان دروست ببێت بەتایبەتی لەڕووی ئەمنییەوە. ئێران و تورکیا وەک دراوسێی ئێمه‌ مافی خۆیانە ئەم داوایە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بکەن بە شێوەیەکی گشتی. بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە، هەرێمی کوردستان وەک پەناگه‌یێکی ئارام دەبینن لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، بۆ ئەوەی کێشه‌ بۆ دراوسێکانی ئێمە دروست ببێت چ ئێران چ تورکیا، ئەم پره‌سيپه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئەمەیه‌ دەبێتە هۆکاری ئەوەی بۆردومان دەکرێت، ده‌ستێوه‌ردان دەکرێت، کەواتە یەکەم شت دەبێ ئەو کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ببێت، ناکرێت هەرێمی کوردستان و عێراق ببنە پەناگه‌ یان شوێنێک وەک ناوچه‌یێکی ئارام سەیر بکرێت بۆ ئەوەی کێشه‌ بۆ دراوسێکانمان دروست ببێت.

الشرقیه نیوز: له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دیدی پارتی ديموکراتى کوردستان بێت که‌ سنوورێک بۆ نموونه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دابنرێت، به‌ڵام ئایا دیدی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وه‌ک دیدی ئێوه‌یه‌ له‌باره‌ی بوونی په‌که‌که‌ لەسه‌ر خاکی عێراق؟

نێچيرڤان بارزانى: ئەم بابه‌ته‌ پەیوەندی بە پارتی و یەکێتییه‌وه‌ نییە، به‌ڵکوو پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، بەغداش بەشێکە لەو بابه‌ته‌، ئه‌م بابه‌ته‌ بەبێ بەغدا چارەسەر ناکرێت، ئەوەی گرنگه‌ لێرەدا بۆچوونی بەغدایە، پێویسته‌ بەغدا و هەرێمێ کوردستان دیدێکی هاوبه‌شیان لەسەر پرسی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هه‌بێت، ئەمانە دەبێ ڕێز له‌ خاکی کوردستانی عێراق و عێراق بگرن و ناکرێ عیراق و هەرێمی کوردستان ببنە پەناگایێک بۆ کێشه‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تا ئێستا ئەو بۆچوون و سیاسەتە لە بەغدا نابینین.

الشرقیه نیوز: با باسی دۆسیه‌ی ئابووريی ناوه‌ند و هه‌رێمی کوردستان بکه‌م، مه‌رجتان داناوه‌ که‌ نابێت نه‌وت ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت به‌بێ بوونی نوێنه‌رێکی کورد به‌پێی ده‌ستوور؟

نێچيرڤان بارزانى: ئێمە ئەوه‌مان وه‌ک مه‌رج دانه‌ناوه‌، به‌ڵام سۆمۆ دامه‌زراوه‌يێکى عێراقییە، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بڵێت دەمەوێ نوێنه‌رێکم هەبێت لەو لیژنه‌يەی سۆمۆدا بۆ مەسەلەی فرۆشنی نەوت، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی بە ڕاستی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستوورییدا ئه‌نجامی داوه‌، شتێک لە ده‌ره‌وه‌ی دەستوور نەبووە، هەرچی لە هەریمی کوردستان کردوومانه‌ بەپێی دەستوور ئه‌نجاممان داوه‌ و پرۆسەکەش پرۆسەیێکی زۆر زۆر شەفافە، دەمانەوێ ئێمەش بەشدار بین، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق مافی خۆیەتی بەشدار بێت و نوێنەری له‌ سۆمۆ هەبێت.

پرسیار: سه‌باره‌ت به‌ کارمه‌ندانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئایا چاره‌سه‌رێکتان بۆ مووچه‌کانی کارمه‌ندان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا کارمه‌ندان داوای مووچه‌ی چه‌ند مانگ ده‌که‌ن؟

نێچيرڤان بارزانى: زۆر بەداخەوە بابەتی مووچه‌ی کارمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستان زۆر بە سیاسی کرا کە نەدەبوو به‌ هيچ شێوه‌يه‌ک ئەم بابه‌ته‌ ببێتە بابه‌تێکی سیاسی. کارمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستوور بەشێکن لە کارمه‌ندانی هه‌موو عێراق، بەپێی یاسا بەغدا و حکوومەتی فيدراڵ ئەو ئەرکەی لەسەر شانە کە مووچه‌ی کارمه‌ندانی بدات، ئەم بابه‌ته‌ زۆر بوو بە بابه‌تێکی سیاسی. ئه‌و مشتومڕەی کە لەسەر بودجه‌ لەناو پەرلەماندا کرا، تا ئێستا هیچ شتێکیان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووه‌، نە مانگی یەک، نە مانگی دوو، نە مانگی سێ و نە مانگی چواریش ئەوا ئێمە تێیداین هیچ مووچه‌یه‌ک لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نه‌هاتووه‌. ئەو مووچه‌ی که‌ دراوه‌ بەپێی ئەو ئیمکانیاتە بووە کە لەناو هەرێمی کوردستاندا هەبووە.

پرسیار: ده‌رباره‌ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، پێش ماوه‌يه‌ک ڕێککه‌وتنێک له‌سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال کرا، ئایا هاریکاریی ئێوه‌ و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌رده‌وامه‌ ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان؟

نێچيرڤان بارزانى: ڕێککەوتنی شه‌نگال که‌ له‌نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدادا کرا، ڕێککەوتنێکی زۆر باش بوو، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقع ئێمە نابینین ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت، هیچ جێبەجێ کردنی ئەم ڕێککەوتنە نییە. هیوامان ده‌خواست‌ جێبه‌جێ کردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال ببێتە سەرەتایەک بۆ چاره‌سه‌رکردنی هەموو کێشه‌کانی دیکه‌، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنەی کە کراویشە، لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ نەکراوە.

الشرقیه نیوز: کێ ڕێگری له‌ جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتنی شه‌نگال ده‌کات؟

نێچيرڤان بارزانى: من پێم باشە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پرسیار لە بەغدا بکرێت، چونکە به‌ ڕاستى ئێمە وەک خۆمان، وەک هەرێمی کوردستان ئەو پابه‌ندييه‌ى لەسەرمانه‌، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جێبەجێمان کردووە، بەڵام ئه‌مه‌ زیاتر بۆ بەغدا دەگەرێتەوە، پێم وایە لە به‌ڕێز سەرۆک وەزیران بپرسن، لە بەڕێز وەزیری ناوخۆ، لە بەڕێز قاسم ئە‌لئه‌عرەجی بپرسن لەوانەیە ئه‌وان زیاتر زانیارییان هەبێت.

الشرقیه نیوز: جه‌نابى سه‌رۆک له‌ ڕێگه‌ی زانیارییه‌کانی ئێوه‌وه‌، ئێوه‌ هه‌موو زانیارییه‌کتان هه‌یه‌؟

نێچيرڤان بارزانى: ئەو زانیارییه‌ی کە من هەمە، تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.

الشرقیه نیوز: به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌ستمان پێکرد، با به‌ به‌ڕێز ئیدریس بارزانی کۆتایی پێ بهێنین که‌ به‌ ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایيی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان ده‌ناسرا. ئایا به‌ڕێز نێچیرڤان له‌سه‌ر ڕێچکه‌ی باوکی ده‌ڕوات و به‌ ئاراسته‌ی ئاشته‌وایى‌ کار ده‌کات له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌وره‌وه‌؟

نێچيرڤان بارزانى: لەو پێگەیه‌ی هەمە پەیڕەوی سیاسەتێک دەکەم یەکەم شت سیاسەتی حزبه‌که‌مه‌ وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەیەوێ په‌یوه‌ندیی خۆی لەگەڵ هەموو حیزبه‌کان باش بێت. وەک سه‌رۆکی هه‌رێم و ئەو پێگەیه‌ی هەمە، بێگومان ئه‌رکمه‌، منیش کارمه‌ندی ئەو حکوومەتەم لەوە زیاتر نییە. دەمەوێ سەرۆکایەتیی هەرێم چەترێک بێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو حزبانە، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئێمە لەوەدا سەرکەوتووین، به‌ڵام بە گشتی بابه‌ته‌که‌ که‌سى من نییە، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەمانەوێت فاکتەرێک بین بۆ سەقامگیری لە ناوچه‌که‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ حزبه‌ کوردییه‌کان و لەگەڵ حزبه‌ عێراقییه‌کانیش، ئەمە سیاسەتێکە په‌يڕه‌وى دەکەین نەک وەک که‌س، به‌ڵکوو وەک دامه‌زراوه‌.

الشرقیه نیوز: جه‌نابى سه‌رۆک پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م زنجیره‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابتان کۆتایی پێ بهێنین، هیوادارین په‌يامێک بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌کی عێراق پێشکه‌ش بکه‌ی هه‌ر له‌ به‌سراوه‌ تا به‌غدای پایته‌خت و هه‌رێمی کوردستان؟

نێچيرڤان بارزانى: پەیامی من بۆ هەموو گەلی عێراق ئەوەیە، هەروەک پێشتر گوتم، پەیامی من پەیامی برایەتییە، پەیامی پێکەوەژیانە، پەیامی یەکترقبووڵ کردنە، پەیامی ئەوەیە کە هەموومان پێکه‌وه‌ هەوڵ بدەین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئەم وڵاتە پێکه‌وه‌ کار بکەین، چوونکە بە دڵنیاییيەوە دەمەوێ بە هەموو گەلێ عێراق بڵێم، هەر پیشکەوتنێک، هەر خۆشگوزەرانییێک بۆ هەر عێراقییێک لە هەر شوێنێکی ئەم وڵاتە بێت، ئێمە بە پیشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستانی دەزانین. ئەوەی بۆ بەسرەمان دەوێ، ئەوەی بۆ سلێمانی و زاخۆ و هەولێرمان دەوێ، هه‌مان شتمان بۆ ڕه‌مادی و مووسڵ و بەسرە و نەجەف و کەربەلامان دەوێ. ئەمە شتێکە حەز دەکەین هەموو خەڵکی عێراق باوەڕ بەوە بکات، هه‌روه‌ها باوه‌ڕ به‌وه‌ بکات کە پەیامی کوردستان بۆ ئەوان پەیامی برایەتی و پێکەوەبوون و یەکترقبووڵ کردنەوە.

الشرقیه نیوز: ئه‌م دیداره‌ ده‌رفه‌تێکی مێژوویيی گرنگه‌ جه‌نابى سه‌رۆک، سوپاستان ده‌که‌م، زۆر سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و شیرۆڤانه‌ى بۆ ئێمه‌ کردت، هه‌روه‌ها زۆر سوپاس بۆ قبووڵ کردنی ئه‌م داوه‌ته‌ و ئه‌م دیداره‌. جارێکی دیکه‌ زۆر سوپاست ده‌که‌م.

نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس. منیش زۆر سوپاستان دەکەم کە ئەو ده‌رفه‌ته‌تان بەمن دا لە چوارچێوەی شاشەی ئەلشەرقییە بتوانم پەیامی خۆم بگەیه‌نم بە هەموو گەلی عێراق و زۆر سپاس بۆ هاتنتان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2160

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha