کوردپرێس:
زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەو ڕەخنانەی دەکرێنە سەر پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی دەگوترێت ئەگەر بۆچوونی لایەنێکی فەرمی بێت، ئەوە ئێمە قسەی خۆمان دەبێت، بەڵام ئەگەر خەڵکەک لە خۆیەوە قسە لەسەر دەستوور بکات، ئەوە پێم وایە دەستوور لە لایەنێکی سیاسی گەورەترە، ئێمە کە زۆرینەی پەرلەمانیشمان ھەیە، بەڵام ئەو زۆینەیەی خۆمان ئیستیغلال ناکەین بۆ نووسینەوەی دەستوور بە شێوەیێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەبێت، بەپێچەوانەوە، ئەو دەستوورەی دەنووسرێتەوە شانازییە ئەگەر بڵێین دەستوورێکی پارتییانە بێت، چونکە دەستووری پارتییانە دەستووری کوردانە دەبێت و ئێمە خۆمان بە خاوەنی قەزیەکە دەزانین، ئەوەی دەینووسینەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبێت."
"بۆچوونی فراکسیۆنی پارتی ڕای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت کە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین، لەم حەفتەیەدا بۆچوونی فەرمیی پارتی لەبارەی پڕۆژەی دەستووری ھەرێم پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە بە شێوەیێکی گشتی لەسەر شێوازی نووسینەوەی دەستوور دەبێت. بۆ نموونە ئەو لیژنەیەی پێشتر ھەبووە بەردەوام دەبێت، یان لیژنەیەکی دیکە پێک دێت. دەمانەوێ بزانین کامانەن ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "ئێمە پێمان وایە دەستوور بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە و تەنھا بۆ یەک خولی پەرلەمانی نییە، چونکە لە کۆتاییدا گەل دەنگی پێ دەدات، نەک تەنیا پەرلەمانتاران، لەبەر ئەوەش، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشدار بن لە نووسینەوەی دەستوور. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان بەشدار بن، دامەزراوەکانی دیکەی وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەرییش لە نووسینەوەی دەستووردا بەشدار بن."
Your Comment