هاوسەرۆکی یەکێتی: دەبێت حکوومەتی هەرێم پەلە بکات لە ڕەوانەکردنی تیمێکی خاوەن بڕیار بۆ به‌غدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهوور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند، دەبێت حکوومەتی هەرێم پەلە بکات لە ڕەوانەکردنی تیمێکی خاوەن بڕیار و یەکلاکەرەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، "چونکە تاکە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانمان بەغدایە".

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 8ی کانوونی یەکەمی 2020 پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لاهور شێخ جه‌نگی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه‌، "لە شاری بەغدا خۆشحاڵ بووین بە دیداری دەیڤد شینکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژ‌هەڵاتی نزیک و دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، پێکەوە گفتوگۆمان کرد لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، بە تایبەت پرسی پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2021".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "ڕونمان کردەوە کە لەم سەردانەماندا بۆ بەغدا دەمانەوێت خاڵی کۆکەرەوە بین لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئاماژەمان بە خراپی دۆخەکە و لێکەوتەکانی کێشەی نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کرد لەسەر گوزەران و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان".

لاهور شێخ جه‌نگی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "جەختمان کردەوە کە بەڵێنمان بە میللەتەکەمان داوە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و ڕاستگۆش دەبین لەگەڵ میللەتەکەی خۆمان و بە ڕون و ڕاشکاوی لە ئەنجامی هەوڵەکانمان ئاگاداریان دەکەینەوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "دەبێت حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە رەوانەکردنی تیمێکی خاوەن بڕیار و یەکلاکەرەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، چونکە تاکە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانمان بەغدایە و دەبێت هەموان ئەو ڕاستییە بزانن کە هیچ ڕێگەچارەیەکی تر لەبەردەم حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا نییە جگە لە ڕێککەوتن لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و کۆتاییهێنان بەو کێشە و گرفتانەی کە لە نێوانیاندا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە".

News Code 210933

Your Comment

You are replying to: .
captcha