بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەی مەلا بەختیاردا هاتووە: نەبوونی مووچە، تەنگی بە گەلەکەمان هەڵچنیوە و برسێتی خەڵکی راپەڕاندووە. ئەمەش چاوەڕوانکراو بوو!
دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار:
حکوومەتی کوردستان کە لە هەرسێ حیزبە سەرەکیەکەی کوردستان یەکێتی-پارتی-گۆڕان پێکهاتووە، تا ئێستا لە کوردستاندا چارەسەری دارایی پێ نییە و عێراقیش چەشنی کوردستان، نوقمی قەیرانە.
عێراق 160 ملیار دۆلار قەرزارە و 285 ملیار دۆلاریشی بە گەندەڵی لەدوای رووخانی سەدامەوە خوراوە. کوردستانیش 28 ملیار دۆلار قەرزارە؛ بەڵام گەندەڵیەکەی کوردستان وا زیرەکانە دەکرێ، تائێستا پارە دزراوەکە نەخەمڵێنراوە! بەڵام لە ویژدانی رای گشتیدا گومان نەماوە کە گەندەڵی کوردستانی داڕووخاندوە، کەچی بە داخەوە هەتا ئێستاش تاقە گەندەڵکارێکی کەتە نەگیراوە.
چەند رۆژێکە ناخی پڕ لە داخی خەڵک، خرۆشاوە. خۆپیشاندان دەستیپێکردووە. حکوومەت دەیەوێت هەر وەکوو دۆخی 17/ی شوبات و رووداوەکانی دوایی، بە زەبری هێز و داخستنی راگەیاندنی بەرهەڵستکار، چارەسەری بکات. بێگومان ئەگەر لە رابردوودا، ئەم سیاسەتە سەریگرتبێ و قوربانیەکانیشی کەم نەبوون. چ قوربانی لاوان چ نووسەران.. بەڵام ئەمجارە هەقوایە، رێگای چارەسەری گونجاو بگیرێتەبەر. کە پێمان وایە لانی کەم حکوومەت پێویستە:
یەکەم: تەعدیلی وەزارەت بکات و خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادە بکات.
دوەم: لەگەڵ بەغداد بێ دودڵی لەسەر بوودجە و مووچە رێکبکەوێ و نەوت رادەست بکات.
سێهەم: هێزی تایبەت کۆنتڕۆڵی دەروازە رەسمی و ناڕەسمیەکانی گومرگ بکات. بە چاودێری هاوبەشی حکوومەتی عێراق-هەرێم- هێزەکانی بەرهەڵستی کوردستان.
چوارەم: لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ سزادانی تەواوی ئەو جەردەییە دابنرێ.. کە ماوەیەکە بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێ.. لەسەرانسەری دەروازە سنووریەکان!
پێنجەم: کۆنگرەیێکی کوردستانی ببەسترێ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەسەر.. بە مەرجێ، زۆرترین بەشدارانی کۆنگرە، شارەزاکانی لایەنە بەرهەڵستکارەکان بێ..
بۆ ئەوەی خەڵکیش متمانەی هەبێ.. بە زوترین کات، کەناڵی ئین ئاڕ تی ئازاد بکرێتەوە. زیندانی سیاسی کۆتایی بێ. هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس تەنها ئەرکیان پاراستنی داوودەزگا حکوومیەکان بێ و بەس. پێویستیشە خۆپیشاندەران، ماوەی مانگێک مۆڵەت بدەن بە حکوومەت و لایەنەکان هەتا ئەو بڕیارانە و بڕیاری پێویستی تر بدەن. لەم مانگەشدا حکوومەت مووچەی خەڵک بە قەرزی زیاتریش بێ، دابین بکات.
لەکۆتایشدا دەڵێم:
لە 15 ساڵی رابردوودا دەیان جار وتارم نووسیوە و کۆڕم بەستووە. لە زۆربەشیاندا پێشبینی داڕمانی ئابووری کوردستان و تێکچوونی دۆخی سیاسیم کردووە.
هەروەها پێویستیشە هەموو خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان بە هی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی و ئەوانەی ئێستاشەوە بە شەهید لەقەڵەم بدرێن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment