کوردپرێس:
حەسەن شێخۆ سیاسەتوانی کۆنەکار و ڕەخنەگری کوردستانی سووریا کە سەرۆکایەتی جووڵانەوەی کوردایەتیی سووریا (T.K.S) دەکات لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ناڕوونیی ئایندەی دانووستانی نێوان ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا کرد و گوتیشی: پێشتریش ڕامگەیاندووە کە هیچ هیوایێکم بە دانوستان و لێکگەشتنی نێوان دوو لایەنەکە نیە چوونکە سەرکردەکانی هیچ لەو دوو لایەنە خاوەنی کەسایەتیی سەربەخۆ نین بۆ ئەوەی بتوانن کارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکەکەی خۆیان ڕاپەڕێنن.
سەرۆکی جووڵانەوەی کوردایەتی گوتیشی: هەر دوو لا وەک یەکن و ناوێرن بە هاووڵاتییان بڵێن کە دانوستانەکان شکستیان هێناوە و ناشتوان بگەنە ڕێککەوتن بۆیە هاووڵاتییانیان بێهیوا کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمانە ڕۆحی نیشتمانییان تێدا نیە و هیچ نیشانەیێکی قارەمانێتی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانیان تێدا نابینرێت ناتوانن ببن بە مژدەبەخشی یەکێتی.
حەسەن شێخۆ ئاشکراشی کرد: بڕیاری سیاسی بە دەست ئەم کەسانەوە نیە و فەرمانەکان لە ئەنقەرە و شوێنەکانی دیکەوە دەردەکرێن و هەرگیز گوێڕایەڵی دەنگی هاووڵاتییانیان نەبوون.
ناوبراو بیریشی هێنایەوە: هەموو فەرمانەکان پێشوەختە لە قەندیل و هەولێرەوە دەردەکرێن و کوردەکانی سووریا ناتوانن سیاسەتێکی سەربەخۆ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە سووریا بگرنە بەر.
حەسەن شێخۆ لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد: دانوستانەکان هەڵپەسێردراون و بڕوا ناکەم بەردەوام بێت کێشەکەش هەبوونی ئەمریکا نیە بەڵکوو کوردەکان خۆیان توانای ڕێککەوتنیان نیە. ساڵی 1998 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانیی بردە واشەنتن و ڕێککەوتنێکی لە نێوانیان ئیمزا کرد بەڵام تا ئەمڕۆکەش دەبینین کە دوو حکوومەت لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات دەگێڕن. کێشەکە لە خودی کوردەکاندایە کە ناتوانن لە سەر بەرژەوەندییەکانیان بگەنە ڕێککەوتن.
Your Comment