PYD و PYNK ناوێرن دان بەوەدا بنێن کە لە دانوستانەکاندا شکستیان هێناوە/ ئەربیل و قەندیلن کە سیاسەت بۆ کوردەکانی سووریا دادەڕێژن

بەشی سووریا- سەرۆکی جووڵانەوەی کوردایەتی لە کوردستانی سووریا بە کوردپرێسی وت: دانوستانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (PYNK) هەڵپەسێردراوە و بڕوا ناکەم درێژەی پێبدرێت. مەسەلەکەش هەبوونی ئەمریکا نیە بەڵکوو خودی کوردەکان ناتوانن بگەنە ڕێککەوتن.

کوردپرێس:

حەسەن شێخۆ سیاسەتوانی کۆنەکار و ڕەخنەگری کوردستانی سووریا کە سەرۆکایەتی جووڵانەوەی کوردایەتیی سووریا (T.K.S) دەکات لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ناڕوونیی ئایندەی دانووستانی نێوان ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا کرد و گوتیشی: پێشتریش ڕامگەیاندووە کە هیچ هیوایێکم بە دانوستان و لێکگەشتنی نێوان دوو لایەنەکە نیە چوونکە سەرکردەکانی هیچ لەو دوو لایەنە خاوەنی کەسایەتیی سەربەخۆ نین بۆ ئەوەی بتوانن کارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکەکەی خۆیان ڕاپەڕێنن.

سەرۆکی جووڵانەوەی کوردایەتی گوتیشی: هەر دوو لا وەک یەکن و ناوێرن بە هاووڵاتییان بڵێن کە دانوستانەکان شکستیان هێناوە و ناشتوان بگەنە ڕێککەوتن بۆیە هاووڵاتییانیان بێهیوا کردووە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمانە ڕۆحی نیشتمانییان تێدا نیە و هیچ نیشانەیێکی قارەمانێتی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانیان تێدا نابینرێت ناتوانن ببن بە مژدەبەخشی یەکێتی.

حەسەن شێخۆ ئاشکراشی کرد: بڕیاری سیاسی بە دەست ئەم کەسانەوە نیە و فەرمانەکان لە ئەنقەرە و شوێنەکانی دیکەوە دەردەکرێن و هەرگیز گوێڕایەڵی دەنگی هاووڵاتییانیان نەبوون.

ناوبراو بیریشی هێنایەوە: هەموو فەرمانەکان پێشوەختە لە قەندیل و هەولێرەوە دەردەکرێن و کوردەکانی سووریا ناتوانن سیاسەتێکی سەربەخۆ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە سووریا بگرنە بەر.

حەسەن شێخۆ لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد: دانوستانەکان هەڵپەسێردراون و بڕوا ناکەم بەردەوام بێت کێشەکەش هەبوونی ئەمریکا نیە بەڵکوو کوردەکان خۆیان توانای ڕێککەوتنیان نیە. ساڵی 1998 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانیی بردە واشەنتن و ڕێککەوتنێکی لە نێوانیان ئیمزا کرد بەڵام تا ئەمڕۆکەش دەبینین کە دوو حکوومەت لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات دەگێڕن. کێشەکە لە خودی کوردەکاندایە کە ناتوانن لە سەر بەرژەوەندییەکانیان بگەنە ڕێککەوتن.

News Code 210916

Your Comment

You are replying to: .
captcha