بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراق رایگەیاندووە: ئێران بەردەوام پاڵپشتی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە بووە و هەرجۆرە پێشێلکارییێکی سەروەریی عێراق و دەستدرێژی بۆ سەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن هەر کەسێکەوە، ئیدانە دەکات.
ناوبراو وتیشی،" ئێمە پێمانوایە کە دەبێت باڵیۆز و نوێنەرایەتی وڵاتان پارێزراوبن و ئەوە یاسایێکی نێودەوڵەتییە".
باڵوێزی ئێران لە بەغداد ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە شارەکانی بەسرە، نەجەف و کەربەلا هیچ لایەنێک هیچ کاردانەوەیێکی نیشان نەدا، وەک بڵێی کە ئەوانە شوێنگەلێکی دیپلۆماتیک نەبوون و ئەوە جێی داخە.
ئیرەج مەسجدی ڕاشیگەیاند: ئێران ئامادەیی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا و زانستی نەتەوەیی بۆ هەموو وڵاتانی موسڵمانی هەیە و بە بۆنەی هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق، ئەو وڵاتە هەر کات داوای یارمەتی بکات ئێمە پاڵپشتی تەواوی لێ دەکەین.
مەسجدی سەبارەت بە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق وتی، هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن چوونکە توانای سەربازی و سەرچاوەی پێویست بۆ ئەو کارە هەیە.
باڵوێزی ئێران لە بەغدا ڕاشیگەیاند، ئێران پێوەندیێکی فەرمیی لەگەڵ عێراق هەیە و هیچ پێوەندییێکی نهێنیی لەگەڵ هیچ گرووپێکی چەکدار کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بێت، نییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment