کوردپرێس:
رێکخراوی ھایما، بۆ ھۆشیاری کۆمەڵگە، ئێوارەی رۆژی 2/12/2020 و بەمەبەستی گفتوگۆیێکی کراوە، سەردانی مەلا بەختیار،سیاسەتمەدارو رۆشنگەر دەکەن و تیایدا خەباتی مەدەنی و رێکخراوەیی شرۆڤە دەکەن و پێویستی پەرەسەندیشی بۆ ئێستای کوردستان بەگرنگ ناسێندرا.
لەدەستپێکی گفتوگۆکەشیدا، مەلا بەختیار، پاشئەوەی گرنگی لێکتێگەیشتنەکەی دابڕان و ھایمای لەپێناوە پەرەپێدانی خەباتی مەدەنی ورێکخراوەیی رونکردەوە، تەئکیدیشی لە خۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی ئەندامانی رێکخراوەکە کردەوە، کە دانیشتوی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانن و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە پێویستە ئەندامانی ھایما چاوتان لەوەبێت چۆن پەروەردە دەبن و گەشە دەکەن، چاوتان لەوەبێت کە لەناو دەقی باو و سواوی رابردوو، دەقێک کە گۆڕانکاری گەورەی تێدا نەبێ، دووپاتکردنەوەی ژیانێکی وەستاوی رابردوو بێ و لەچوارچێوەیەکی پرسیار لێنەکراودا، گیرنەخۆن. پێویستە پرسیاری نوێ دروستبکەن و عەوداڵی وەرگرتنی وەڵامی پرسیارە نوێیەکانبن.
ئەمەش بەومانایە نییە ھەموو بابەتە باوەکانی رابردوو کەڵکیان بۆ ئەم سەردەمە نەماوە، واتا: ھەموو ئەو بابەتە باوانە لایەنی چاکەو خراپەشیان تێدایە. بۆ نمونە ژن بەژن و شیربایی چ سودێکی تێدایە تالەم سەردەمەدا قبوڵ بکرێت؟! چوار ژنە بۆچی قبوڵ بکرێت؟ لەسەر دڵداریی وھاوڕێیەتی و ھەندێک گومان و گومانکاری، نەریتی مرۆڤ کوشتن و دواکەوتویی رابردوو بۆچی قبوڵ بکرێت؟ ھەروەک لەو دیدەشەوە نمونەی چەندین ئیدیۆمی کوردی ھێنایەوە، کە بەپێی گۆڕانی سەردەم، بۆ قۆناغی ئێستای ژیانی ئەم سەردەمە ناگونجێت و لەو روانگەیەشەوە، کۆیلایەتی جەستەیی و رۆحیشی شرۆڤە کردو لەبەرامبەریشدا، جەختی لەئازادییەکانی مرۆڤ و بەھاکانی کردەوەو رایگەیاند: رۆحێکی پاک و ویژدانێکی ئاسودەو عیبادەتێکی راستگۆیانە، بۆ مرۆڤەکان شیاوە، نەک کۆیلایەتی رەهای رێساکانی رابوردوو!
بۆیە سەپاندنی ھەر دەقێکی نەگۆڕاوی رابردوو، بەسەر ئێستای گۆڕاودا بسەپێندرێت، کێشە و گیروگاز بۆ مرۆڤایەتی دەخوڵقێنێت. کێشەکان لەنێوان نەوەی رابردوو و نەوەی ئێستادا دروستدەکات، وەکو کێشەی ئابوری، کۆمەڵایەتی و یاسایش دروستدەکات. بۆیە ئێوەی نەوەی ئەم سەردەمە، جگە لەلێپرسراوێتی ژیانی تایبەتی خۆتان کە گرنگە، لێپرسراوێتیە جیاوازەکانی کۆمەڵیش لە ئەستۆ بگرن.
ھەروەکو چۆن ئەوە دوو رۆژە خەڵک خۆپیشاندان دەکات، کە ئەم حکومەتە ناتوانێ موچە و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک دابینبکات، چونکە خەڵک ھەر دەتوانێ چوار پێنج یا ئەوپەڕی شەش مانگ بەرگە بگرێت موچەی نەدەیتێ، لەوە زیاتر ناتوانێت و کاتێکیش دێت خۆپیشاندان دەکات ھەق و مافی خۆیەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و ناھەقی نییە.
بگرە ئەوە ناھەقییە. ھەقەکانیان لەبەرچاو نەگیرێت. ھەربۆیە ئێوەش ئەرکتانە، ھاوشانی پێویستییەکانی ژیانتان، پێویستییە مەعنەویی،رۆحی، پەروەردەیی و مەعریفییەکانیشتان جێبەجێبکەن. بێگومان ئەمەش ماندووبونی دەوێت.
ئەمەش دەیسەلمێنێ کە: ھیچ کات نابێ مرۆڤ بەھۆی نەزانییەوە رێگە بدات لەناخی خۆیدا تەریق ببێتەوە، لەبەرامبەر ھەر یەکێک لەو بابەتانەی پەیوەستە بە خۆ پەروەردەکردنییەوە. واتا: ھەمیشە پێویستە مرۆڤ، بەر لەھەرکەسێک، خۆی بۆخۆی دادوەری ویژدانی خۆی بێت. چونکە ھیچکات تێگەیشتن و پێگەیشتن، کەمتر نییە لەپێداویستییە مادییەکانی تری ژیان، ئەگەر زیاتریش نەبن. بەپێچەوانەشەوە ھەر کات تێگەیشتی و پێگەیشتی ئەوکاتە ئاسانترو باشتر، پێداویستییە مادییەکانی ژیانیشت دابین دەکەیت.
لەو روانگەیەشەوە؛ پرسیاری ئەوەیکرد: ئایا پێداویستییە مادییەکانتان بەبێگاری دابین بکەن کە دەتانکات بە کۆیلە! یان بەئەقڵ دابینی بکەن کە دەتانکات بەکەسایەتی و رابەری پێداویستییەکانی خۆتان؟ بێگومان بەئەقڵ کە ئەمەش تەنھاو تەنھا سەرچاوەکەی خوێندنەوەو خۆپەروەردەکردنە. ئەمەش بەنمونە پێویستی تێگەیشتنە لە فەلسەفە، چونکە مرۆڤ ھەرکات لەفەلسەفە تێدەگات، ئەوا دەبێت بە مرۆڤێکی تر.
لەدرێژەی وتەکانی گفتوگۆ کراوەکەیدا، مەلا بەختیار، کەموکوڕییەکانی دیموکراسی و نەبونی دادپەروەری لەکوردستاندا، بەوردی لێکدایەوەوپاش شرۆڤەکردنی ئەم تێڕوانینەش، کۆی کاریگەرییە نەرێنییەکان و سەرەنجامی ئەم دۆخەو ھەبونی گەندەڵیشی بۆ ئەو ھۆکارانە گێڕایەوە.
لە دیدەشەوە، بۆ ئەندامانی رێکخراوی ھایماو ئامادەبووی گفتوگۆ کراوەکە، تەئکیدی کردەوە کە سێ ئامانجی گەورە لەبەردەمتاندایە کەدەبێ بۆی تێبکۆشن، ئەوانیش:
یەکەم: بۆ رزگاری بەشەکانی کوردستان چیتان پێدەکرێت دەبێ پشتیوان و ھاوکاریان بکەن.
دووەم: پێویستە ئەو دیموکراسییەی ئێستا ھەیە تەواوی بکەن، بەشێوەیەک کۆی پایەکانی بەرجەستەببێ. چونکە ھێشتا ئەم پرۆسەیە، کەپرۆسەیەکی مێژووییە نەگەیشتۆتە ئەنجام، پرۆسەکەش دوورو درێژە.. کودەتا نییەو کوت و پڕ نایاتەدی.
سێھەم: لە ئامانجی سێھەمیشدا، دادپەروەری بەمانا راستەقینەکەی خۆی، کە کەمکردنەوەی جیاوازییە گەورەکانی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵە، بگاتە خاڵی کۆتایی. جیاوازییەکانی نێوان چەوساوەو چەوسێنەر.
لەکۆتایی وتەکانیشیدا، مەلا بەختیار، رایگەیاند: چەند جوانە مرۆڤ بەخەبات لەپێناو ئامانجەکانیدا بژی. بەپێچەوانەشەوە، مرۆڤ چەندە وندەبێت، کە ئامانجی نەبێت و خەباتی بۆ نەکات!.
بۆیە دەبێت مرۆڤ ھەمیشە خەمێکی گەورە داینەمۆو پاڵنەری بێت و لەناخ و ویژدانیدا، لە بیرکردنەوەو مەعریفەیدا داینەمۆیەک ھەبێتبیجوڵێنێت. وتیشی: دۆستان، ئێمە مرۆڤین و لەکۆمەڵدا دەژین، کوردین و ئامانجمان ھەیە، بەشێکی کەمی بەدیھاتووەو بەشی زۆریشیبەدینەھاتووە. بۆیە بمانەوێت و نەمانەوێت، لەژێرباری لێپرسراوێتی بەدیھێنانی باقی ئامانجەکانمانداین! ئەمەش چەکی دەوێت، کە باشترینچەکیش، چەکی مەعریفەو خۆپەروەردەکردنە. هیچ هاوڕێیەک بەئەندازەی هزرو مەعریفە لەگەڵ مرۆڤ، راستگۆ نییە.
لەکۆتایی وتەکانیشیدا، ئەندامانی ئامادەبوی رێکخراوی ھایما، بە پرسیارەکانیان گفتۆگۆکەیان ھەمەلایەن و فراوانتر کرد.
Your Comment