مەزڵووم کۆبانی باس لە خواستەکانی کوردی سووریا دەکات لە ئەمەریکا، هەرێمی کوردستان، تورکیا و ڕووسیا

بەشی جیهان- فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت دەوڵەتە نوێکەی ئەمەریکا دەبێت ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە کوردستانی سووریا دووهێندە بکاتەوە، ڕووسیا حکوومەتی سووریا ناچار بە ئاشتی لەگەڵ کوردەکان بکات و پەکەکە و هەرێمی کوردستانیش نەهێڵن ناکۆکییەکانی نێوانیان کاریگەریی بکاتە سەر دانوستانی لایەنە کوردەکانی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی هه‌سه‌ده‌ دووپات له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که ده‌رچوونی بایدن ده‌رفه‌تێکی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و ئاشتی له‌ ناوچه‌که‌ جێگیر بکرێ، ئاماده‌یی هه‌سه‌ده‌ و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسه‌ریشی پێشان دا بۆ ئه‌وه‌ی بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ تورکیا بکه‌ونه‌ گفتوگۆ و دانوستاندن بکه‌ن تا بگه‌ن به‌ ئاشتی و شه‌ڕ و گرژییه‌کان کۆتایی پێ بهێنن.

مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات له‌ دیدارێکی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مه‌ریکی دووپات له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ هه‌ڵبژاردنی جۆ بایدن بۆ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا، ده‌بێته‌ گۆڕانێک بۆ سیاسه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ ڕووی کوردستانی سووریا، چوونکه‌ جیا له‌وه‌یش ئه‌مه‌ریکا کێشه‌ی تری له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌باره‌ی پرسی کڕینی سیسته‌می دژه‌ مووشه‌کیی ئێس 400 و گرفته‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ یۆنان و قوبڕس، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا ئه‌ردۆغان بهێنێته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ ئاماده‌یی پێشان بدات بۆ ده‌ستکردن به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ کوردانی سووریا. ئێمه‌یش ئاماده‌ین که‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی له‌گه‌ڵ تورکیا بکه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌رجێکی پێشوه‌خته‌مان هه‌بێ و ده‌توانین نێوه‌ندگیریش بکه‌ین له‌ نێوان په‌که‌که‌ و تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاڵۆزی نێوان په‌که‌که‌ و تورکیایش کۆتایی بێت، به‌ مه‌رجێک که‌ تورکیا نیازێکی باش پێشوه‌خته‌ پێشان بدات.

له‌ به‌شێکی تری دیداره‌که‌ کۆبانێ داوا ده‌کات که‌ ئیداره‌ی نوێی حکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ ناوچەکەیان زۆرتر بکاته‌وه‌، چوونکه‌ تا ئێسته‌ شه‌ڕی تیرۆر کۆتایی نه‌هاتووه‌ و تیرۆریستان له‌ ناوچه‌که‌ بوونیان هه‌یه‌ و له‌ بیابانه‌کانی ڕۆژئاوای عێراقیش خۆیان حه‌شار داوه‌.

ناوبراو ڕاشیگەیاند له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش و به‌ر له‌وه‌ی تره‌مپ بێته‌ سه‌ر حوکم، ئه‌زموونێکی باشمان له‌گه‌ڵ بایدن و ئیداره‌ی ئۆباما هه‌بوو، ئێسته‌یش هه‌مان تیم دێنه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی گه‌شبینین به‌ پێشڤه‌چوونی پێوه‌ندییه‌کانمان و به‌رده‌وامی و به‌هێزبوونی هه‌ماهه‌نگییه‌کان بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستان له‌ ناوچه‌که‌.

مەزڵووم کۆبانی دەڵێت جیا له‌وه‌یش هیوا و ویستمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ کوردستانی سووریا بمێننه‌وه‌ تا چاره‌سه‌ری پرسی سووریایش ده‌کرێ، چوونکه‌ ئێسته‌ پێوه‌ندی سه‌ربازیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا زۆرباشه‌، به‌ڵام پێوه‌ندی سیاسیمان به‌و ڕاده‌یه‌ باش نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ، تا له‌ هه‌موو ڕووه‌کانه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ین.

مه‌زڵووم کۆبانێ له‌باره‌ی دانوستاندنه‌کانی نێوان ئه‌نه‌که‌سه‌ و مه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێ، هه‌نگاوی باش نراوه‌ و زۆر گه‌شبینین به‌ ئامانج بگات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێویستی به‌ کات و کاری زۆرتر هه‌یه‌، تا سه‌رجه‌م پرسه‌کان یه‌کلایی بکرێنه‌وه‌.

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یش که‌ ئێسته‌ یه‌کێک له‌ گرفته‌کان بریتییه‌ له‌ پارتی کرێکارانی کوردستان و ئه‌نه‌که‌سه‌ ده‌یه‌وێ په‌یه‌ده‌ هه‌موو پێوه‌ندییه‌کانی به‌ په‌که‌که‌ بپچڕێنی و سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستانی سوورا نین، بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، کۆبانێ گوتی: هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن، که‌ کوردستانی سووریا ده‌بێ له‌لایه‌ن کوردانی سووریا و پێکهاته‌کانی تری ناوچه‌که‌ به‌ڕێوه‌ بببرێت، سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌یشی که‌ له‌ باره‌ی داهاتوو و ئێسته‌ی ناوچه‌که‌ ده‌درێن، ده‌بێ بڕیاری کوردانی ڕه‌سه‌نی ئەم ناوچەیە بێت، نه‌ک ناوچه‌ی تر، بۆیه‌ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌، که‌ ناسنامه‌ی کوردانی سووریا له‌ پێش هه‌موو شتێکه‌وه‌ بێ، ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێکی گرنگه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌نه‌که‌سه‌یش ده‌یه‌وێ که‌ ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌یێک به‌ڕێوه‌ ببرێ که‌ هیچ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌کی تێدا نه‌بێ، ئه‌وه‌ هیچ کێشه‌یێک له‌و ڕووه‌وه‌ بوونی نییه‌.

لە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئەلمۆنیتۆر که‌واته‌ کێشه‌کان چین؟ مه‌زڵووم کۆبانێ له‌وباره‌وه‌ ئاماژه‌ی داوه‌، که‌ ئێسته‌ که‌مێک کێشه‌ و گرژی له‌ نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بوونی هه‌یه‌، ئیمه‌ نامانه‌وێ لایه‌نگری هیچ لایه‌ک بکه‌ین له‌و گرژییانه‌، وه‌کوو کوردانی سووریا و وه‌کوو هێزه‌کانی سووریای دیموکرات و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌ ته‌واوی ڕه‌تمان کردووه‌ته‌وه‌ که‌ لایه‌نگیری یه‌کێک له‌ لایه‌نه‌کانی ناو ئه‌و گرژییه‌ بکه‌ین، بۆیه‌ ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ هیچ لێدوانێکیش له‌وباره‌وه‌ بده‌ین.

ناوبراو جەختی کردەوە به‌ گشتی ئێمه‌ ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ هه‌ر لایه‌نێک ده‌ستوه‌ردان له‌ کاروباری ناوخۆی کوردستانی سووریا بکات، به‌ڵام ئه‌نه‌که‌سه‌ ده‌یه‌وێ له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ بنووسرێ که‌ به‌ تایبه‌ت دژی ده‌ستوه‌ردانی په‌که‌که‌ین، ئه‌مه‌یش ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێ ناوی هیچ هێزێک بهێنین، به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی سووریا ده‌ست له‌ کاروباری ناوخۆی ئێمه‌ وه‌رنه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌که‌یه‌ و له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نه‌که‌سه‌یش گفتوگۆم کردووه‌ به‌ر له‌وه‌ی دیداره‌که‌ ئه‌نجام بده‌ین، ده‌توانین ئه‌و گرفتانه‌ تێپه‌ڕین و به‌رده‌وامین له‌ گفتوگۆکان.

له‌سه‌ر پرسی گرژی لەگەڵ هۆزه عه‌ره‌بە‌کان کۆبانی ڕایگەیاند: ئێمه‌ ئاگه‌دارمان کردوونه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆزه‌کانیشمان ڕاگه‌یاندووه‌، که‌ تا ئێسته‌ پێوه‌ندی زۆر تۆکمه‌ و باشمان هه‌بووه‌ و هه‌ر کێشه‌یێکیش هه‌بێ، ده‌توانین چاره‌سه‌ری بکه‌ین، به‌ڵام ناکرێ په‌نا بۆ توندوتیژی ببرێ و بۆ جێبه‌جێ کردنی داواکانیشیان له‌ ماوه‌ی ڕابردوو 600 که‌س له‌ گومانی داعشبوونیان له‌سه‌ر بوو له‌ گرتووخانه‌کان ئازاد کردن، که‌ ئه‌ندامی ئه‌و هۆزانه‌ بوون.

له‌باره‌ی کاریگه‌ری گرژییه‌کانی په‌که‌که‌ و هه‌رێمی کوردستان و کاریگه‌ری له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی کوردستانی سووریا و هه‌رێمی کوردستان، کۆبانێ گوتی، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زیان به‌ هه‌موو پێوه‌ندییه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ک هه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان و کوردستانی سووریا، به‌ڵکوو هه‌موو کورد زیانمه‌ند ده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بێلایه‌نی خۆمان پاراستووه‌، هه‌وڵه‌کانیشمان چڕکردووه‌، بۆ نه‌هێشتنی گرژییه‌کان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆم کردووه‌ و باسمان له‌وه‌ کردووه‌، که‌ گرژییه‌کان سوود به‌ هیچ لایێک ناگه‌یه‌نێ و پێویسته‌ دۆخه‌که‌ هێور بکرێته‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210792

Your Comment

You are replying to: .
captcha