په‌که‌که‌ به‌رپرسه‌ له‌ ڕوودانی هه‌ر ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراو لە هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەوەوە دەکاتەوە کە پەیامەکەی سەرۆکی پارتی لەبارەی گرژییەکان لەگەڵ پەکەکە زۆر ڕوونە و دەڵێت: په‌که‌که‌ به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراو لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حوسێن ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداری کردنیدا لە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی کوردستان24 ڕایگەیاند: "راسته‌ ئێمه‌ سۆزمان هه‌یه‌ و رێزمان گرتووه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، به‌ڵام سیاسه‌تی ئێمه‌ ده‌ستوه‌ردان نه‌بووه‌ له‌ کاروباریان و به‌رده‌وام پێمان وابووه‌، لایه‌نه‌کانی ئه‌و پارچانه‌ خۆیان ده‌بێت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدان و ره‌وشی خۆیان بڕیار بده‌ن".

"عه‌لی حوسێن" ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌وه‌، پارتی هاوکاری پێشکه‌ش ئه‌و لایه‌نه‌ کردووه‌ و دواتریش ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کی "ناجوامێرانه‌" وه‌ڵامی ئه‌و "چاکه‌"ی پارتیان داوه‌ته‌وه‌.

له‌ میانی قسه‌کانیدا، "عه‌لی حوسێن" باسی له‌ هه‌ردوو جه‌وله‌ی شه‌ڕی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و په‌که‌که‌ کرد و گوتی: "له‌ (1992) و (1996)دا په‌که‌که‌ شه‌ڕی به‌سه‌ر ئێمه‌دا سه‌پاند و به‌رپرسیاری یه‌که‌می هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و شه‌ڕه‌ بوو".

ناوبراو روونیشی کرده‌وه‌، هه‌رێمی کوردستان کیانێکی ده‌ستوورییه‌. له‌ چوارچێوه‌ی عێراقداین. ناکرێت په‌که‌که‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌رمی ئێمه‌ و حه‌رام کردنی شه‌ڕی کورد کوژی "ئیستغلال" بکات، چوونکه‌ ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌و ده‌ستتێوه‌ردانه‌ له‌ کاروباری هه‌رێمێکی ده‌ستووری و وڵاتێکی خاوه‌ن سه‌روه‌ری.

ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، گۆڕه‌پانی راسته‌قینه‌ی شه‌ڕی په‌که‌که‌ کوردستانی تورکیایە‌ و گوتی: "ئه‌وان گۆڕه‌پانی راسته‌قینه‌ی خۆیان به‌جێهێشتووه‌".

ناوبراو وتیشی په‌که‌که‌ ئێستا نه‌ک ته‌نیا له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کان، به‌ڵکوو هاتووه‌ته‌ قوڵایی خاکی هه‌رێمی کوردستان و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: "په‌که‌که‌ بۆچ مه‌به‌ستێک هاتووه‌ته‌ قوڵایی خاکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ قه‌ره‌داغه‌وه‌ تا زاخۆ بنکه‌ی کردووه‌ته‌وه‌. ده‌ستوه‌ردان ده‌که‌ن و خه‌ریکی کۆمه‌ڵێک شتی نادرووستن".

عه‌لی حوسێن سه‌رنجی زیاتری له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی په‌یامه‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی چڕکرده‌وه‌ و گوتی: "په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆک زۆر روون بوو. په‌یامێکی به‌ڵگه‌دار و واقیعی بوو، ئه‌و په‌یامه‌ رووی له‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ره‌وه‌ و رایگشتی وڵاتان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی مێژوویی سه‌رۆک بارزانییه‌".

له‌ کۆتایی سه‌رنجه‌کانی له‌سه‌ر ده‌قی په‌یامه‌که‌ی بارزانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداری دا له‌ روودانی هه‌ر "رووداوێکی نه‌خوازراو" و گوتی: "هه‌ر ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراو، هه‌ر کارێکی نه‌خوازراو په‌که‌که‌ ئه‌نجامی بدات، خۆی به‌رپرسی سه‌ره‌کییه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210703

Your Comment

You are replying to: .
captcha