کوردپرێس:
ئەحمەد شێخۆ ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی کوردیی یەکێتی سووریای دیموکراتە کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرخۆدانی کۆبانێوە لەگەڵ ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستاری بەریتانیا دیمانەی کردووە و دەڵێت: تورکیا ژێربەژێر دەستی هەبوو لە هێرشەکەی سەر کۆبانێ و گەمارۆدرانی ئەو کانتۆنە کوردنشینەی سووریا بەڵام کرودەکان بە بەرخۆدانی مێژوویییان هەموو جیهانیان سەرسام کرد.
ناوبراو زیادی کرد: بەرخۆدانی کۆبانێ سەرنجی هەموو جیهانی ڕاکێشا و هەمووانی سەرسام کرد. ئاماژەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پەیەدە بۆ بەرخۆدانی کوردەکانە کە کۆتاییی ساڵی 2014 تا سەرەتای ساڵی 2015 کردیان و هێزە کوردییەکانی سووریا توانییان گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بڕووخێنن و بە یارمەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو شارە ئازاد بکەن. ڕۆژی یەکەمی ئەکتەوبری هەمان ساڵ وەک ڕۆژی جیهانیی بەرخۆدانی کۆبانێ دیاری کرا.
ئەو ئەندامەی پەیەدە جەختیشی کردۆتەوە کە هەموو جیهان بەش بە حاڵی خۆیان پشتگیریی بەرخۆدانەکەی کوردیان کرد. تیرۆر لە کۆبانێ شکستی هێنا و هێدی هێدی لەناو چوو.
ئەحمەد شێخۆ لەو قەناعەتەشدایە کە تورکیا هەوڵ دەدات کارە ناتەواوەکەی داعش لە کۆبانێ تەواو بکات چوونکە ئەو وڵاتە لە دوو ئوپەراسیۆنی سەربازیدا دژی کوردەکانی سووریا لە سێ شاری ژێردەسەڵاتی کوردەکان بە ناوی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی ئەو شارانەی داگیر کرد و ئەو داگیرکارییەی تورکیا هیچ جیاوازیی لەگەڵ جووڵەی تیرۆریستەکان نیە.
ئەو بەرپرسە کوردەی سووریا جەختیشی کردەوە کە هێرشەکانی تورکیا دژی کوردستانی سووریا هێرش دژی هەموو جیهانە بەڵام تورکیا ناتوانێت بەرخۆدانی کوردەکان تێکبشکێنێت.
Your Comment