کوردپرێس:
دوکتور بەختیار سەجادی ئەندامی لیژنەی زانستی و سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان بابەتێکی لە سەر کۆچی دواییی مامۆستا جەلال مەلەکشا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کرۆدتەوە. دەقی یادداشتەکەی دوکتوری سەجادی:
۱. کە لە ماڵە بچووک و هەژارانەکەی جەلال دەگەڕامەوە، بیرم لەوە دەکردەوە خەڵک بۆ مەرگی هیچ دەوڵەمەند و خانەدانێک بەو دڵپاکی و حەماسەتەوە ئامادە نابن. بە دیوێکی تریشدا، ئەوەی لە دەموچاو و بێدەنگیی خەڵکەکە دەمخوێندەوە، بەر لەوەی پیشاندەری ناڕەحەتی بێت بۆ مەرگی ئەو شاعیر و نووسەرە هەڵکەوتەیە، دەربڕی قەلەقی و بێئۆقرەیی و دۆشداماوی بوو بۆ ئەو دۆخەی هەمووانی بە گشتی تێکەوتوونە و دەرئەنجامە کارساتبارەکانی، توێژی وێژەوانی کوردینووسی لە چەشنی کاک جەلال-ی زیاتر گرتۆتەوە. دۆخەکە هەستیار و ناخۆشە و زۆربەی ئەندامانی ئەو توێژەش لە ڕووی دەروونییەوە لە بارێکی ناهاوسەنگدان. هەموومان پێویستمان بە گۆڕانکاری و دڵنەوایی و حەسانەوەیە.
۲. پەرلەمانی بریتانیا یەکەم خوێندنەوەی بۆ ڕەشنووسی یاسای ماڤی لەچاپدانەوە لە ساڵی ۱۷۱۱دا ئەنجام دا و زاراوەی نووسەری هەک hack writer هەر لەو سەروبەندەدا هاتە نێو گوتاری ئەدەبی و ئابوورییەوە. مەبەست لەم زاراوەیە ئەو نووسەرانە بوون کە لە ڕێگەی کردەی نووسینەوە پارەیان بەدەست دەهێنا و خەرجیی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەشیان دابین دەکرد. دواتر شۆڕشی پیشەسازانە و سەرمایەداریی چاپ گوڕوتینیان بەخشیە باشتربوونی دۆخی ماڵیی دانەران. لە ڕۆژئاوا، تەنانەت ئینتێرنێت و کەشی بەربڵاوی مەجازیش، بە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاوەوە، نەیانتوانی بەر بە قازانج و داهاتی دانەران بگرن.
۳. لای ئێمە، لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە ناو کورددا، و نەخاسما لەم دوخە ئابوورییەی ئێستا، ئەوەی نرخی نەماوە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و هەروەتر ژیانی توێژی وێژەوانانە. چەند ساڵ لەمەوبەر و لە لێداونێک لە سەر قەبران و له پرسەی عەباس کەمەندیدا - کە ئەویش، وەک جەلال، قوربانیی سیستەمی بێبەزەی ئابووریی و گوتاری بێسەروبەری فەرهەنگی بوو - وتم تەنانەت نووسەر و شاعیرە ئاستنزمە ڕۆژئاواییەکان تا ماون بۆخۆیان و پاش مەرگیشیان نەوە و نەتیجەیان لە خێروبێری ئەو بەرهەمانە سوودمەند دەبن، بەڵام لای ئێمە تەنانەت دانەرە بلیمەتەکانیشمان لە خراپترین دوخی ئابووریدان.
٤. جەلال مەلەکشا کەسایەتییێکی گەورە و گرانی ئەدەبی کوردییە. لە چەقی ئازار و خەمدا بوو، بەڵام هەردەم بە هەناسەیێکی ڕۆمانتیکەوە دەپەیڤی و بە ورە و وزەوە دەینووسی. بە بێکەسی و لە تەنیایی و گۆشەگیریدا ژیا، بەڵام لە زۆر کەس زیاتر هاوڕێ و خوێنەری هەبوو و هەیەتی. هیچ کات وازی لە ڕێباز و خەون و ئارمانەکانی نەهێنا و تا دوا ساتی تەمەنی وەفادار بوو بە واتا بەرزەجێکان: شەرافەت، ویژدان، ئەوین، شکۆ، ڕەسەنایەتی، بەرخۆدان، ئازادی، دژی زۆرداری و دژی چەوساندنەوە. هەر بۆیەش کەمتر شاعیرێکی کورد ئەوەندەی ئەو خاوەن پلە و پایەی جەماوەرییە.
۵. دوو هەفتە لەمەوبەر هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسیم: "مەرگی دایکی ... شاعیری ئێستا تەنیاتر لە جاران ... خەمباری کردم و خێرا هەستم بە ئاکامەکانی کرد بۆ کاک جەلال. کەسێ نییە ئیتر پەرداخێک ئاو بداتە دەستییەوە و ..." خۆزگە قسەکەم ڕاست دەرنەچووبا و بمتوانیبا جارێکی تر ئەو مرۆڤە پاکژدڵە ببینمەوە. ئۆغرت بەخێر کاک جەلال! لە بیری ئەو ڕۆژانەدام کە لە سنە و لە هەولێر و لە ورمێ پێکەوە باسی شیعر و چیرۆک و وەرگێڕان و ڕەخنەی ئەدەبیمان دەکرد. تۆ نەمردوویت! ناوت، یادت، کەسایەتی و بەرهەمت تا هەتایە بە زیندوویی دەمێننەوە.
Your Comment