بەرهەم ساڵح: داوا له‌ هه‌موو لایێک ئه‌که‌ین دانبه‌خۆیاندا بگرن و وابکه‌ن زمانی عه‌قڵ زاڵ ببێ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکایەتی کۆماری عێراق به‌ئاماژه‌دان به‌ رووداوه‌کانی به‌غدا و سووتاندنی باره‌گای پارتی له‌و شاره‌، داوای کرد زمانی عەقڵ و گفتوگۆ بەسەر هەڵچونەکاندا زاڵ بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، له‌کاتێکدا هه‌وڵه‌کان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه‌ چڕ ئه‌کرێنه‌وه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئاسایش و ئابووری وڵات، بینیمان له‌لایه‌ن گرووپێکی له‌یاساده‌رچوو و به‌ده‌ر له‌رێکاری ئاشتیخوازانه‌ی ئازادی راده‌ربڕین و پاراستنی شکۆی ده‌وڵه‌ت، هێرشکرایه‌ سه‌ر باره‌گای پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ به‌غدا.

ئەوەش هاتووە، هاریکاری و یه‌کڕیزی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی دیکە سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆر به‌ده‌ست هێنا، بۆیه‌ رێگه‌پێدراو نییه‌ ئه‌و قوربانیانه‌ تێکه‌ڵ به‌شتی لاوه‌کی و هه‌ڵچوون و ئاژاوه‌گێری بکرێن که‌ ئه‌وانه‌ به‌سووتاندنی ئاڵای کوردستان گوزارشتیان لێکرد، ئه‌و ئاڵایه‌ی پێگه ‌و ره‌مزیه‌ت و ده‌لاله‌تی مێژویی لای عێراقییه‌کان هه‌یه‌ و به‌شێکه‌ له‌ پێکهاته‌ی ده‌ستووری عێراق.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئێمه‌ له‌سۆنگه‌ی هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕمان له‌ پشتیوانی کردنی ئازادی راده‌ربڕین به‌شێوه‌ی ئاشتیانه‌، ئه‌و کرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێریه‌ ئیدانه‌ ئه‌که‌ین که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی که‌س نییه‌ و ئارامی و ئاشته‌وایی کۆمه‌ڵایه‌تیش ئه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌روا جەخت ئه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی خێرا له‌و په‌لاماردانه‌ بکرێ و سزای ئه‌نجام ده‌رانی بدرێت، به‌تایبه‌تی که‌ حه‌شدی شه‌عبی بێ به‌ریبوونی خۆی له‌ سووتاندنه‌که‌ راگه‌یاند و به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ وه‌ستایه‌وه‌ که‌ بێ په‌روا ویستیان یه‌کڕیزی نیشتمانی تێک بده‌ن، هاوکات هه‌موو لێدوانێکیش ره‌ت ئه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌زگا فەرمییەکان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌که‌دار بکات.

باس لەوەشکراوە، داوا له‌ هه‌موو لایێک ئه‌که‌ین دانبه‌خۆیاندا بگرن و وابکه‌ن زمانی عه‌قڵ زاڵ ببێ و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات بخه‌نه‌ سه‌رووی هه‌موو ئیعتیبارێکی تره‌وه‌، چوونکه‌ عێراق پێویستی به‌ یه‌کخستنی هه‌ڵوێستی نیشتمانی و ریزه‌کانی هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ ئه‌منی و ئابوورییه‌کان که‌ وڵاته‌که‌مان تووشی بووەته‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210464

Your Comment

You are replying to: .
captcha