سوپای تورکیا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2019 پاش ئەوەی ئەمریکا لە ناوچە کوردنشینەکان کشایەوە هێرشێکی فراوانی کردە سەر کوردەکانی سووریا و لێکەوتەی ئەو هێرشەش بوو بە داگیرکردنی دوو ناوچەی سەرێکانی و گرێسپی ئەوەش بە دەستی سوپای تورکیا و میلیشیا توندڕەوەکانی سەربەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لە ساڵوەگەڕی ئەو داگیرکارییەدا ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی ژیانی کوردەکان لە کامپی ئاوارەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا ئامادە کردووە و نووسیویەتی: دانیشتووانی کامپەکە ماڵ و کەلوپەلی ژیان و زەویوزاری خۆیان لە دەست داوە و دەڵێن تورکیا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە ماڵ و موڵکی ئەوانیان داگیر کردووە.
دانیشتووانی کامپەکە باسی ئەوەش دەکەن کە هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی تورکیا و میلیشیاکان بەڵام بەرپرسانی کوردی سووریا پێیان گوتوون کە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە جێی مەترسییە بۆیە ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
ژمارەیێک لە دانیشتووانی کامپەکان بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسایان وتووە: میلیشیا سوورییەکانی سوپای ئازاد کە لە لایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن ڕەفتاری ناشیرین لەگەڵ کوردەکان دەکەن و لە سەرێکانی و گرێسپی هاووڵاتییانی کورد دەبنە قوربانی و ژنان دەڕفێندرێن و ماڵ و موڵکی کوردەکان تاڵان دەکرێت.
ژمارەیێک لە ئاوارە کوردەکانیش دەڵێن ماڵ و حاڵیان بە دەست میلیشیاکان لەناو براوە و تەنانەت ئەگەر زەمینەی گەڕانەوەشیان فەراهەم ببێت ماڵ و حاڵیان نیە تێیدا بژین.
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا نووسیویەتی ژیان لە کامپی ئاوارەکانی کوردستانی سووریا زۆر دژوارە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هیچ هیوا و بووژانەوەیێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان لە ناوچە داگیرکراوەکان نابینرێت.
Your Comment