بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی ڕاگەیاند

بەشی سووریا- بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند لێبووردنی گشتیی بۆ هەموو ئەو زیندانیانە دەرکرا، کە پێش 10ـی تشرینی یەکەمی 2020 تاوانیان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی هاوبەشی ئەنجومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژئاوای سووریا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو لێبووردنە گشتییە بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەکانی سەرپێچی و تاوانی بچووک، بەڵام لە تاوانە گەورەکاندا سزای زیندانی تاهەتایی بۆ 20 ساڵ زیندانی دەگۆڕدرێت".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لێبووردنەکە گشتییە ئەو زیندانیانەش دەگرێتەوە کە نیوەی ماوەی سزای زیندانیان تەواو کردووە، هەروەها بۆ ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و چارەسەری نییە، لەگەڵ ئەوانەی کە لەگەڵ دەرچوونی ئەم لێبووردنە تەمەنیان گەیشتە سەرووی 75 ساڵ، بەو مەرجەی لێخۆشبوون لە مافی کەسێتی بەدەستبهێنن، سزادراو دەبێ لە ماوەی 30 رۆژی دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە داواکاریی پێشکەش بکات بۆ سوودوەرگرتن لەم بڕیارە".

بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنەکە ئەم لێبووردنە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی ناپاکی، سیخوڕی، کوشتن بەناوی نامووس، دەستدرێژی سێکسی و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، فەرماندە و سەرکردەکان و ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەشداربووان لە شەڕ و تەقینەوە، سزادراوان بەهۆی تیرۆر ناگرێتەوە.

ئەم لێبووردنە هەروەها ئەو سزادراوانە ناگرێتەوە کە هەڵهاتوون و خۆیان رادەستی دادگا نەکردووە، ئەوانە نەبێ کە لە ماوەی 60 رۆژی جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە خۆیان رادەست دەکەن، ئەگەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بن، بەڵام ئەو سزادراوانەی کە لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن، ئەوا 90 رۆژیان لەپێشە بۆ خۆڕادەست کردن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210385

Your Comment

You are replying to: .
captcha