کوردپرێس:
رۆژی چوارشەممە ٧ی ١٠ی ٢٠٢٠، لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەوان لەسەر چەند پرسێك لەگەڵ پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتیان ئەنجام داوە و یەکێتی زیاتر لەوەی ئەرکی بووە بەرپرسیارێتیی قبووڵ کردووە و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیشی کرد ئەگەر بێت‌و خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكوومەت لەوانە چاكسازی و پرسی لامەركەزی، جێبەجێ نەكرێن.
رزگار محه‌مه‌د، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە په‌رله‌مانی كوردستان، لەو بارەیەوە بە "باس‌نیوز"ی راگەیاند: "ئه‌وه‌ی لاهوور جه‌نگی باسی كردووه له دوادیداری خۆی له‌گه‌ڵ شاندێكی ئەمریكی، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی تیمی یه‌كێتی له حكوومه‌ت قوباد تاڵه‌بانییه، ئه‌گه‌ر نیگه‌رانی و گله‌ییەك هه‌یه، ده‌بێت ئه‌و بیكات، چونكە ئه‌و نوێنه‌ری یه‌كێتییه له‌م كابینه‌یه“.
سەرسوڕمانی خۆیشی لەوە دەربڕی كە ”ئێمە تێناگه‌ین ئه‌مه بۆچوونی كەسیی خۆیه‌تی یان ناكۆكیی نێو خۆیانه، ئه‌وه‌ی هه‌یه یه‌كێتی له حكوومه‌تە، له‌م هه‌فته‌یه سه‌رۆكی حكوومه‌ت هاته په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆك وەزیران، هیچ گله‌یی پێوه دیار نه‌بوو، تەنانەت ئه‌و یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتارانی ده‌دایه‌وه، لە كاتێكدا ئه‌م قسه‌ی لاهوور جه‌نگی تازه نییه، جاری دیكەش باسی كردووه".
بە بڕوای پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، ”قسەی یەكێك لە هاوسەرۆكانی یەكێتی، ناكاته بۆچوونی هه‌موو یه‌كێتی، ئێمه ناتوانین له‌سه‌ر ئه‌وان بڕیار بده‌ین، به‌ڵام قوباد تاڵەبانی دواجار قسه‌ی كۆتایی ده‌كات چوونكە كه‌سی دووه‌می كابینه‌ی حكوومه‌ته، بینیشمان له ساڵیادی كۆچی دواییی مام جه‌لال په‌یامی هه‌بوو، باسی له‌وه كرد كه‌سانی مافیائاسا رێگریی لێ دەكەن، ئه‌ویش پشتیوانی پڕۆژه‌ی چاكسازییه كە له په‌رله‌مان ده‌رچووه، بۆیه جێگری سەرۆك وەزیران ته‌عبیر له یه‌كێتی و هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە حكوومه‌ت ده‌كات“.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هۆشداری دا كە ئەگەر لاهوور جەنگی دەیەوێت ناكۆكیی نێوخۆیی بە حكوومەت دەردەبڕێت، ئەوە كارێكی باش نییە. گوتیشی: ”چەندان جار لاهوور جەنگی باسی هەڵوێست وەرگرتنی كردووە و ئەمە یەكەم جار نییە، فەرموو با له حكوومه‌ت بكشێنه‌وه، ئه‌گه‌ر موزایه‌ده‌شه، با بزاندرێت كە به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانه‌وه موزایەدە ناكرێت".
رزگار محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان زیادیشی كرد كە ”لاهوور جەنگی كاریگەریی لەسەر تیمی یەكێتی لە حكوومەت نییە، ئەگەر ئەو لە دۆخی نێوخۆی حزبه‌كه‌ی نیگه‌ران بێت ئەوا شتێكی دیكه‌یه“.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر وتەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە دیدار لەگەڵ شاندی ئەمریکی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی بەرانبەری زۆری لێکەوتبووەوە و بڵند ئیسماعیل، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە میانەى لێدوانێکى بۆ میدیاى حزبەكەی وەڵامى لێدوانەکانى لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى دایەوە و رایگەیاندبوو: "هەرچەندە گرووپێكی نێو یەكێتی لەو كاتەوەی حكوومەت پێكهێندراوە، شان نادەنە بەر بەرپرسیارێتی و هەر خەریكی موزایەدە و چەواشەكارین، بەڵام پارتی پابەندە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی و قسەی یەكێتیش تەنیا لە یەكێتییە راستەقینەكان وەردەگرێت".
لە لێدوانێکی دیکەشدا هیوا گه‌یلانی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "پارتی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، له روانگه‌ی لاهوور جەنگییەوە سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناكات، وه‌ك كەس پارتی مامه‌ڵه ناكات، وه‌ك موئه‌سه‌سه مامه‌ڵه ده‌كات، ئاوا سیاسه‌ت ده‌كات، بۆیه زۆرجار له‌ملا و لاو‌لا ده‌بیستین كه هه‌ندێك كه‌س له‌ناو یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت دنه‌ی پارتی بده‌ن، به‌ڵام پارتی ده‌زانێت چی ده‌كات و ئه‌مانه به هه‌ڵوێستی فه‌رمیی یه‌كێتی وه‌رناگرێت“.
وەک وەڵامێک بۆ ئەم هەڵوێستانەی پارتی، جەزای سەید مەجید ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت لاهوور شێخ جەنگی لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە و جیهان بۆتە خاوەن پلە و پایەی بەهێز و سەرکەوتنی مەزنی مسۆگەر کردووە و پارتی چاوی بەو سەرکەوتنانە هەڵنایە بۆیە هەوڵی ناوزڕاندنی ناوبراو دەدات.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، لاهوور شێخ جەنگی بە ڕەمز و شکۆی نێو یەکێتی ناو دەبات و دەڵێت: "چەند رۆژێكە بە پیلان و مەرامێكی گڵاو ژمارەیێک لە سەركردایەتی و كادیرانی پارتی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە پەلاماری رەمز و شكۆی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان جەنابی شێخ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی دەدەن، كە بەخەیاڵ پڵاوی خۆیان دەهۆڵی ئەوە دەكوتن كە یەكێتی لە ناو ناكۆكی و ململانێدایە، دەیانەوێت ڕای گشتی چەواشە بكەن و چاو و سەرنجی خەڵك لەسەر ئەو قەیرانە یەك لەدوای یەكانەی پێ پەردەپۆش بكەن كە سەرۆكەكانیان خولقێنەرین."
ئەم هەواڵانەش بخوێنەوە:
https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=202476
https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=202475
Your Comment