کوردپرێس:
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان کوردستان بە ‎ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە، "ئێمە پێمان وایە هاتنی بەڕێزان لە ئەنجومەنی وەزیران جگە لەوەی ئەرکێکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقییە و دەبێت بێن بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆئەوەی هەم روانگەی خۆیان بخەنە رو هەم ئەندامانی پەرلەمان ئەگەر پرسیارێکی خۆیان و خەڵکیان هەیە لێیانی بکەن، بە هەنگاوێکی باشی دەزانم بۆ دروستکردنی پەیوەندییێکی تەندروست لەنێوان پەرلەمان و حکومەت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبو شەش بۆ حەوت مانگ پێش ئێستا ئەو کۆبونەوەیەمان بکردایە، باوەڕم وایە ئەگەر شەش مانگ پێش ئێستا ئەو کۆبونەوەیەمان بکردایە هەم پەیوەندییەکانمان باشتر دەبو هەم زۆر گرێ کرابونەوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی لە رۆژی چوارشەممەی پێشوەوە واژۆکراوە و گەیشتووەتە ئەنجومەنی وەزیران، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە ماوەی 14 رۆژدا ئەوان وەڵاممان بدەنەوە کە ئایا لەسەر ئەو یاداشتە و ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە رایان چییە، ئایا خۆیان دێن ئایا نایەن؟ ئایا وەڵامێکیان هەیە بۆ ئەو پرساندنە یان نا؟ "ئێمە چاوەڕێی ئەوان دەکەین، دوای ئەوەی وەڵامی ئەوانمان پێدەگات پەیڕەو چیمان لەسەر دابنێت ئەوە دەکەین".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان ئەوەی خستوەتەڕو، بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمان بابەتی قاچاخچێتی لە بابەتی خۆدزینەوە لە باجی گومرکی دەگەڕێتەوە بۆ بونی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە خزمەتگوزاری بوارەکانی دەروازە سنورییەکان پێشکەش دەکەن و بەهۆیانەوە بڕێکی زۆری داهاتی دەروازەکان لەبری ئەوەی بۆ حکومەت و بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەگەڵ ئەوەشدا اباوەڕیانوایە " دو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ لەسەر دەروازە سنورییەکان دروست نابێت، چوونکە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی و یەکگرتوی هەرێم لە هەمو بەرژەوەندییەکان باڵاترە".
پەیوەیست بە بوونی گلەیش لەسەر "لاوازی" ئەم خولەی پەرلەمان، رێواز فایەق دەڵێت، "خولەکانی رابردوو چییان کردوە ئێمە نەمانکردوە، ئەو شتە موهیمانە چیین کە ئەوان توانیویانە بیکەن؟ ئەگەر خولەکانی رابردو ئەوەندە موهیم بون دۆخی هەرێمی کوردستان بۆچی وایە؟ چەند سەرۆکوەزیران و وەزیر پرساندنیان بۆ کراوە و متمانەیان لێ وەرگیراوەتەوە؟ کام بڕیار حکومەت ویستویەتی و ئەم پەرلەمانە تەبەنی نەکردوە یان رەتی کردوەتەوە؟ خەتای ئەمساڵ و دو مانگەیە کە ئێمە سەرۆکین یان کەڵەکەبوی 28 ساڵی تەمەنی پەرلەمانە؟ هەندێک جار هەندێک شت دەگوترێت رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئێمە بەبازاڕکردنی میدیاییمان باش نییە، تەلەڤیزێۆنمان نییە، میدیای حزبەکانمان پشتیوانیمان لێ ناکەن، بەندە یەکێکم لەوانەی پارە خەرج ناکەم بۆ بابەتی میدیا و پیاهەڵدانی میدیایی و بەردەوامیش دەبم".
Your Comment