بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگار کردنی رفێنراوان لە دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە نزیکەی 400 ژن و منداڵی کوردی ئێزدی لەناو کەمپی هۆلدا ماون. رزگارنەکردنیشیان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان ئەوەیە ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن.
ناوبراو درێژەی دا هەمان دەسەڵاتی داعش لەناو خێزانەکانی کەمپەکەدا جێبەجێ دەکرێت. حوکمێکی داعشییانە لەناو کەمپەکەدایە و بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر ژیانی ژن و منداڵی کوردانی ئێزدیی نێو کەمپەکە هەیە.
لەم هەفتەیەدا مێرمنداڵێکی کوردی ئێزدی لەناو کەمپی هۆلدا لە دەستی ئەو خێزانە داعشە رزگار کرا کە لای خۆیان هێشتبوویانەوە.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان گوتی: "چەند رۆژ لەمەوبەر زانیاریمان بۆ هات کە مێرمنداڵێکی کوردی ئێزدی لەناو کەمپی هۆلدایە کە تەمەنی 16 ساڵانە. ئیدی رزگار کرا و ئێستا لە رۆژئاوای کوردستانە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە ناو کەسوکاری خۆی لە هەرێمی کوردستان."
بەشێک لەو کوردە ئێزدییانەی لەناو کەمپی هۆلدان بە منداڵی کەوتوونەتە دەستی خێزانە داعشەکان و ئێستا بە تەواوەتی کەسوکاریان ناناسنەوە.
حسێن قائیدی گوتیشی: "هەندێک لە منداڵەکان لەبەر ئەوەی بە بچووکی کەوتوونەتە دەست خێزانە داعشەکانەوە، کاریگەری لەسەر مێشکیان دانراوە و ناتوانن خۆیان ئاشکرا بکەن. هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەکەیش هاوکاریمان ناکەن."
سوڵتان مەحموود، خزمی کەسانی بێسەروشوێنی ئێزدی گوتی: "دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا هیوامان وابوو کە کەسوکارە بێسەروشوێنەکانمان بدۆزرێنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هەواڵیان نییە. ئێمە لەو هەوڵانە رازی نیین کە دراون. نە حکوومەتی بەغدا شتێکی بۆ کردووین نە حکوومەتی هەرێمی کوردستان."
هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەژێر خاکەوە کراون کە تاوەکوو ئێستا کوردانی ئێزدی نازانن ئاخۆ کەسوکارەکانیان لە ژیاندا ماون یان لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدان. لە 82 گۆڕی بەکۆمەڵیش تەنیا پێنج گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment