نێچیرڤان بارزانی: دەستوور بۆ یەك حیزب نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دەستوور بۆ یەک حیزب نییە، دەستوور بۆ یەک نەتەوەش نییە، دەستوور بۆ یەک پێکهاتەش نییە، دەستوور بۆ هەموو ئەو کوردستانیانەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین.

کوردپرێس:

لە كۆنفڕانسی یەكڕیزی و دەستوور، نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و وتی: دەبێت دەستوور رەنگدانەوەی بیرو بۆچوون و گرنگیپێدانی هەموو ئەو پێکهاتانە بێت کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.

ئاماژەی بەوەش كرد، بە دڵنیاییەوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە دەستپێدەکەین کە هەنگاوی کرداری بۆ نووسینەوەی دەستوور بهاوێژین.

دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی "یەکڕیزی و دەستوور"

پێشەکی دەمەوێت سوپاسی هەموو ئامادەبووانی بەڕێز بکەم، کە بە قسە و بۆچوونەکانی خۆیان ئەم کۆنفرانسەیان دەوڵەمەند کرد. سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەم، سوپاسی رێواز خان دەکەم. سوپاسێکی تایبەت بۆ جێنین خان کە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق و بە بەشداریکردنی خۆی لەم کۆنفرانسە و مانەوەی لەو ماوە دوورودرێژەدا لەگەڵ ئێمە و لە بەیانییەوە، نیشانەیەکی دیارە بۆ پشتگیری و جیدییەتی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و عێراقیش. زۆر سوپاس.

زۆر قسە کرا لەسەر بابەتی یەکڕیزی و دەستوور، بە دڵنیاییەوە هەندێک لەو قسانە پێشتر ئەوەی کە من لە بەیانییەوە بە تەمابووم بیکەم جەنابی سەرۆکی حکوومەت کاک مەسرور کردی، رێوازخانیش هەندێکی تەکمیلی کرد، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم لەسەر بابەتی دەستوور. دەستوور ئامرازە بۆ ئامانجێک. ئێمە ئامانجمان لە بابەتی نووسینەوەی دەستوور چییە؟ دەمانەوێت چ ئامانجێک پێکبێنین و چی بکەین لە نووسینەوەی دەستوور؟

دەستوورمان بۆ ئەوەیە کە ئێمە نیزامی سیاسی هەرێمی کوردستان رێکبخەین، دەستوورمان بۆ ئەوەیە لەم وڵاتە یاسا سەروەر بێت، دەستوورمان بۆ ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بە هەر هەموویانەوە هەست بە ئارامی و ئایندەیێکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەکانیان بکەن، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە.

ئامانجی نووسینەوەی دەستوور ئەوەیە، دەستوور بابەتی هاووڵاتیبوون بپارێزێت کە گرینگترین ئامانجە بە نسبەت نووسینەوەی دەستوور. ئێمە جیاوازی زۆرمان هەیە لەم وڵاتەدا، لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی و لە کوردستانیش ئێمە هەمانە، ئەسڵەن ئێمە بەم پێکهاتانەی کە لە کوردستان دەژین ئێمە پێیانناڵێین کەمینە، چونکە جوانیی کوردستان لەو پێکەوەژیانەیە کە هەموومان پێکەوە لەم وڵاتەدا دەژین، جوانیی کوردستان لەمەدایە.

من بەبیرتان دێنمەوە ساڵی 2014 ، کە داعش بەرەو هەرێمی کوردستان هات لەو کاتەدا سەرۆکی ئەمریکا قسەیەکی کرد و پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی "پێکەوەژیان هەیە"، ئەو شتەی ئێمە دەبێت بە بەردەوام شانازیی پێکەوەبکەین ئەوەیە کە پێکەوەژیان لەم وڵاتەدا هەیە، جوانیی کوردستان لەوەدایە کە هەموو ئەم نەتەوانەی لە کوردستان دا دەژین ئێمە هەموومان کوردستانین. بە دڵنیاییەوە ئەم دەستوورە پێویستە دڵنیایی بداتە ئەم پێکهاتەکان.

ئەو قسانەی ئەمڕۆ لەم مەجلیسەدا کران بەتایبەتی ئەم پانێڵەی پێش گفتوگۆکەی ئێمە کرا [پانێڵی سێیەم: ماف و ئازادی پێکهاتەکان لە کوردستان] هی ئەو نەتەوانەی کە لە کوردستان دەژین. نیشانەی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا دڵنیانین. بۆیە دەستووری کوردستان دەبێت دڵنیایی بداتە ئەم خەڵکە. دەستووری کوردستان ئەوەی کە رێواز خان باسی کرد فعلەن بە سوپاسەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەستیانپێکرد و دوای ئەوە لەگەڵ ئێمەش باسیان کرد و ئێستا زیاتر روونە کە پێویستیمان بەوەیە زیاتر قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، چونکە دەستوور هەروەکو سەرۆکی حکوومەتیش ئەم بەیانییە ئاماژەپێدا و منیش دەمەوێت تەئکیدی لەسەر بکەمەوە، دەستوور بۆ یەک حیزب نییە، دەستوور بۆ یەک نەتەوەش نییە، دەستوور بۆ یەک پێکهاتەش نییە، دەستوور بۆ هەموو ئەو کوردستانیانەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین. لەبەرئەوە دەبێت رەنگدانەوەی بیرو بۆچوون و گرنگیپێدانی هەموو ئەو پێکهاتانە بێت کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین. ئەمە زۆر زۆر موهیمە. بە دڵنیاییەوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە دەستپێدەکەین کە هەنگاوی کرداری بۆ نووسینەوەی دەستوور بهاوێژین.بێگومان ئەوەی کاک دکتۆر کاوە ئاماژەی پێدا ئێمە بەشێک لە لایەنەکانمان دیوە و جەولەی ئێمە هێشتا تەواو نەبووە و سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەین.بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەم پرسە زۆر بەجیدی رادەوەستین و دەمانەوێت دەستوورێک بێت بۆ هەرێمی کوردستان و کە جێگەی دڵنیایی و جێگەی ئومێدی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێت.

بابەتی یەکڕیزی کە باسکرا، یەکڕیزی شتێکی زۆر زۆر گرنگە و ئێمە لە مێژووی خۆماندا زۆر قۆناخ کە پێکەوەبووین.. بێگومان وەکو حیزب ئێمە جیاوازیمان زۆرە و جیاوازی حیزبی زۆرە، بەڵام ئێمە دەبێت لەسەر یەکشت رێکبکەوین، پێناسەیەک کە هەموومان کۆبکاتەوە، یەک شت هەموومان کۆبکاتەوە. بۆ نموونە کە شەڕی داعش بوو، پێشمەرگە ئەو شوناسنامەیە بوو کە کوردستانیانی هەموو لە دەوری یەکدی کۆکردەوە و شەڕەفێکی گەورەبوو. کەس لە شەڕی داعش نەیگوت ئەمە یەکێتییە، ئەمە پارتییە، ئەمە گۆڕانە، ئەمە مەسیحییە و ئەمە ئێزدییە. هەموولایەک پێکەوە بەرگرییان لە کوردستان کرد، پێشمەرگە بووە رەمزێک و بووە پێناسی نیشتمانی.

دەبێت ئێمە زیاتر پەرەبەوەبدەین و دەبێت زیاتر هەوڵبدەین کە پێناسەیەک بۆ خۆمان لە هەرێمی کوردستان دروستبکەین کە هەموولایەکمان لەسەری رێکبکەوین، رەنگە دەستوور یەکێک لەو دەرگایانە بێت کە ئێمە هەموومان بتوانین هەم بزانین کە ئەرکمان چییە هەم مافمان چییە. ئەگەر ئەمە هەموولایەک زانیامان ئێمە دەتوانین چەمکی هاووڵاتیبوون لەم وڵاتەدا زیاتر پەرە پێبدەین.

بابەتی ئەو پرەنسیپانەی کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستانیان پاراستووە، ئێمە با سەیری ئەم وێستگانە بکەین لە ساڵی 1991ـەوە کە بەرەی کوردستانی دانرا و هەموو هێزەکان بەشداربوون توانیمان دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنین، چونکە پێکەوەبووین. لە وێستگەکانی دیکەی دوای ئەوە لە نووسینەوەی دەستووری عێراق دا پێکەوەبووین، لە شەڕی داعش هەتا ئاستێکی زۆر پێکەوەبووین. لەم کۆتاییانەشدا کە هەندێک شت لە پەرلەمانی عێراق دا کرا، پێکەوەبووین و توانیمان هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنین، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەرکی یەکڕیزیی ئێمە تەواوبووە؟ یان دەبێت زیاتر پەرەی پێبدەین؟

ئێمە دەبێت ئەو راستییە بزانین، ئەوەی کە لە دەستووری عێراقیشدا بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە بەڵگەیەکی زۆر گرنگی مێژووییە دوای ساڵی 1970 ، کە ئێمە بەڵگەیەکمان بەدەستەوەیە بەڵگەیەکی مێژوویی، دەستووری عێراق کە لە دوای ساڵی 2003 نووسرا تەنها بەڵگەیەکە کە بەدەستمانەوەیە، بەڵام با هەموومان یەک پرسیار لە خۆمان بکەین، ئەرێ لە ساڵی 2003 تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا دەستووری عێراق و مافە دەستوورییەکانی کوردستانی جێبەجێکردووە؟ لە هەموو روویەکەوە. نەیکردووە، ئەبەدەن.

ئێمە لە ساڵی 2003 ئەم دۆخەمان هەبوو، ئەوە نییە بڵێی دوای رووخانی رێژم شتێک زیادبووە، ئێمە ئەم دۆخەمان لە کوردستان هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر پرسیار لە هەموو کوردستانیان بکەین و بڵێن ئایا ئێوە لەم وڵاتە دا لە ئایندەی خۆتان دڵنیان؟ من پێموایە هەموو پێکەوە دەڵێن "نەخێر" ، چونکە تاوەکو ئێستاش زۆر بەداخەوە زۆربەی ئەو ماددە دەستووریانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، جێبەجێی نەکراوە. چۆن ئەم ماددانە جێبەجێدەکرێن؟ چۆن ئەم دەستوورە جێبەجێدەکرێت؟ یەکەم مەرجی جێبەجێکردن و مەرجی ئەوەی کە هەوڵبدرێت ئەوەیە کە دەبێت پێکەوەبین. ئێمە بەم پەرتەوازییە نە دەتوانین یارمەتی خۆمان بدەین نە دەتوانین یارمەتی عێراقیش بدەین. ئەمڕۆ تەحەددیاتی گەورە لەپێش هەرێمی کوردستان هەیە.

ئێمە لەسەر بودجە رێککەوتین. ئەوە جەنابی سەرۆکی حکوومەت لێرەیە، جێگری سەرۆکی حکوومەتیش تەشریفی لێرەیە. تاوەکو ئێستا هیچی جێبەجێنەکراوە. تاوەکو ئێستا عێراق یەک لەو شتانەیشی کە بە یاساشە بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێی نەکردووە. کەواتە ئێمە ئەو ئەرکانەی لەسەرشانمانە ئەوەیە کە دەبێت پێکەوەبین و یەکڕیزبین. زۆرمان لەپێشماوە کە دەبێت ئێمە بەو یەکڕیزییە لە بەغدا جێبەجێیان بکەین. ئێمە باوەڕمان بە سیستەمی فیدڕالی هەیە، ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە کێشەکانی ئێمە دەبێت لە چوارچێوەی عێراق دا و بەپێی دەستووری عێراق جێبەجێبکرێت. دەشمانهەوێت ئەو ماددە دەستووریانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت ئەوانە هەمووی جێبەجێبکرێت.

دەستووری عێراق حەقی بە هەرێمی کوردستان داوە کە دەستووری خۆی هەبێت، ئەو دەستوورەی هەرێمی کوردستان دەیبێت دیسانەوە دەیڵێمەوە دەبێت دەستوورێک بێت ئەو بەهایانەی کە هەمیشە هەرێمی کوردستان شانازیی پێکەوەکردووە بابەتی دیموکراسییەتە، ئازادی رادەربڕینە، ئەو پرەنسیپانەن کە بەڕاستی هەرێمی کوردستانی جیاکردووەتە لە هەمووشوێنەکانی تری عێراق، دەبێت ئەو پرەنسیپانە ئێمە بەردەوام بیانپارێزین.

پێم وایە مونا خان باسی ئەوەی کرد وەک ئەوەی هیچ دەستکەوتێک بەدینەهاتووە، دەستکەوتی زۆر گەورە لە سایەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی ئێمە و ماندووبوونیان بەدەستهاتووە و ئەوەی هەیە کەم نییە. بەڵام ئایا هەموو شتێک لەم وڵاتەدا تەواوە و ئێمە هیچ کێشەمان نییە؟ نەخێر کێشەمان هەیە. بەڵام گرنگ ئەوەیە لەپاڵ ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەبینین لە هەندێک بواریشدا بەرەوپێشچوونیش هەیە.

بەرەوپێشچوون ئەوەیە کە بابەتی ئابووری کێشەی گەورەی ئەم وڵاتەیە. بەڵێ کێشەی دارایی کێشەی گەورەیە لەم وڵاتەدا، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین لە زۆر قۆناخدا کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی ئەو یەکڕیزیی و پێکەوەبوونەوە بەدەستهاتووە. ئەمە شانازیی نییە بۆ یەک حیزب، ئەمە شانازییە بۆ هەموو گەلی کوردستان. ئەگەر پشتیوانی گەلی کوردستان و خۆڕاگریی گەلی کوردستان و تێگەیشتنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبوایە، ئەستەمبوو هەرێمی کوردستان بتوانێت هەتا ئێستاش بەردەوام بێت.

من یەک شت دەڵێم، هیچ سەرۆک حکوومەتێک و هیچ جێگری سەرۆک حکوومەتێک لە دونیا لەوە ناخۆشتر نییە کە نەتوانێت بابەتی مووچە و دابینیکردنی مووچە بە تەواوەتی جێبەجێ بکات، بەڵام ئێمە دەبێت بزانین ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی قورسە. بەڵێ پێشتر هەندێک کێشە هەبووە و ئێستاش هەیە، بەڵام بەڕاستی پێشكەوتنی باشمان بەدەستهێناوە. لە بابەتی نەوت و شەفافییەتدا، لە بابەتی وردبینی نەوتدا و لە بابەتی بودجەدا، ئێمە دەبینین پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە و با ئەم شتانەش بە کەم نەبینین.

دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی لە حکوومەت دا بەشدارن هەست بە ئەرکی خۆیان بکەن و هەست بەوە بکەن بەشێکین لە پرۆسەی سیاسیی و پرۆسەی بڕیاردان لەم حکوومەتەدا. لەبەرئەوە دەتوانن پێکەوە کار بکەن، ناکرێت ئەگەر دەستکەوتێک بەدەستهات هەر لایەنێک بڵێت ئەوە دەستکەوتی ئێمەیە و لەکاتی کە دۆخەکەش باش نییە بڵێن؛ خەتای فڵان حیزب، فڵان کەس و فڵان لایەنە. ئێمە خەڵکەکەمان بەڕاستی لەم درووشمانە تێگەیشتووە و ئەو شتانە دەزانن. دەبێت هەموومان پێکەوە ئەو قۆناخە سەختەی کە لە پێشمانە بەڕێیبکەین، ئێمە ئەو دەستوورە دەنووسینەوە، بەڵام دەبێت ئەو دەستوورە دەستوورێک بێت هەموو لایەنەکان لەسەری کۆکبن. هەروەها دەبێت ئەو یەکڕیزییەش بپارێزین و دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵەکانی خۆمان بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە هەمانە بە تایبەتی لە دەستووری عێراقدا دەبێت پێکەوە هەوڵی ئەوەبدەین کە جێبەجێ بکرێت.

قۆناخێکی زۆر هەستارمان لە پێشە ئەویش بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، ئەم قۆناخە قۆناخێکی زۆر گرنگە و هەموولایەنەکان خەریکن خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە رێکدەخەنەوە، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ئەگەر پەرتەوازە بین و هەریەکەمان بەلایەکدا بڕۆین ناتوانین هیچ دەستکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان و کوردستانیان دەستەبەر بکەین، بەڵام ئەگەر پێکەوەبین بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەم قۆناخە سەختەش بەڕێبکەین.

News Code 2064

Your Comment

You are replying to: .
captcha