بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئاشکرای کرد پێش سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، چەند جارێک سەرۆک کۆمار چاوی بەسەرۆکی هەرێم و هۆشیار زێباری کەوتووە، ئەوانیش دەستپێشخەریەکەیان بەلاوە گرنگ بووە، وتی "دکتۆر بەرهەم بۆیە هات بۆ هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێویستی بەپێداچوونەوە و چاک کردنە، یەکڕیزی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، هەروەها هەرێمیشی هاندا بۆ باش کردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا."
جەختیشی کردەوە"لایەنەکان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان پێباش بوو، بۆیە دوای هەوڵەکانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هاتە سلێمانی و لەگەڵ لایەنەکان کۆ بووەوە، ئومێد هەیە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، تا بگەنە ڕێککەوتن، بەتایبەت پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی ئاسایی بێت باشترە، وەک لەوەی ئێستا."
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار کە بەشداری بەشێک لە دانیشتنەکانی نێوان سەرۆک کۆمار و لایەنەکانی کردووە، ڕوونیشی کردەوە لایەنەکان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان پێ باش بووە، بەتایبەت دکتۆر بەرهەم و مەسعوود بارزانی کۆبوونەوەیێکی دوور و درێژیان ئەنجامدا، لایەنەکانی تریش وەکوو یەکێتی، پارتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو پشتگیری هەوڵەکانیان کرد، تا پەیوەندی نێوان لایەنەکان ئاسایی بێتەوە.
بەپێی هەندێک زانیاری، سەرۆک کۆمار بەرپرسانی هەرێمی لە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەم خاڵە نەکرد، وتی "پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە وادەخوازێت کورد یەک هەڵوێست بێت، بەتایبەت دکتۆر بەرهەم نموونەی دوای ساڵی 2003ی هێنایەوە، کاتێک کورد لە بەغدا یەکدەنگ بوو، خواستەکانی جێگیربوو، دوای هەڵبژاردن گەر شتی تر بێتە پێشەوە، پێویست بەوەدەکات یەکڕیزبین."
هەر بەپێی زانیارییەکان، پەیوەندی نێوان سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەرچەندە ئاساییە، بەڵام گەرم و گوڕیەکەی جارانی نەماوە، هۆکاری ئەمەش بۆ بادانەوەی کازمی بەلای هەندێک لایەنی شیعە دەگێڕدرێتەوە، بەڵام حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ڕەتی کردەوە گرفت لەنێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دا دروست بووبێت، وتی"پەیوەندی نێوانیان باشە، بەردەوام یەک دەبینن."
سەرچاوە: دەنگى کوردیی ئەمریکا
Your Comment