بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی ئەمریکی کرد کە لە هەریەکە لە جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ رۆژهەڵاتی نزیک بە وەکالەت؛ ئەیمی کەترۆنا، یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا بە وەکالەت؛ زەهرە بیڵ، بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سکۆت سیمۆنس لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکی پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆبێرت واڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی، پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و چەند پرسێکی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا هاوڕا بوون کە داعش مەترسییێکی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکات و بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی یەکجارەکییان، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە پشتگیری و بەردەوامیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیان بە پێویست زانی.
دۆخی سووریا و پێشبینییەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندە ئەمریکییەکە بوو. شاندەکە دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی و لە یارمەتیدان و پشتگیریی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت، هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریای بە گرنگ لە قەڵەم دا و هیوایان خواست بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە رێککەوتن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment