کوردپرێس:
ئەمریکا لەم دواییەدا 100 سەربازی دیکەی ناردە ناوچەی ژێرکۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریا و چەندین تانک و زرێپۆشی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
پەیمانگای ڕووسیی ڤاڵدای لە شرۆڤەیێکدا لەبارەی پەرەپێدانی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا نووسیویەتی: ڕووسیا لەم دواییەدا 75 سەربازی لەگەڵ چەندین وەجبە کەرەستەی قورسی سەربازی ناردووەتە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ. ئەگەری زۆرە کە پەرەپێدانی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا وەڵامێک بێت بۆ ئەم کارەی ڕووسیا.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕووسیا لەم ماوەی دواییدا ژمارەیێک لە بەرپرسانی کوردی سووریای بانگهێشتی مۆسکۆ کرد و یادداشتێکی لێکگەیشتنی نێوان ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و پارتێکی سەر بە دەوڵەتی ناوەندیی سووریای واژۆ کرد. ئەو مەسەلەیە وا خوێندنەوەی بۆ کرا کە ئامادەکردنی بەستێنە بۆ دانووستانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا. هەر بەو بۆنەیەشەوە ئەمریکا پەرەی بە جووڵە سەربازییەکانی لە باکووری سووریا داوە و نیازیەتی ڕێگری بکات لە دانوستانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی دیمەشق.
لەو شیکارییەدا ئەوەش جەخت کراوەتەوە کە پەرەپێدانی جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا هەڵگری هەوڵی ئەمریکایە بۆ ڕێگری کردن لە گۆڕینی دۆخەکە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد و هەروەهاش ڕێگری کردنە لە هێرش و مەترسیی هێرش کردنی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە.
ئەلکسی خلبنیکۆف نووسەری شیکارییەکە لە درێژەی بابەتەکەیدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا لە مانگی داهاتوو کردووە و نووسیویەتی ناردنی هێز بۆ سووریا موزایەدەی سیاسییە بۆ هەڵبژاردنەکان. ناوبراو لە سەر ئەو قەناعەتەیە کە ترەمپ نیازیەتی بە دەنگدەرانی بسەلمێنێت کە وای مەبەستە گیانی سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا پارێزراو بێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە زیادبوونی جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری سووریا ئەوەندەش زۆر نیە بەڵام یارمەتیی بەردەوام بوونی حەیاتی سیستەمی جێگیرکراوی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەدات و ڕێگری دەکات لە تەنگەژەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە سووریا.
خلبنیکۆف لەو قەناعەتەدایە کە زیادبوونی جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا بە هیچ شێوەیێک بە مانای گۆڕینی سیاسەت و ستراتێژیی ئەمریکا لە سووریا نابێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختیشی کردۆتەوە کە سەرباری ئەوەی کێ لە کورسیی سەرۆکایەتیی کۆشکی سپی دادەنیشێت، سووریا لە لیستی یەکەمایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نیە.
Your Comment