کوردپرێس: مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: بەم نزیکانە ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێکی تایبەت و پڕ وردەکاری لەبارەی جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان دەکات.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی ساڵێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، ھەرێمی کوردستان و عێراق و جیھان تووشی چەند قەیرانێکی تەندروستی و ئابووری بوونەتەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر ھەموو بەشەکانی ژیان دروست کردووە، ئەم قەیرانانە کێشەی نەک ھەر بۆ ئێمە، بەڵکوو بۆ وڵاتە زلێھزەکانی ئابووری و پیشەسازی جیھان دروست کردووە، ئابووری ئەو وڵاتانەی تووشی داڕمان کردووە. سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانانە، بەڵام ئێمە لە کارکردن و جێبەجێ کردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان نەوەستاوین، بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوامین.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخەی سەختەی تەندروستی و داراییەی ھاتووەتە پێش، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
مەسروور بارزانی، لەبارەی پرۆسەی چاکسازی گوتی، ھەر لە سەرەتاوە بە گرنگییەوە کارمان لەسەر چاکسازی کردووە، بەڵام چاکسازی پرۆسەیێکی بەردەوامە و بە شەو و رۆژێک تەواو نابێت، بەڵکوو بەردەوام دەبێت و ھەموو کەرتەکان دەگرێتەوە. ئێمە لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز دەستمان بە چاکسازی کردووە، کە بەسەر دوو بەشی سەرەکی دابەش دەکرێت ( چاکسازی دارایی) و (چاکسازی کارگێڕی).
سەرۆکی حکوومەت روونکردنەوە، بۆ پێداچوونەوە بە بواری باج لە ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە حکوومەتی ھەرێم لیژنەیێکی باڵا پێکھێنا و ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم راسپاردەکانی لیژنەکەی پەسند کرد و کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بەتایبەتی دانانی باج لەسەر پەیوەندی و گەیاندن و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، لەچوارچێوەی دانانی باج لەسەر پەیوەندی و گەیاندن، وەک مۆبایل و ئینتەرنێت. تائێستا 49 کۆمپانیای گەیاندن، لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی پابەندبن بە شایستە داراییەکان لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانی و گەیاندنی عێراق، ھەروەھا 7 کۆمپانیا دراونەتە دادگا بۆ پابەندبوون بە شایستە داراییەکان.
سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستەڕوو، کارمان کردووە بۆ نەھێشتنی رۆتین، لەپێناو باشترکردنی رایی کردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان لە فەرمانگەکانی حکوومەت بە رێگەیەکی ئاسان و خێرا، ئەمە جیا لە بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بە سیستمی ئەلیکترۆنی کە ئاسانکاری باشی کردووە لە بواری کۆکردنەوەی داھات و باشترکردنی کوالیتی کۆنتڕۆڵ.
لەبارەی پێداچوونەوە بە کاروباری دەروازە سنوورییەکان مەسروور بارزانی گوتی، لیژنەیێکی باڵامان لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پێداچوونەوە بە دەروازە سنوورییەکان پێکھێناوە، ھەروەھا بڕیارمان دا پێداچوونەوە بە گرێبەستی دەروازە سنوورییەکان بکرێت. بەشێوەیێک ئەو خزمەتگوزاریانە بە کەرتی تایبەت کە حکوومەت خۆی ناتوانێ ئەنجامیان بدات، ئەوانی دیکە ھەموویان حکوومەت خۆی ئەنجامی دەدات، ئەوەی کە دەدرێت بە کەرتی تایبەت دەبێ بە گرێبەستی شەفاف و لە بەرژەوەندی گشتی دابێت.
ناوبراو وتیشی: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دەروازە سنوورییەکان بەداخەوە بوونی دیاردەی قاچاخچیەتییە لە ھەندێک دەروازەی سنووری، بۆ نەھێشتنی ئەم دیاردەیە لیژنەیێکمان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش پێکھێناوە، ھیوادارین بە ھاوکاری پەرلەمانی کوردستان و ھەموو لایەنەکان سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment