کوردپرێس:
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی پێشمەرگە و تێکۆشەر و رێبەر سەرۆک مامجەلال تێپەڕدەبێت، لەو بۆنە خەمناکە سەری رێز و نەوازش بۆ رۆحی بەرزەفڕیان دادەنەوێنین، باوەڕیشمان وایە هەرچەندە بەجەستە بەجێیهێشتوین، بەڵام گوفتار و رەفتار و یاد یادەوەریەکانی بۆ هەمیشە لە هزر و ویژدانی گەلانی عێراق بە گشتی و کوردستانیان بە زیندوێتی رادەگیرێت و دەمێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، مامجەلال لە هەڕەتی لاوێتی هەڵگری خەسڵەتی کەسایەتی جیاواز و تایبەت و مەزن بوە، سەرەتای خەباتی خۆی لە نێو بزوتنەوەی رۆشنبیری و سیاسی لە ئاست و بوارە جیاوازەکان بە سەلیقە و پشودرێژیەوە دەستپێکردوە و رۆڵی کارێگەر و مێژویی لە شۆڕشی ئەیلولدا گێڕاوە و داینەمۆی شۆڕشی نوێش بوە کە لەیەکەمیاندا ئایکۆنێکی دیار و لە دووەمیشیاندا پێشەوا و رابەر بوە .
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، لە عێراقی دوای روخانی رژێمی رەفتار فاشیستی بەعسیدا، مامجەلال هاوڕێ لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، لە قۆناغی بونیادنانەوەدا لێبڕاوانە خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی خۆی ئاڕاستەکرد لە پێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە دەستوری هەمیشەیی عێراق و سازشنەکردن لەسەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و نەخشاندنی نەریتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق.
وتیشی، "سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراقی نوێ بە شایەتی دۆست و نەیارەکانی گەرەنتیکاری پاراستنی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی عێراق و کۆکەرەوەی دیدگ و روانگە جیوازەکان بو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش بەجۆرێک هاوسەنگی راگرت گە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی لەشەڕی بە وەکالەتی بەرژەوەندیە جیاوازەکا پاراست".
ئەوەشی خستەڕو، "لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی هێزە سیاسیەکان و بە ئەولەویەت وەرگرتنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان پاراستنی ماف و ئازادیە گشتیەکانی کردبوە قیبلەنمای خەباتە سیاسیەکەی".
وتیشی، "ئەستەمە بۆشایی کۆچکردنی سەرۆک مامجەلالمان بە ئاسانی پێ پڕببێتەوە، بەتایبەت کە باوەڕی سەرۆک مامجەلال بە کاری پێکەوەیی و سەقامگیری سیاسی هەلومەرجی ژینگەیی تەندروستی بۆ گەشەکردنی هەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی ئاستەکان رەخساندبو، لەو پێناوەش زۆرجار بە ئاڕاستەی یکڕیزی هێزە سیاسیەکان و بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری بەرژەوەندیە حزبی وکەسیەکان بوە".
Your Comment