ئەگەری هەیە تورکیا هێرش بکاتە سەر دیکەی ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا

بەشی جیهان- ئەنستیتۆی ناوەندی کارنگی دەڵێت تورکیا نفووزێکی زۆری لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی خۆیدا لە سووریا بەدەست هێناوە و چەند پلانێکی بۆ گۆڕینی دۆخی ئەم ناوچانە جێبەجێ کردووە و مومکینە تورکیا بیەوێت ئەم بەرنامەیەش لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات جێبەجێ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنستیتۆی ناوەندی کارنگی لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیا لە سووریا تاوتوێ دەکات کە لە ساڵی 2016وە تا 2019 لە چەند ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا داگیری کردوون.

کارنگی ئاماژەی دەکات کە هۆکاری داگیر کردنی سەرێ کانی و گرێ سپی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بوو و هۆشداری دەدات کە تورکیا سروشتی ناوچە سنوورییەکانی سووریای گۆڕاوە و ئەم ناوچانەی لەباری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە لکاندووەتە پارێزگاکانی باشووری خۆیەوە.

ئەنستیتۆی کارنگی نموونە دێنێتەوە و دەڵێت هەر یەکە لە ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە باکووری سووریا کە لەژێر کونترۆڵی تورکیان، نوێنەرێکیان لە پارێزگا درواسێکەیاندا لەنێو تورکیا هەیە. هەروەها تورکیا لەبەشی پەروەردەدا 146 قوتابخانەی کە زیاتر لە 15000 قوتابییان هەیە لە ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپیدا کردۆتەوە و زانکۆیێکی تورکیاش ڕێککەوتنێکی بۆ کردنەوەی قوتابخانە لەم ناوچانەدا واژۆ کردووە.

لە درێژەدا هاتووە: هەروەها ئەو قوتابییە سوورییانەی کە لە تاقیکاریی زمانی تورکیدا دەردەچن لە ژمارەیێک لە زانستگاکانی تورکیادا بوورسی خوێندن وەردەگرن. جگە لەمەش ژمارەیێک ناوەندی یارمەتیدەری تورکیا لەم ناوچانەدا چالاک بوونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەنستیتۆی ناوەندی کارنگی، سنووری نێوان ناوچە سوورییەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیا و ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان بە تەواوی داخراوە و ئەمەش دیاردەی قاچاخی زیاتر کردووە.

ئەم ناوەندە دەڵێت تورکیا نایەوێت ناوچە سنوورییەکانی سووریا بە وڵاتی خۆیەوە بلکێنێت بەڵام دەیهەوێت نفووزێکی زۆری لەم ناوچانەدا ببێت.

ئەنستیتۆی ناوەندی کارنگی دەڵێت تورکیا لەم ئەزموونە نوێیەدا سەرکەوتوو بووە و بۆیەش هۆشداری دەدات کە ئەگەری هەیە تورکیا هێرش بکاتەوە سەر ناوچەکانی دیکەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا و ئەم ئەزموونە دووپات بکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 200285

Your Comment

You are replying to: .
captcha