کوردپرێس:
ماڵپەڕی تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ڕۆژی یەكشەممە 27ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازیی لە قاسم ئەلئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەردوولا هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هەرێم و بەغدایان بە پێویست زانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا جەخت لەسەر خواستی هەرێم و بەغدا كرایەوە بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگیی نێوانیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندنی قاسم ئەعرجی لەبارەی دیدارەکەی نێوان ناوبراو و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیویەتی ئەعرەجی لەو دیدارەدا ڕایگەیاند کە ئامانجی سەردانی شاندە ئەمنییەکەی بەغدا ئەوە بوو کە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە پێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.
Your Comment