«گاڵۆ عیسا» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) لەبارەی سەردانی نوێنەرانی ئەمریکی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها بەرپرسی حزبە کوردییەکانی سووریا، ڕایگەیاند: برێت مەکگۆرک دۆستی کوردەکانە و لەسەرەتاوە کە کۆبانی گەمارۆ درابوو ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە کوردەکانی سووریا و یارمەتی زۆری بە کوردەکان گەیاند.
ناوبراو درێژەی دا: سەردانەکەی ئەم دواییەی مەکگۆرک بۆ ناوچەکە و هەر لەم چوارچێوەدا بوو و ئەو دەیەوێت کوردەکانی سووریا یەکگرتوو بن. لە ئێستادا شاندی ئەمریکی بە سەرپەرشتیی مایکل برۆنشتاین لە کوردستانی سووریان و ناوبراو چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ دوو لایەنی سەرەکیی کوردەکانی سووریا کردووە و هەڵومەرجەکەی بۆ دەست پێکردنی خولی نوێی دانووستانی لایەنە کوردییەکان ئامادە کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: لە لایێکی دیکەوە هەم ئەمریکا و هەم فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەرەنتی کەری ئەنجامی دانوستانەکانن و دەیانەوێت هەردوو لایەنەکە بگەنە ڕێککەوتن و کێشەکان تێپەڕێنن.
ئەندامەکەی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) ئەوەشی ڕاگەیاندکە لە ڕۆژانی داهاتوودا خولی نوێی دانووستانەکان دەست پێدەکات و جەختی کردەوە: ئێمە وەکوو حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) بڕوامان وایە بۆ پاراستنی دەسکەوتی کوردەکان لە سووریا پێویستە کە لیژنەیێکی هاوبەش پێبهێندرێت تا کوردەکان هەم لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و هەم لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و هەم بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ڕووداوە سیاسییەکانی داهاتوو، هەوڵویستێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment