کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە لە 224مین کۆبوونەوەی ژووری هەماهەنگیی ئابووری دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی کۆمەڵێک تەوەری ئابووری باس کران و لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی دیاردەی کۆڵبەرییش کرا.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی پرسی کۆڵبەرییەوە گوتی ئەو بابەتە شایستەی کەرامەتی مرۆڤ نیە و شتێکی زیانبارە و لای ئەوان قبووڵنەکراوە.
ڕۆحانی زیادی کرد: پێویستە بە پشتگیریی دارایی و ڕەخساندنی هەلی کار و هەوڵدان بۆ باهێنان و کاری پەروەردەیی بۆ سنوورنشینەکان ئەو دیاردە ناحەزە بسڕینەوە.
شایانی باسە پرسی کۆڵبەری وەک دیاردەیێکی نەشیاو، بەردەوام یەک لە تەوەرە گرینگە دارایییەکانی ناوچە سنوورییەکان بووە و سەرباری قوربانی بوونی چەندین کۆڵبەر لە مەرزە لاوەکییەکان و لە قاچاخەڕێیەکان، تا ئەم کاتەش کاری ڕێکخستنی گونجاو بۆ ئەو بابەتە نەکراوە و ئەگەرچی چەندین جار لایەن و دامودەزگا و بەرپرس و پەرلەمانتاری جۆربەجۆر باسی سنوورنشینی و کۆڵبەری و کەرامەتی کۆڵبەر و هاووڵاتییانی سنوورنشنیان کردووە بەڵام جگە لە کردنەوەی ناوبەناوی چەند بازاڕچەیێک و داخستنی دوبارەیان، تا ئەم کاتەش هیچ خزمەتگوزارییێکی دارایی ئاراستەی هاووڵاتییانی سنوورنشین و کۆڵبەرەکان نەکراوە.
منصور رحیمی
Your Comment