بێ گۆمان دەبێت لە ڕێگای گفتوگۆوە دوورنواڕێکی نوێ بۆ داهاتووی عێراق دابڕێژینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە عێراق لە سیاسەتەکانی خۆیدا دەیەوێت هۆکاری سەقامگیری بێت بۆ عێراق وتی: دەبێت لە ڕێگای گفتوگۆوە دوورنواڕێکی نوێ بۆ داهاتووی عێراق دابڕێژینەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ گفتوگۆيێکى ته‌له‌‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى که‌ناڵى شەرقیە نیوز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، باسى له‌ دۆخى عێراق و چارەسەرەکان بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشەکانی عێراق بە گشتیی کرد.

ده‌قى هەڤپەیڤینی شەرقیە نیوز له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى کە لە سایەتی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە و بارزانی لەم دیمانەیەدا باسی ژیانی شەخسی و پێشینەی سیاسیی خۆی دەکات کە لە چەند بەشدا بڵاو دەکرێتەوە.

بەشی سێهەم...

الشرقیه نیوز: زۆر باسی گفتوگۆی سیاسیم کرد و هیوادار بووین به‌ ریزبه‌ندی و به‌پێی مێژووی ژیان بچینه‌ ناو سیاسه‌ت، به‌ڵام باسی سیاسه‌تمان کرد. به‌ هه‌رحاڵ با که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه‌ قۆناخی حه‌فتاکان، له‌ حه‌فتاکان گوازرانه‌وه‌ تاران و له‌ زانکۆی تاران خوێندووتانه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى شای ئێران ژیاون. باسمان بۆ بکه‌ خوێندنتان چۆن بوو و ژیان له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتى شا چۆن بوو؟

نێچيرڤان بارزانى: ساڵی 1974 دوای نسکۆی شۆڕش چووینه‌ ئێران، دوای شۆڕشى ئێران له‌ ساڵی 1979 که‌ ئه‌و کاته‌ ته‌مه‌نم 12 – 13 ساڵان بوو، دوو رووداو روویان دا یه‌که‌میان شۆڕشى ئێران بوو و دووه‌میش له‌و کاته‌دا خوالێخۆشبوو باپیرم مه‌لا مسته‌فا کۆچى دوايى کرد. دوای شۆڕشى ئێران که‌ له‌ ئه‌مەریکا له‌ نه‌خۆشخانه‌ بوو، به‌ته‌ما بوو بگه‌ڕێته‌وه، له‌و کاته‌شدا باوکم ئیدریس له‌گه‌ڵيدا بوو، ئه‌و کاته‌ کاک مه‌سعود له‌وێ نه‌بوو، گه‌ڕابووه‌وه‌، له‌ ئێران بوو، بێگومان بۆ من تێگه‌یشتنم که‌مبوو، ئه‌وه‌ نه‌بوو به ‌ته‌واوی بزانم چی روویداوه‌، به‌ڵام ده‌مزانی خۆشییه‌کی زۆر هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی که‌ شا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ما. شا یه‌کێک له‌وانه‌ بوو که‌ رێککه‌وتنی جه‌زائیرى کردبوو، يه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانى نسکۆی شۆڕشی کورد بوو، بێگومان بۆ خه‌ڵکی کورد به ‌شێوه‌یه‌کی گشتی رووداوێکی زۆر گه‌وره‌ بوو، زۆریش گرنگ بوو. له‌و ماوه‌يه‌دا له‌ ئێران چووینه‌ قوتابخانه‌ و خوێندمان، من زانکۆم ته‌واو نه‌کرد، من به‌ته‌ما بووم بچمه‌ ئه‌مریکا. یه‌کێک که‌ زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دام و کاره‌کانى بۆ رايى ده‌کردم تا بچمه‌ ئه‌مريکا بخوێنم، خوالێخۆشبوو د. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بوو یادی به‌خێر. به‌ڕێزيان زۆر تێکه‌ڵى خێزانمان بوو‌، به‌تایبه‌تیش دۆستێکی زۆر نزیکى باوکم بوو، ئه‌و زۆر حه‌زی ده‌کرد و زۆر مه‌به‌ستی بوو که‌ بۆ به‌رده‌وامیی خوێندن بچمه‌ ئه‌مەریکا و هه‌موو کاره‌کان ته‌واو بوون. ئه‌و رۆژه‌ی که‌ به‌ته‌ما بووم بچم، رۆژی دوایی باوکم کۆچى دوايى کرد. کاک ئیدریس له‌ ته‌مه‌نی 43 ـ 44 ساڵان به‌ وه‌ستانى دڵ کۆچی دوایی کرد، دوای ئه‌وه‌ به‌رپرسیاريه‌تيى خێزان و به‌رپرسیاريه‌تيى منداڵه‌کان زیاتر وایکرد که‌ نه‌متوانی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و کاته‌ جه‌نابی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانیی مامم له‌ پێشمه‌رگایه‌تی بوو، ئه‌ویش نه‌یده‌توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌رکى پێشمه‌رگایه‌تی و حزب و ماوه‌یه‌کی زۆری پێچوو تا گه‌ڕایه‌وه‌. قوتابییه‌کی زۆر زیره‌ک نه‌بووم له‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام خراپیش نه‌بووم، له‌ بیرکاری خراپ بووم، به‌ڵام له‌ وانه‌کانی وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو و جوگرافیا و وانه‌کانی دیکه‌، قوتابییه‌کی زیره‌ک بووم. که‌ ده‌هاته‌ سه‌ر بیرکاری و ئه‌وانه‌ زۆر باش نه‌بووم، خه‌ریکی وه‌رزشیش بووم که‌ له‌وساوه‌ تا ئێستاش به‌شێکه‌ له‌ ژیانم.

پرسیار: الشرقیه نیوز: خاڵێکى گرنگتان باس کرد، به‌پرسياريه‌تيى له‌ ته‌مه‌نێکى زووه‌وه‌، پێگه‌يشتنێکى زياتريش ده‌دات، وايه‌؟

نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ک پێمگوتن له‌ ته‌مه‌نێکی زۆر گه‌نجييه‌وه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و فه‌رمانه‌کانی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تييه‌م وه‌رگرت. له‌ ژیانی سیاسیمدا که‌ ده‌ستمپێکردووه‌، هه‌میشه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵم خه‌ریک بووه‌ و رۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بووه‌ له‌وه‌ی بێمه‌ ناو ژیانی سیاسی و به‌رپرسیاريه‌تی وه‌رگرم. هه‌موو که‌سێکیش له‌ ژیانی خۆيدا هه‌ڵه‌ ده‌کات و شتی باشیش ده‌کات، منیش وه‌ک هه‌ر مرۆڤێک له‌ ژیانی سیاسیی خۆمدا هه‌ندێک شتی باشم کردووه‌، هه‌ڵه‌شم زۆر بووه‌، بێگومان ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر شتی باشم کردووه‌ و هیچ هه‌ڵه‌یه‌کم نه‌بووه‌، مرۆڤ هه‌ندێک جار سه‌یری ده‌کاته‌وە‌ ده‌بینێت. گرنگ ئه‌وه‌يه‌ مرۆڤ له‌ ژیانی خۆی له‌و هه‌ڵانه‌ فێر ببێت و بیکاته‌ هێزێک بۆ ئاينده‌.

پرسیار: الشرقیه نیوز: سه‌ره‌تایه‌کتان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌ستپێکرد، به‌ڵام به‌ پرسیارێکی خێرا، جه‌نابتان زمانی ئینگلیزی و فارسی ده‌زانن، نهێنی ئه‌وه‌ چییه‌ که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ ناکه‌ن؟ بۆچی؟ قورسه‌؟

نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌و شتانه‌یه‌ که‌ من زۆر گله‌یی له‌ خۆم ده‌که‌م، ناڵێم سه‌ختيشه‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ر شتێک بکاته‌ ئیراده‌ی ده‌توانێت، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ نموونه‌ بۆ منداڵه‌کانم ئامۆژگارييان ده‌که‌م پێیان ده‌ڵێم فێری عه‌ره‌بی ببن، به‌ نه‌وه‌ی تازه‌ی کوردستانیش ده‌ڵێم خۆتان فێری زمانی عه‌ره‌بی بکه‌ن، په‌نا به‌خوا منیش خۆم فێر ده‌که‌م.

الشرقیه نیوز: زمانی عەرەبی قورسە؟

نێچيرڤان بارزانى: قورسه،‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام پێویسته‌، زۆريش پێویسته‌.

الشرقیه نیوز: کاک نێچیرڤان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوکارم ئێمه‌ى‌ برده‌وه‌ رابردوو و بۆ مێژووی پێگه‌یشتنتانى گه‌ڕاندینه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ باس له‌ گواستنه‌وه‌کانتان بۆ شاره‌ عێراقییه‌کان بکه‌ین، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دان جه‌نابتان له‌و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ن که‌ سه‌ردانی به‌غداتان کردووه‌ پێش رووخانی رژێمی پێشوو، هیچ شارێکی دیکه‌ی عێراق هه‌یه‌ که‌ سه‌ردانتان کردبێت، هه‌روه‌ها هه‌ستتان چۆن بوو که‌ سه‌ردانی به‌غداتان کرد له‌ کاتی رژێمی سه‌دام حسێندا؟

نێچیرڤان بارزانی: پێش 2003ێش له‌ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و سیاسه‌تی ئێمه‌دا یه‌ک بنه‌مای گرنگ هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ ئێمه‌ عێراقین و سه‌رئه‌نجام کێشه‌کانمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا ئێمه‌ هیچ کات په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌پچڕاند، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌مى رژێمی پێشووش په‌يوه‌ندييه‌کانمان به‌رده‌وام بوون. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا که‌ پرسی کورد له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌و کات ئه‌و حکومه‌ته‌ نوێنه‌رایه‌تيی سه‌روه‌ريى عێراقی ده‌کرد ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بوو، سه‌دام حسێن سه‌رۆککۆماری ئه‌و وڵاته‌ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان هه‌بووه‌، خۆم چه‌ندینجار سه‌ردانى به‌غدا و موسڵم کردووه‌ له‌و کاته‌دا.

الشرقیه نیوز: نيازتان هه‌يه‌ سه‌ردانى پارێزگاکانى ديکه‌ى عێراق بکه‌ن؟

نێچيرڤان بارزانى: زۆر حه‌ز ده‌که‌م سه‌ردانی شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق بکه‌م و چه‌ندینجاریش چوومه‌ته‌ نه‌جه‌ف و ئه‌و شه‌ره‌فه‌م به‌رکه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا سیستانیيش دانیشتنم هه‌بووه‌، دانیشتنێک که‌ هیچ کات وه‌ک که‌سێک له ‌یادی ناکه‌م، له‌م سه‌ردانه‌شدا که‌ له‌ به‌غدا بووم له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌مان جه‌نابی حه‌لبووسی و سیاسییه‌کانی دیکه‌ی عێراقی قسه‌مان کرد و له‌ به‌رنامه‌مدایه‌ له‌ داهاتوودا سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌ش بکه‌م، سه‌ردانى به‌سرە و ئه‌نبار بکه‌م و له‌و شوێنانه‌ خه‌ڵک ببینم، حه‌ز ده‌که‌ین له‌ نزیکه‌وه‌ خه‌ڵک له‌ په‌یامی ئێمه‌ تێبگه‌ن، ئێمه‌ خێری هه‌موو عێراقمان ده‌وێت، پێشکه‌وتنێکی هه‌ر شارێکی عێراق بۆ ئێمه‌، بۆ هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌وتنه‌، به‌هێزبوونی ئابووریی عێراق به‌هێزبوونی هه‌رێمی کوردستانه‌ و پێچه‌وانه‌ نییه‌. با له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی ئێوه‌وه‌‌ ئه‌و قسه‌یه‌ بکه‌م، زۆر به‌داخه‌وه‌ سیاسییه‌کانی عێراق له‌ ڕابردوودا نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ک پێویست خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ خه‌ڵک به‌جێ بگه‌یه‌نن، هه‌میشه‌ خه‌ڵکی عێراقیان وا تێگه‌یاندووه‌ که‌ خه‌تای هه‌رێمی کوردستانه‌. هه‌رێمی کوردستان زیاتر له‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستووری عێراق و به‌پێی عێراقیبوونی خۆی که‌ مافى خۆیه‌تی، له‌وه‌ زیاتر داوا ناکات و هیچ کاتێکیش له‌ بودجه‌ى عێراق ئه‌وه‌نده‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام خه‌ریک بوو ئه‌وه‌ ده‌چووه‌ ناو شه‌قام که‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزاری له‌ فڵان شوێنی عێراق و له‌ فڵان شاری عێراق نه‌بێت، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی کوردستان پاره‌که‌ی بردووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ شکستی خۆیان بۆ جێبه‌جێ نه‌کردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ هاووڵاتیانی عێراق بخه‌نه‌ ملی هه‌رێمی کوردستان. لێره‌وه‌ به‌ هه‌موو گه‌لی عێراق ده‌ڵێم پێشکه‌وتنی هه‌ر شارێکی عێراق به‌ پێشکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان هه‌ژمار ده‌که‌ين. کاتێک‌ ده‌چینه‌ ده‌ره‌وه‌ و وڵاتانی دیکه‌ ده‌بینین زۆر پێمان ناخۆشه‌ که‌ ده‌بینین وڵاتانى ديکه‌ له‌ عێراق پێشکه‌وتووترن‌، ده‌ڵێین عێراق چی له‌م وڵاتانه‌ که‌متره‌؟! بۆچى عێراق له‌ دۆخێکی وادا بێت که‌ ئيره‌يى به‌ وڵاتانی دیکه‌دا ببه‌ین، گه‌لی عێراق با له‌وه‌ دڵنیا بێت که‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌یه‌وێت هه‌موو عێراق پێشکه‌وتوو بێت.

الشرقیه نیوز: جه‌نابى سه‌رۆک ده‌مه‌وێت پرسیار ده‌باره‌ی ده‌ستوور و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی به‌رپرسه‌کان پێشکه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌کرێت بکه‌م، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ ده‌مه‌وێت پرسیارێک بکه‌م. باستان له‌وه‌ کرد که‌ له‌ ژیانی خوێندن و قوتابخانه‌ زیره‌ک نه‌بوون، به‌ڵام چۆن له‌ ژیانی سیاسیتاندا سه‌رکه‌وتوو بوون به‌تایبه‌تی له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانتاندا له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان؟ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئابڵۆقه‌که‌ی شکاند کاتێک سه‌ردانی پاریستان کرد و دیدارتان له‌گه‌ڵ ماکرۆن، سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا ئه‌نجام دا، باسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ و سه‌رکه‌وتنه‌ سیاسییه‌کانتان و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ جیهانم بۆ بکه‌ن‌؟

نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمی کوردستانی عێراق وه‌ک به‌شێک له‌ عێراق، له‌ سیاسه‌تدا په‌یڕه‌وی یه‌ک بنه‌مای سه‌ره‌کی کردووه‌، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یه‌وێت فاکته‌ری سه‌قامگیری و ئارامی بێت بۆ هه‌موو عێراق، ده‌یه‌وێت فاکته‌ری سه‌قامگیری بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، ده‌یه‌وێت فاکته‌رێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی عێراق باشتر بکات له‌ ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان په‌یڕه‌ومان کردووه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان فاکته‌ری تێکدانی ئاسایش و سه‌قامگیری نین له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یارمه‌تیده‌رین تا سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌دا دروست ببێت. فه‌ره‌نسا دوای رووداوه‌کانی ساڵی 2017 یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ بوو، به‌ سوپاسه‌وه‌ سه‌رۆک ماکرۆن یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ به ‌ڕاستی یارمه‌تیی عێراقی دا و یارمه‌تيی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدای دا. ده‌توانم بڵێم له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ گه‌ر رۆڵی ئه‌و نه‌بوایه‌، له‌وانه‌ بوو زۆر له‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بووبان، به‌ڵام ئه‌و رۆڵێکی سه‌رکی بینی، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا ديداره‌کانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ماکرۆن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن یارمه‌تيی هه‌موو عێراق بده‌ین. وه‌ک هه‌رێمی کوردستان ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانی دیکه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ديکه‌ به‌کار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی چۆن یارمه‌تيی هه‌موو عێراق بده‌ین، چۆن یارمه‌تيی چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ بده‌ین که‌ تا ئێستا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ماونه‌ته‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌؟

الشرقیه نیوز: ئێستا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که‌م، ده‌ستوور پێشکه‌ش کردنی خزمه‌نگوزارییه‌ به‌ هاووڵاتیان ئه‌مه‌تان پێش که‌مێک باس کرد. پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه‌، ده‌م نا ده‌مێک هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بيستين که‌ لایه‌نێک هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت ببێته‌ هه‌رێم وه‌ک به‌سرە، یان گوێمان له‌ هه‌رێمی ئه‌نبار ده‌بێت، ئێستا ئێمه‌ ڕاستيی ئه‌و زانیارییانه‌ نازانین، ئایا ئیراده‌یه‌کی راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ یان نا؟ پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌زموونی هه‌رێم لای ئێوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان سه‌رکه‌وتوو بوو، چۆن ئامۆژگاری لایه‌نه‌کانی دیکه‌ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌کی راسته‌قینه‌یان هه‌بوو بۆ دروستکردنی هه‌رێم؟

نێچيرڤان بارزانى: پرسی هه‌رێم بابه‌تێکی ده‌ستوورییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه‌، ده‌ستووری عێراق رێگه‌ی داوه‌ هه‌رێمه‌کان دروست ببن، ئێمه‌ ئه‌زموونێکى تا ڕاده‌یه‌کی زۆر سه‌رکه‌وتوومان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم، ئێستا ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌رێمیش حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌کات چۆن ده‌سه‌ڵاتی لامه‌رکه‌زی بداته‌ پارێزگاکان، جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیران و کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ن، که‌واته‌ بۆ خۆمان به‌ مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتووی ده‌زانین و کارێکی ده‌ستووریشه‌ و هه‌ر پارێزگایه‌ک له‌ پارێزگەکانی عێراق پێى وابێت که‌ خزمه‌تی زیاتر و خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشکه‌ش به‌ هاووڵاتیانی عێراق بکات، بۆچى نا؟ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق شتێکمان نه‌کردووه‌ و هه‌ر هه‌رێمێکیش دروست ببێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق نییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ که‌ ده‌ستووری عێراق دیاری کردووه‌، جا له‌سه‌ر کاته‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئاخۆ ئه‌و کاته‌ هاوکاره‌ یان له‌ داهاتوودا، یان هه‌ریه‌ک به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی، ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه‌ی دۆخی خۆیان بکه‌ن تا بزانن باشترین مۆدێل چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی زیاترى هاووڵاتیانی پارێزگای خۆیان بکه‌ن.

الشرقیه نیوز: کاک نێچیرڤان، له‌ قسه‌کردن ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانتان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا، سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا یه‌که‌م که‌س بوو که‌ بیرۆکه‌ی گرێبه‌ستى سیاسی له‌ لوبنان و عێراق پێشکه‌ش کرد، زۆرێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان ده‌ستیان به‌ پێشکه‌ش کردنی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ کردووه‌، بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ پێویسته‌ گرێبه‌ستى سیاسیی نوێ هه‌بێت ئه‌گينا به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی نادیار ده‌ڕۆین، یان به‌ره‌و پشێوی و یان له‌وانه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ڕۆین. له‌ میانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی کردتان له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ داننان به‌ هه‌ڵه‌کان و به‌ره‌وپێشوه‌چوون، سه‌ره‌تای قۆناخێکی نوێی سیاسییه‌؟

نێچيرڤان بارزانى: پێموایه‌ ته‌واو ئه‌وه‌یه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌م که‌ قۆناغ و کاتى په‌يمانێکى نوێیه‌. 18 ساڵ به‌ ماوه‌یه‌کی ڕاگوزه‌ر هه‌ژمار ده‌کرێت و هه‌ر گوتوومانه‌ راگوزه‌ر، ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی دیدێکی نوێ بکه‌ین ئاخۆ عێراق به‌ره‌و کوێ؟ بینینی سیاسییه‌کانی عێراق چییه‌ بۆ داهاتووى عێراق؟ ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبینم له‌ به‌غدا به‌ڕێز سه‌رۆکوه‌زیران مسته‌فا کازمی، ئه‌و خۆیشی باسی ئه‌وه‌ ده‌کات و باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ شتێکی نوێ بکه‌ین و سیاسییه‌کانی دیکه‌ی عێراقیش هه‌مان باسیان کردووه‌، بێگومان هه‌ریه‌ک به‌ تێگه‌یشتن و بۆچوونی خۆی باسی ده‌کات، به‌ڵام بێگومان کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بڵێین به‌سه‌، به‌سه‌ با دانیشین، به‌سه‌ با بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ دیدێکی هاوبه‌ش پێناسه‌ بکه‌ین ئاخۆ عێراق به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟ 18 ساڵ به‌سه‌ هه‌ر باسی ئه‌وه‌ بکه‌ین ئێمه‌ له‌ قۆناغی راگوزه‌رداين. ته‌واو، ئه‌وه‌ی 2003 له‌ دایکبووه‌ ئێستا 18 ساڵه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌کرێت به ‌ڕاستی عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر و به‌ره‌و چاره‌نووسێکی نادیار ده‌ڕوات. با نموونه‌یه‌کی ساده‌ بهێنمه‌وه‌، مه‌عقووله‌ ئێستاش خه‌ڵکی عێراق هه‌بێ له‌ که‌مپه‌کاندا بن و له‌وێ بژین؟ چۆن ده‌کرێت تا که‌ی؟ نه‌وه‌یه‌ک له‌ناو که‌مپه‌کان له‌دایک ده‌بێت بێ هیوا، بێ داهاتوو، بێ خوێندن، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یه‌ که‌ تووندڕه‌وی و داعش دروست ده‌کات، هه‌ر ئه‌و شتانه‌یه‌ که‌ داعش دروست ده‌کات و زه‌مینه‌ بۆ تووندڕه‌وی خۆش ده‌بێت! ده‌بێت له‌مانه‌ بکۆڵينه‌وه‌ و به‌ جددی هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م کێشانه‌ی له‌ عێراق هه‌ن چاره‌سه‌ر بکه‌ين. وه‌ک عێراقی و وه‌ک وڵاتێک که‌ پێی ده‌گوترێت عێراق، زۆر وڵات هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت یارمه‌تیی عێراق بده‌ن، به‌ڵام به‌رله‌ هه‌موو شتێک ده‌بێت عێراقییه‌کان خۆیان یارمه‌تیی خۆیان بده‌ن، ئه‌م هه‌موو وڵاتانه‌ى ئه‌وروپا و ئه‌م‌ریکا له‌ شه‌ڕی داعشدا یارمه‌تیی عێراقیان دا، ئێستاش به‌رده‌وامن و حه‌ز ده‌که‌ن یارمه‌تیی عێراق بده‌ن، به‌ڵام یه‌که‌م شت ده‌بێت عێراقییه‌کان خۆیان یارمه‌تیی خۆیان بده‌ن، له‌سه‌ر شتی بێ مانا چوار پێنج کاژێر گفتوگۆ ده‌که‌ن. ساڵی پار له‌ به‌غدا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا به‌شدار بووم، بابه‌ته‌که‌ ئه‌و کات خۆپیشاندان بوو له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌، ئه‌و مۆدێله‌ی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان پێشکه‌شیان ده‌کرد بۆ من زۆر سه‌یر بوو! گوتيان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ داده‌مه‌زرێنین، یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین کێشه‌کانی عێراق ئه‌م هه‌موو دامه‌زراندنه‌یه‌، بودجه‌ى عێراق مانگانه‌ نزیکه‌ی چوار تا پێنج ملیار دۆلار ته‌نیا بۆ مووچه‌یه‌، چ حکومه‌تێک ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و چۆن ده‌کرێت و له‌ چ وڵاتێکدا ئه‌مه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ تا که‌ی؟ گفتوگۆيه‌کى زۆرمان کرد، یه‌ک پرسیارم کرد و گوتم ئێوه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ داده‌مه‌زرێنن، پێتانوایه‌ ئه‌مه‌‌ چاره‌سه‌ره‌؟ پێموایه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، پرسیار له‌ وه‌زیری دارایی بکه‌ن ئاخۆ پاره‌ی هه‌یه‌؟ جارێ ئه‌و پرسیاره‌ بکه‌ن له‌ بودجه‌ى عێراقدا پاره‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ هه‌یه‌؟ نه‌بووه‌، به‌ڵام‌ هه‌ریه‌ک له‌ پێکهاته‌کان، هه‌ریه‌ک له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌کان بۆ هه‌ندێک مه‌به‌ستی تایبه‌تی بۆ خۆیان، هه‌ندێک چاره‌سه‌ر پێشکه‌ش ده‌که‌ن نه‌ک بۆ عێراق، خه‌می خۆیانه‌، خه‌می حزبی خۆیانه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌، عێراق ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ به‌شی هه‌مووان ده‌کات، خێر و سامانی عێراق به‌شی هه‌مووان ده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایلێهات ته‌نیا بیر له‌ حیزب و له‌ پێکهاته‌ى خۆت بکه‌یته‌وه‌، چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م عێراقه‌ نابێت.

الشرقیه نیوز: ده‌توانن پێمان بڵين له‌ سه‌ردانه‌ دووباره‌کانتاندا بۆ به‌غدا و دیداره‌کانتان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ سیاسییه‌کان، ئایا به ‌ڕاستی هه‌ستتان کرد دیدێکی راسته‌قینه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سیاسییه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌يه‌؟

نێچيرڤان بارزانى: باوه‌ڕ ناکه‌م ئێستا ئێمه‌ له‌و خاڵه‌ بین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1954

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha