بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له گفتوگۆيێکى ته‌له‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى که‌ناڵى شەرقیە نیوز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، باسى له دۆخى عێراق و چارەسەرەکان بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشەکانی عێراق بە گشتیی کرد.
ده‌قى هەڤپەیڤینی شەرقیە نیوز له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى کە لە سایەتی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە و بارزانی لەم دیمانەیەدا باسی ژیانی شەخسی و پێشینەی سیاسیی خۆی دەکات کە لە چەند بەشدا بڵاو دەکرێتەوە.
به‌شى دووه‌م..
الشرقیە نیوز: کاتێک باسی چیا ده‌که‌م، په‌ندێک هه‌یه که ده‌ڵێن چیاکان په‌ناگه‌یێکی ئارام بوون بۆ سیاسییه‌کان و ئۆپۆزیسیۆنه‌کان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وانه‌ی که ده‌ترسێن، به هه‌مانشێوه چیاکان بوونه په‌ناگه‌یێکی ئارام بۆ ئاواره‌کان دوای ساڵی 2014، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا چیاکان هه‌ر به په‌ناگه‌ی ئارام بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان و ئه‌وانه‌ی ده‌ترسێن و ئۆپۆزیسیۆنه‌کان و ئه‌وانه‌ی داوای ژیانێکی باشتر ده‌که‌ن، ده‌مێننه‌وه؟
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه، هیوادارین په‌نابردن بۆ چیا، په‌نابردن بۆ شاخ له هه‌موو عێراقدا نه‌مینێت و پێویست به‌وه نه‌کات. با سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌وه بکه‌ینه‌وه بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق به شێوه‌یه‌کی وا بیر بکه‌ینه‌وه که وانه له هه‌ڵه‌کانی رابردوو وه‌رگرین، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌موومان کردوومانن، با ئه‌مه هێزێک بداته ئێمه بۆ ئاينده‌ى عێراق، هیوادارم هیچ کاتێک هیچ عێراقییه‌ک پێویستی به‌وه نه‌بێت و پێى وابێت که ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاخه‌کان و وا بزانێت ته‌نها شوێنێکی ئارام بۆ ئه‌وان شاخه‌کانن، هيوادارم عێراق له‌و قۆناخه ده‌رباز ببێت.
الشرقیە نیوز: به‌ڵام له میانه‌ی قسه‌کانتاندا پێش که‌مێک فه‌رمووتان له‌وانه‌یه، ئێمه هه‌ندێک له لایه‌نی ژیانمان باس کرد، به‌ڵام گوتتان که به‌غدا هه‌ڵه‌ی کرد و سیاسییه‌کانی عێراق هه‌ڵه‌یان کرد و ئێمه‌ش هه‌ڵه‌مان کرد، ئێستا به زمانێک قسه ده‌که‌ن که له هه‌ڵه‌کانی رابردوومان فێر بین، هه‌روه‌ک ئه‌وه وایه یه‌که‌مجاره ئه‌م زمانه له نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسی گوێبیست ببم، واته جه‌نابتان له نه‌وه‌ی دووه‌می نه‌ک نه‌وه‌ی یه‌که‌م، ئێستا نازانم ئایا نه‌وه‌ی یه‌که‌م خاوه‌نی عه‌قڵیه‌تێکی کلاسیکی بوون و جیا بوون له نه‌وه‌ی دووه‌م؟ ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ی جه‌نابتان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه ده‌بێت که ژیانێکی باشتر بۆ عێراقییه‌کان بێت و هه‌موو دۆسیه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکرێن؟
نێچيرڤان بارزانى: کێشه له چۆنیه‌تيی بیرکردنه‌وه‌دایه، سه‌یرکه‌ن به شێوه‌یه‌کی گشتی له عێراقدا دوو جۆره بیرکردنه‌وه هه‌یه، بیرکردنه‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌یه ده‌ڵێت له کوێ هه‌ڵه‌مان کرد وامان به‌سه‌رهات؟ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی دیکه ئه‌وه‌یه خه‌تای کێ بوو وامان به‌سه‌ر هات؟ ده‌بێ “خه‌تای کێ بوو وامان به‌سه‌ر هات” بخه‌ینه لایه‌که‌وه. ده‌بێ له عێراق یه‌ک شت بزانین، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه له کوێ هه‌موومان هه‌ڵه‌مان کرد که ئه‌مڕۆ دۆخی عێراق به‌مشێوه‌یه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان دایه‌وه، بێگومان ژیانێکی خۆشتر چاوه‌ڕێی هه‌موو عێراقییه‌کان ده‌کات. له سه‌ردانمدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌موو سیاسییه‌کانی عێراق په‌يامم ئه‌وه بوو (ئێمه هه‌ڵه‌مان کردووه، ئێوه‌ش هه‌ڵه‌تان کردووه، با دانیشین و وانه له‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین بۆ ژیانێکی باشتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان) تا به‌و شێوه‌یه بیر نه‌که‌ینه‌وه عێراق نابێته وڵاتێک که هه‌موومان چاوه‌ڕێی ده‌که‌ین. گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێکی زۆر باشتره له‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه، ئه‌م شه‌ڕه سیاسییه بێ مانایه‌ی له عێراق ده‌کرێت له‌سه‌ر چییه؟ باشتر نییه بیر له‌وه بکه‌نه‌وه چۆن ئابووریی عێراق به‌هێز بکه‌ن؟ ئايا ده‌کرێت عێراق تا ئێستا هه‌رچی شتومه‌کی هه‌یه به کوردستانیشه‌وه هه‌مووی له وڵاتانی دراوسێ هاورده‌ى ده‌کات؟ عێراق وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده که نه‌ک ته‌نها سامانی سرووشتیی هه‌یه، سامانی مرۆییشی هه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه سیاسییه بکرێت، با شه‌ڕه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه بێت چۆن عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ین؟ چۆن عێراق وا لێ بکه‌ین ببێته وڵاتێکی وه‌به‌رهێن و خۆمان پێداويستييهکانمان دابين بکه‌ين. ئه‌مه زۆر گرنگتره له‌و شه‌ڕه سیاسییه بێ مانایه‌ی که ئێستا له عێراق خه‌ریکین و خه‌ڵکمان پێوه‌ى ماندوو کردووه. له‌پێناو چی؟ به‌ڕای من ده‌بێت فۆکه‌س بخرێته سه‌ر ئه‌م لایه‌نه، چۆن ئێمه هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین متمانه‌ى گه‌لی عێراق بۆ سیاسییه‌کانی عێراق بگه‌ڕێته‌وه؟ ئه‌مڕۆ متمانه نه‌ماوه، هه‌ڵبژاردنه‌کانی دیکه‌ی عێراق ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه، رێژه‌ی به‌شداریکردن له هه‌موو عێراق چه‌ند بوو؟ زۆر زيادهڕۆييشى تێدا ده‌کرێت، به‌ڵام رێژه‌که زۆر که‌مبوو، بۆچى که‌مبوو؟ خه‌ڵک متمانه‌ى به‌وه نه‌ماوه که سندووقی ده‌نگدان ده‌توانێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، چونکه ئێمه باسی سیستەمێکی دیموکراتی ده‌که‌ین، دیموکراتی به‌س ئه‌وه نییه هه‌موو چوار ساڵ جارێک ئه‌و خه‌ڵکه ببه‌یت و پێی بڵێی وه‌ره ده‌نگ بده، خه‌ڵک چاوه‌ڕوانی له سیاسییه‌کانی عێراق هه‌یه، خه‌ڵک ده‌یه‌وێت ژیانێکی باشتر ببینێت، خه‌ڵک ده‌یه‌وێ له‌م دۆخه ناخۆش و نه‌هامه‌تييه‌ى ئه‌مڕۆى عێراق، ده‌ربچێت.
الشرقیە نیوز: به‌ڵام جه‌نابى سه‌رۆک، ته‌نیا داننان به هه‌ڵه‌کان به‌س نییه، پێویسته هه‌وڵی جددی هه‌بێت به شێوه‌یه‌ک هاووڵاتیی عێراقی هه‌ستی پێی بکات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت و بڵێت به راستی من به‌ره‌و ژیانێکی باشتر ده‌چم؟
نێچيرڤان بارزانى: پێموایه عێراقییه‌کان ورده ورده و نه‌وه‌ی تازه‌ى وڵات ئێستا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قۆناخه. نه‌وه‌ی ئێستای عێراق، نه‌وه‌ی پێش ده ساڵ نییه، ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 له‌دایک بووه، ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه. ئه‌مه خۆی له خۆیدا ئێستا ئاماده‌یه بۆ ئه‌و گۆڕانکارییه و قبووڵی ناکات، گه‌لی عێراق مومکین نییه هه‌ر درووشمى بێ ناوه‌ڕۆک له سیاسییه‌کانی عێراقی قبووڵ بکات و ژیانی ده‌وێت، کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌غداش به‌شێکن له‌و سه‌قامگیرییه سیاسییه‌ی که عێراق ده‌بێت به‌خۆیه‌وه بیبینێت. ئه‌مڕۆ راستييهک له عێراق هه‌یه، ده‌مه‌وێت راشکاوانه باسی بکه‌م، سه‌یری عێراق بکه، به به‌رده‌وامی پێکهاته‌یه‌کی عێراق ترسی له رابردوو هه‌یه، به‌رده‌وام پێکهاته‌یه‌کی دیکه ترسی له ئاینده هه‌یه، به‌رده‌وام پێکهاته‌یه‌کی دیکه ترسی له رابردوو، له ئێستا و له ئاينده‌ش هه‌یه که ئه‌وه‌یان کورده. تاکه‌ی ئێمه ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین؟ ده‌ڵێین قۆناخێکی راگوزه‌ره، له 2003 ئێستا ساڵی 2021ه، ئه‌م قۆناخی راگوزه‌ره تا که‌ی؟ 18 ساڵه، 18 ساڵ ته‌مه‌نێکه، ئه‌وه‌ی له 2003 له‌دایکبووه ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه. ئيتر ته‌واو، ده‌بێت دابنیشین و چاره‌سه‌ری بکه‌ین، که پێداگیری له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌که‌ین، ته‌نها مه‌به‌ستمان بۆ هه‌ولێر نییه، ئێمه مه‌به‌ستمان بۆ سه‌قامگیریی هه‌موو عێراقه، سه‌قامگیریی عێراق به‌شێک له کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدان، تا که‌ی ئێمه چاوه‌ڕوان بین؟ هه‌موو عێراقییه‌کان ده‌ڵێن تا که‌ی چاوه‌ڕوان بین؟! دۆخی هه‌رێمی کوردستان پێش ساڵی 2003 وه‌ک ئێستا بوو. ساڵی 2002 ئه‌مریکییه‌کان هاتنه لامان و باوه‌ڕیان به ئێمه هێنا که یارمه‌تییان بده‌ین چونکه عێراق به‌ره‌و وڵاتێکی دیموکراتی ده‌چێت و بڕیاری خۆیان دابوو رژێمی ئه‌وکاته لابده‌ن و بیڕووخێنن، داوای یارمه‌تییان ده‌کرد بۆ عێراقی نوێ، ئێمه به هه‌زاران هیواوه به‌شداریمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا کرد بۆ عێراقێکی نوێ، عێراقێک که بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان بێت، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌م عێراقه‌مان بنیات نا؟ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شى، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی، ئه‌و چه‌مکانه‌ى عێراقمان له‌سه‌ری دامه‌زراند، ئه‌و هاوبهشييه هه‌یه؟! ئه‌و پێکه‌وه‌بوونه هه‌یه؟ نییه! ئه‌مڕۆ له عێراق واقعێک هه‌یه، ئه‌م شتانه نییه، به‌شێکی زۆر له عێراقییه‌کان ئه‌مڕۆ تووشی نائومێدى بوون، پێيانوايه به‌شێک نين له پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته. داعش له ئه‌نجامی ئه‌مه دروست بووه، داعش له مه‌ریخه‌وه نه‌هاتووه، له ئه‌نجامی هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته دروستبوو! نابێت ئه‌م هه‌ڵانه دووباره بکه‌ینه‌وه، چونکه ئه‌مڕۆ دیسان زه‌مینه‌یه‌کی دیکه په‌یدا ده‌بێت بۆ ئه‌م تووندڕه‌وییه، به ناوی داعش نا به ناوێکی دیکه، خه‌می ئێمه خه‌می ته‌نيا کوردستان نییه، خه‌می ئێمه خه‌می هه‌موو عێراقه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و جوگرافیایه‌دا که پێی ده‌ڵێن عێراق، داوای ژیانێکی باش بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان ده‌که‌ین. له ساڵی 2003ه‌وه خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی هه‌رچی له توانایاندا بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بکه‌وێته سه‌رپێی خۆی، که‌مته‌رخه‌مییان نه‌کرد و هه‌رچی له توانایاندا بوو کردیان. رۆڵی ئێمه له عێراق رۆڵی تێکده‌رانه نییه، رۆڵمان رۆڵێکی بونیاتنه‌ره له عێراق، ده‌مانه‌وێت کێشه‌کانی عێراق به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ببن، ئه‌مه بۆ سه‌قامگیریی عێراق گرنگه.
الشرقیە نیوز: باشه له‌وانه‌یه ئه‌م گوتاره سه‌رنجڕاکێش و نوێ بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به زمانی یه‌کێتيی وڵات له‌وانه‌یه پێشکه‌وتنێکی به‌رچاو بێت ده‌رباره‌ى ئه‌م کێشه‌یه. کاک نێچیرڤان با باس له کۆتا شت بکه‌ین، له‌وانه‌یه ئه‌وه به‌رده‌وامیی ئه‌وه بێت که باسی ده‌که‌ی که ئه‌ویش که‌رکووکه و گرێ و چاره‌سه‌ره، کاتێک سه‌یری هه‌واڵه‌کانم ده‌کرد چاوم به هه‌واڵێک که‌وت ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌کانی جه‌نابتان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یان له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌رباره‌ی جێبه‌جێکردنی به‌نده‌کانی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و ئه‌م مانشێتانه گه‌یشتنه میديای عێراقی، به‌ڵام له میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه زیاتر شرۆڤه بکه‌ن و چۆن ده‌توانرێت ئه‌م کێشه‌یه بگه‌یه‌نرێت که زیاتر له جارێک له هه‌وڵه سیاسییه‌کانی کوردی یان عه‌ره‌بی باس کراوه، چ شتێکی نوێ له دۆسیه‌ی که‌رکووکدا هه‌یه؟
نێچيرڤان بارزانى: که‌رکووک شارێکی عێراقییه، هه‌روه‌ک چۆن هه‌ولێریش شارێکی عێراقییه، سلێمانیش شارێکی عێراقه له‌و جوگرافیایه‌دا که پێی ده‌ڵێن عێراق، کێشه‌ی که‌رکووک چییه؟ هه‌موومان ده‌زانین که‌رکووک کێشه‌یه‌که، به‌ڵام ئاماده نین ده‌ستی بۆ ببه‌ین تا ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ببێت. به ڕای من کێشه‌که دوو به‌شه، یه‌که‌میان پرسی سامانی سروشتییه، ئه‌و سامان و خێره له هه‌موو عێراق هه‌یه ته‌نیا له که‌رکووک نییه، له به‌سره هه‌یه، له هه‌ولێر هه‌یه، له سلێمانیش هه‌یه و له هه‌موو شوێنه‌کان هه‌یه، ئه‌مه‌یان به‌شێکه. ئه‌گه‌ر ئێمه یاسای نه‌وت و غازمان هه‌بوایه له عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ک پرسی نه‌وت نهدهبووە کێشه، چونکه یاسایه‌کمان ده‌بوو و به‌پێی ئه‌و یاسایه هه‌رێمی کوردستان و شوێنه‌کانی دیکه‌ی عێراق دڵنیا ده‌بوون له‌وه‌ی که بودجه‌ى خۆیان وه‌رده‌گرن. که‌واته چاره‌سه‌ری که‌رکووک ئه‌وه‌یه که ده‌بێت رێککه‌وتنێکی ته‌واو بکه‌ین له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز. کێشه‌ی دووه‌م پرسی خاکه، کێشه‌که به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت هه‌رێمی کوردستان بڵێت که‌رکووک يان فلانه شوێن کوردستانه، به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت، پێداگیریی به‌غداش له‌وه‌ی که کورد هیچ مافێکی له که‌رکووک نییه، به‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نابێت. پێویسته هه‌ردوولا نه‌رمییان بۆ چاره‌سه‌ريی کێشه‌که هه‌بێت. مادده‌یه‌کی ده‌ستووریمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن مادده‌ی 140 له ده‌ستووری عێراقدا که زیاتر له سه‌دا هه‌شتای گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه، مادده‌یه‌ک هه‌یه که جێبه‌جێ ببێت، رێگه‌چاره‌ی بۆ کێشه‌که داناوه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت جێبه‌جێ کردنی ئه‌م مادده ده‌ستوورییه‌یه و هیچی دیکه نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م مادده ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بکرێت، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم نه کورد و نه هیچ پێکهاته‌یه‌کی دیکه له که‌رکووک کێشه‌یان نامێنێت، به‌ڵام پاشخستنی چاره‌سه‌ریی پرسی که‌رکووک و شوێنه‌کانی دیکه نابێت، بێگومان بابه‌ته‌که ته‌نیا که‌رکووک نییه، بابه‌ته‌که شوێنه‌کانی دیکه‌شن، ئه‌و ناوچانه‌ی ئیمڕۆ پێی ده‌ڵین ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان، ئه‌مه ده‌بێت به لێکگه‌یشتن و دانیشتن چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه، له‌وه زیاتر هیچ رێگه‌چاره‌یه‌کی دیکه نابینین.
الشرقیە نیوز: رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌م دۆسیایهدا چییه؟ له سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا باستان له‌وه کرد که له‌م کێشانه‌دا مێزی گفتوگۆی عێراقی دادوه‌ر ده‌بێت، که‌واته رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له دۆسیای که‌رکووکدا چییه؟
نێچيرڤان بارزانى: نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (UNAMI) له عێراقدا هه‌یه، رۆڵی (UNAMI) یارمه‌تیدانی نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی عێراقییه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان. سرووشتی ئێمه له عێراقدا وایه که ناتوانین خۆمان کێشه‌کانی خۆمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و نازانین. رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌و پرسه‌دا ده‌توانێت ته‌نیا رۆڵێکی یارمه‌تیده‌ر بێت، له ئه‌نجامدا ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆمان، بۆ عێراقییه‌کان که ده‌بێت دانیشین و چاره‌سه‌ریان بکه‌ین. نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له رووی ته‌کنیکییه‌وه ده‌توانن زۆر زۆر یارمه‌تیمان بده‌ن، یارمه‌تيی ئێمه بده‌ن به‌وه‌ی هه‌ردوولا هان بده‌ن. باوه‌ڕ ناکه‌م نه به‌غدا و نه هه‌ولێر حه‌ز بکه‌ن هيچ لايه‌نێک رۆڵێکی له‌مه زیاتر بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ببينێت.
الشرقیە نیوز: با پرسیار له‌وه بکه‌م وه‌ک هاوکارم ده‌ستیپێکرد. جه‌نابى سه‌رۆک، ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور، بۆچی هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی هه‌ن وای داده‌نێن که ئه‌م ماده‌یه ماده‌یه‌کی مردووه؟
نێچيرڤان بارزانى: چوونکه نایانه‌وێت واقع ببینن، نایانه‌وێت واقعی عێراق ببینن، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ک وا بیر بکاته‌وه ئه‌وا تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی عێراق. با نموونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه، شۆڕشی کورد ساڵی 1961 ده‌ستیپێکرد، ساڵی 1970 رێککه‌وتنی 11ی ئازار له‌نێوان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی و حکوومه‌تی ئه‌و کاتی عێراقدا ئیمزا کرا، له‌و کاته‌دا خوالێخۆشبوو سه‌ددام خۆی هاته ناوپردان بۆ ئه‌وه‌ی رێککه‌وتنه‌که له‌گه‌ڵ بارزانی ئاماده بکات و دوای ئه‌وه له به‌غدا رێککه‌وتنی 11ی ئازار راگهیەیێندرا، هه‌روه‌ک باسمکرد هه‌موو لایه‌ک به عه‌ره‌ب و کورد و هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه پێیانخۆش بوو، ساڵی 1974 که به‌غدا پێى‌وابوو به‌هێزه، دووباره شه‌ڕی له‌گه‌ڵ شۆڕشی کورد و بارزانی کرده‌وه، نه‌یتوانی شۆڕشی کورد بشکێنێت ناچاربوو چوو له‌گه‌ڵ شای ئێران رێککه‌وتنی کرد و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی دا به ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌ی شهتولعهرهبهش بگه‌ڕێنێته‌وه، هه‌شت ساڵ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران کرد، قه‌رزدار بوو کوێتی داگیرکرد، ئه‌م مهينهتييه، ئه‌مه مێژووی دوێنێیه، به‌ڵام چییه؟ بیرکردنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر هه‌ڵه بوو! شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌که ئه‌وه بوو کێ به‌هێزه و کێ لاوازه؟ پرسی کورد، مادده‌ی 140، کێشه‌کان به‌م فه‌رهه‌نگه، به‌م عه‌قڵیه‌ته له عێراق چاره‌سه‌ر ناکرێن و مومکین نییه! کێشه‌ی خێزانێکه، ده‌بێ دانیشین به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بکه‌ین. ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێت مادده‌ی 140 مردووه، ئه‌وه تێگه‌یشتنێکی زۆر هه‌ڵه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵی مردووه، با بڵێت وه‌رن دانیشین و چاره‌سه‌رێکی دروستی واقعیانه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه، چاره‌سه‌رێک که له خزمه‌تی هه‌موو عێراقدا بێت.
الشرقیە نیوز: تایبه‌ت به ده‌ستوور و مادده‌ی 140 و به‌شداریتان له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌و کاتدا. پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه هه‌موو کات له لێدوانه‌کانتاندا ده‌بینم باسی گه‌ڕان به‌دوای هاوبه‌شيدا ده‌که‌ن، ئایا لایه‌ن هه‌ن که به شێوه‌یه‌کی گشتی هاوبه‌شيى سیاسیی ئێوه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فيدراڵدا دا به‌رته‌سک بکاته‌وه؟ بۆچی ئه‌م لایه‌نانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوبهشيتان له پرۆسه‌ى سیاسی که‌م بکه‌نه‌وه؟
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و هاوبهشييه، ته‌نیا باسی هاوبه‌شيى خۆمان ناکه‌ین وه‌ک کورد، پێمانوایه پێکهاته‌کانی دیکه‌ش ده‌بێت هه‌ست به‌وه بکه‌ن که به‌شێکن له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا و ته‌نيا باسی کورد ناکه‌م، چونکه ئه‌و هاوبهشييه و گه‌یشتن به‌و بۆچوونه که هه‌موومان به‌شێکین له‌م وڵاته، ئه‌مه ته‌نها کێشه‌ی کورد نییه، پێکهاته‌کانی دیکه‌ش هه‌مان کێشه‌یان هه‌یه، بۆیه پێموايه تا ئێستا گوتوومانه قۆناخی راگوزه‌ره، به‌ڵام ته‌واو قۆناغی ڕاگوزه‌ر نییه. له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێکی زۆر گرنگى ئایندهداين، ده‌زانین زۆر هۆکاریش هه‌بووه که پێشتر نه‌یانهێشتووه به راستی و به جددی فۆکه‌س بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کێشه‌کانیش، داعش بووه. ساڵی 2014 له هه‌رێمی کوردستان (1100) کیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، دوو ملیۆن ئاواره‌مان هه‌بوو، نزیکه‌ی (10000) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ئێمه بریندار بوون، نزیکه‌ی (2000) پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدمان هه‌یه، بێگومان ئه‌مه ته‌نها له هه‌رێمی کوردستان نا، هه‌موو عێراقییه‌کان وایان به‌سه‌رهاتووه و قوربانییان داوه، ئه‌مڕۆ پێمانوایه دۆخێکی دیکه هاتووەته پێش، دۆخێک که ده‌بێت پێکه‌وه دانیشین و ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
کۆتایی بەشی دووهەم
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment