کوردپرێس:
درەنگانی شەوی چوارشەمە 5ی 5ی 2021 لە گەرووی ناوبەردانی شارۆچکەی سیدەکان شەڕ لە نێوان هێزێکی پێشمەرگە و پەکەکە دروست بوو. فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند "پەکەکە بە ئاڕ پی جی، قەناس و بیکەیسی و کڵاشینکۆڤ هێرشی کردووە، بەڵام پێشمەرگە هێرشەکەی تێکشکاندووە."
هێرشەکە کاژێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە 05-05-2021 رووی داوە. بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پەکەکە ماوەی ساڵێکە رۆژانە بەڵا بە هێزی پێشمەرگە دەفرۆشێت و رێگە سەرەکییەکانی گوند و ئاواییەکان تی ئێن تی رێژ دەکات، هەروەها بیانوو دەداتە دەست سوپای تورکیا بۆ چۆڵبوونی زیاتری گوندەکان و لە نوێترین کاردانەوەشی هێرشی کردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە."
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگە لەبارەی شەڕەکەی شەوی رابردوو دەڵێت "ژمارەیەک چەکداری پەکەکە بە ئاڕ پی جی، قەناس و بیکەیسی و کڵاشینکۆف هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە بەزوویی لێیان دێنە دەست و هێرشەکە تێک دەشکێنن و دواتر رادەکەن."
سەبارەت بە زیانەکان، فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەدات "هیچ پێشمەرگەیێک لە هێرشەکەی پەکەکەدا بریندار نەبووە."
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت، "ئامانجی پەکەکە شێواندن و نائارامی دروستکردنە لە ناوچە سنوورییەکان و بەو کارانەی ژیان و کاسبی خەڵکی دەشێوێنێت."
تاوەکو ئێستا میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زانیارییان لەبارەی شەڕەکە بڵاو نەکردووەتەوە.
Your Comment