گرێکوێرەی دانووستانی لایەنە کوردییەکانی سووریا بۆ یەکگرتن

بەشی جیهان- سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنێکی بە ڕواڵەت لە سەر دامەزراوەیێکی سیاسیی هاوبەش لە سووریا پێشکەوتنێکی باشە و دەستی باڵای PYD لە دەسەڵات سنووردار دەکات بەڵام مێژووی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان سەلماندوویەتی کە ڕێککەوتنی فەرمی و جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە لە ئەرزی واقیع دوو شتی جیاوازن.

کوردپرێس:

جەیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕۆژی 20ی ئەیلوولی 2020 بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و شاندی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات و دیکەی لایەنە کوردییە یەکگرتووەکان کە مانگی نۆڤەمبێری 2020 بەشداریی دانوستانی ئاشتییان کردبوو سەردانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریای کرد.

پڕۆسەی یەکگرتنی لایەنە کوردییەکانی سووریا بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ دەستەبەرکردنی لێکگەیشتن و هاوکاریی زیاتر ناوزەد دەکرێت و ئەمریکاش پشتگیریی ئەو دانوستانە دەکات بەڵام ئێستاش بە دەست ناکۆکییە کۆنەکانی هەر دوو لایەنی کوردییەوە ئازار دەبینێت. بەوەشەوە وا دەردەکەوێت کە پارتی کوردیی یەکێتیی سووریای دیموکرات (PYD) دوو ڕۆژ پێش سەردانەکەی جەیمز جێفری دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکای قبووڵ کردبوو کە پێشنیازی دابەش کردنی دەسەڵاتی کردبوو لە نێوان دوو ڕەوتی سەرەکیی کوردی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا. ئەم سازشەش دەسەڵاتی چەنەلێدان و قورساییی ئەمریکا ئاشکرا دەکات. بەڵام دەستڕاگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتی ئێستاش زەحمەتە.

چەندین شاندی هەردوولا لە نۆڤەمبێری 2019 و بە پشتگیریی ئەمریکا لە بارەگا هاوبەشەکانی ئەمریکا و سوپای سووریای دیموکرات لە شاری حەسەکەی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا ڕاوێژیان لەگەڵ یەک کردووە. ئەو دانووستانە کە بە دەستپێشخەریی مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و لە ژێر کاریگەریی ئوپەراسیۆنی سەربازیی "کانیی ئاشتی"ی تورکیا و کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سنوورەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێت خاڵی کۆتاییی ئەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریایە کە بە بە تەواوی لە یەکتر دوور بوون.

ئەنجامە بەرایییەکانی ئەو دانوستانە پاش 8 مانگ بۆ ڕای گشتی ڕاگەیێندرا. لە بەیانێکی هاوبەشدا ڕۆژی 16ی جوون ئەنجامی خولی یەکەمی دانووستانی یەکگرتنی کوردی سووریا بڵاو کرایەوە. پەیجی فەرمیی تویتەری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە سووریا بەیاننامەکەی بە "یەکەم هەنگاوی ئەرێنی بەرەو هەماهەنگیی سیاسیی زیاتری نێوان کوردەکانی سووریا و دامەزراوە سیاسییەکان" ناو برد و ستایشی ئەو ڕێککەوتنەی کرد.

بەو حاڵەشەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا پاش یەک ڕۆژ ڕەتی کردەوە کە گەیشتبێتنە ڕێککەوتن و جەختیشی کردەوە کە تەنها کۆمەڵێک لێکگەیشتن لە سەر چەند خاڵێک هەیە کە نموونەی ئەو خاڵانە بریتییە لە ڕەچاوکردنی ڕێککەوتنەکەی دهۆک وەک بنەما و ئەساسی دانووستانەکان.

ڕێککەوتننامەی دهۆک ئەکتەوبری 2014 لە شاری دهۆک سەنتەری یەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لە سەر پشتگیریی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا و بریتی بوو لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسیی هاوبەش بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا و بەهێزکردنیان لە بەرانبەر هرشەکانی داعش بەڵام لە ئەرزی واقیعدا هەرگیز جێبەجێ نەکرا. لە بری ئەو ڕێککەوتنە ژمارەیێک لە بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لە ئاگێستی 2016دا لە لایەن پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل –کە باڵی سەربازیی ئەو پارتەیە- لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا دەرکران. ژمارەیێکی دیکەش وەک محەمەد ئیسماعیل و عەبدوڵڵا قەدۆ و فەیسەڵ یۆسف دەستبەسەر کران. بە وتەی بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ژمارەیێکی دیکە لە بەرپرسانی ئەو پارتە سیاسییە وەک محەمەد وەلی ئەبوو جوندی و وڵات حسی لە لایەن چەکدارانی سەر بە پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات و یان خود لە لایەن پەکەکەوە کوژران. لە ڕاستیدا لانی کەم 5 کەس لە شاندی 7 کەسیی دانوستانکاری ئێستای ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ساڵانی 2016 و 2017 لە زیندانی پەیەدەدا بوون و نێعمەت داوود و فەیسەڵ یۆسف ڕاست پاش هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە 2018 دەستبەسەر کران.

بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ئیدعای ئەوەشیان کردووە کە ناتوانن سەفەری بە ئاسایش و پارێزراویان لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا هەبێت. بۆ نموونە ئیبراهیم برۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا وتوویەتی PYD و YPG هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر پاش دەرکرانی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا (ساڵی 2016) ئەگەر بێتوو سنووری سووریا ببەزێنێت دەیکوژن. محەمەد ئیسماعیل دانوستانکاری سەرەکیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا هاوکارەکەی بیر هاتەوە کە پێی وتبوو مانگی فێبریڤێریی 2012 لە حەسەکە چەکدارانی پەکەکە هێرشیان کردۆتە سەری و تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامی تەقەکەیدا پاش چەند ڕۆژ لە نەەخۆشخانەیێکی شاری حەسەکە گیانی لە دەست دا. بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە. پاساوەکەشیان ئەوەیە کە ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا سەردانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا ناکەن چوونکە ئەو مەسەلەیە خەسار لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا دەدات و بە گشتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا خواستێکی ئەوتۆتی لە سەر یەکگرتنی کوردی سووریا نیە.

چەندین کەسایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لە لێدوانە تایبەتەکانی خۆیاندا وتوویانە تەواو ڕەشبینن لەوەی PYD و YPG دەسەڵات لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا دابەش بکات. لەگەڵ ئەوەش دەڵێن بۆ بەدەستهێنانی متمانە لانی کەم پێویستە دۆسیەی ڕفێندراوانی وەک بێهزان دۆرسان و نداڵ سەلیم و ئیدریس ئێلۆ و ئەحمەد زیدۆ و چەندین کەسی دیکە کە گۆمان دەکرێت کوژرابێتن بکرێنەوە. مەسەلەیێکی گرینگی دیکەش پێوەندیی پتەوی PYD و YPG لەگەڵ پەکەکە و هاوکاریی ژێربەژێر و شاردراوەیان لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەدە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا تەنانەت لە ئاستی تاکتیکیشدا ئامادە نیە ئەو پێوەندییە قبووڵ بکات.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا بەشێکە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا و دژی پڕۆسەی دانووستانی ئێستا لەگەڵە پەیەدەیە. چەندین کەسایەتیی ئەنجومەنی هاوپەیمانیی سووریا جەختیان کردۆتەوە کە ئەوان پەیەدە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانن و پەکەکەش لە دیدی ئەوانەوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. لە ڕوانگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە تا ئەو کاتەی PYD و YPG بە ئاشکرا دوورکەوتنەوەیان لە پەکەکە ڕانەگەیێنن دانووستانی یەکگرتنی کوردی بە پشتگیریی ئەمریکا یەکگرتنی ڕاستەقینە دەستەبەر ناکات و دوورکەوتنەوەی PYD و YPG لە پەکەکە واتای ئەوە دەبێت کە کادیرە ناسوورییەکانیان دەربکەن. لە ڕاستیدا دانووستانکارەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا جەخت دەکەنەوە کە تاکە هۆکاری ئەوان بۆ بەشداری کردن لە دانوستانەکان ئەوەیە کە ئەمریکا گوشاری خستۆتە سەریان. ئەگەرچی ئەوان باش ئاگاداری کارتەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە PYD و YPG هەن بەڵام بەگومانن لەوەی کە ئەمریکا توانای ئەوەی هەبێت PYD و YPG ناچار بکات ئیمتیاز و گەرەنتی بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە بدات.

چەندین مانگی ڕەبەق وردەکاریی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی بە مێکانیزمێکی هاوبەش بۆ دەرکردنی بڕیاری گەورە موناقەشەی لەسەر بووە. سەرچاوەیێک کە لە پڕۆسەی دانوستانی یەکگرتنی کوردەکان بەشداریی کردووە جەختی کردۆتەوە کە چۆنیەتیی تەرخان کردنی کورسییەکان بۆ لایەنەکان گرینگترین هۆکاری تەنگەژە و ناکۆکییەکان بووە. پێشنیازی ئەمریکا کۆدەنگە لەگەڵ ڕێککەوتنەکەی دهۆک کە 2014 واژۆ کراوە. ئەو پێشنیازە لە دامەزراوەی سیاسیی هاوبەش، 40 کورسی بۆ ئەنەکەسە و پەیەدە تەرخان دەکات و 10 کورسییش دەدات بە هەر دوو لایەن کە هەر یەکەو تەرخانی بکەن بۆ لایەنی سێهەمی خۆیان. بە پێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ئەو پێشنیازەی قبووڵ کردووە بەڵام پەیەدە ڕەتی کردۆتەوە. ئەنەکەسە ئینتیما بۆ ئەو سیستەمە ناکات کە PYD و YPG تێیدا باڵادەست بێت. لە لایێکی دیکەشەوە PYD و YPGش دابەش کردنی دەسەڵات بە شێوەی یەکسان لەگەڵ ئەنەکەسە قبووڵ ناکات چوونکە بە گوێرەی ئەرزی واقیع، PYD و YPG دەسەڵاتی باڵادەستی سیاسی و سەربازین.

News Code 190182

Your Comment

You are replying to: .
captcha