وردەکاریی سەردانی جەیمز جێفری بۆ کوردستانی سووریا

بەشی سووریا- میدیا کوردییەکان وردەکاریی سەردانی ڕانەگەیێندراوی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا ئاشکرا دەکەن و بەو پێیەش ڕاگەیێندراوە کە جەیمز جێفری لەگەڵ ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سووریای دیموکرات دیداری کردووە.

کوردپرێس:

ئاژانسی هەواڵی خەندان لە زاری سەرچاوەیێکی ئاگادارەوە رایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمە 20ی ئەیلوولی 2020 دوور لەچاوی کامێراکان شاندێکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جێمس جێفری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەردانی کوردستانی سووریای کردووە و پرسی چارەسەری سیاسی بۆ سووریا، پێشێلکاریی گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیا و یەکخستنی لایەنە کوردییەکان تەوەری سەرەکیی سەردانەکە بون.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی باکووری راگەیاندووە، جێمس جێفری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، لە کۆبونەوەکاندا ژمارەیێک پرسی تایبەت بە باکووری سوریا و پرسی چارەسەری سیاسی گشتگیر بۆ قەیرانی سووریا گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەردانەکەی شاندی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری پێشووتر رانەگەیەنراوە و بەرپرسانی واشنتن جەختیان لە پێویستی راگرتنی سەرجەم هێرشە سەربازییەکان و رێگریکردن لە دروستکردنی گرژی لەناوچەکەدا کردووەتەوە، هەروەها باس لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان لایەنە ناوخۆییەکانی سووریا و ئەو وڵاتانە کراوە کە کاریگەرن لە پرسی سووریادا.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە، تەوەرێکی دیکەی سەردانەکە باسکردن بووە لە دواین راپۆرتی لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ کە گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیای بە پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ تۆمەتبارکردبو و ئەو هێزانەیان بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" بەرامبەر هاوڵاتیانی باکووری سووریا تۆمەتبار کردووە.

لای خۆیەوە نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) دەربڕیوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری بکات لەگفتوگۆ نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە دۆخی سوریا.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، واشنتن پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات کە لەپێناوی یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی کوردستانی سووریا پێشکەشی کردووە و لەئێستادا گفتوگۆکان بەردەوامن.

لە ئێستادا گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان بەچاودێری ئەمریکا و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ماوەی زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامیی هەیە، واشنتن دەخوازێت هێزە کوردییەکان لە سووریا پەیوەست بە داواکردنی لامەرکەزی یان هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق خاوەن یەک گوتار و داخوازی سیاسی بن، هەروەها دەخوازێت کورد بەشدار بێت لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە قەیرانی سووریا بەو پێیەی نزیکەی 30%ی خاکی سووریا لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبردرێت.

News Code 190136

Your Comment

You are replying to: .
captcha