«سولەیمان ئوسۆ» سەرۆکی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKSE) لە گفتوۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پڕۆسەی دانوستانەکان لەنێوان ڕەوتە کوردییەکانی سووریا و ڕایگەیاند: دانوستانەکان بەردەوامن و ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد زۆر تامەزرۆین بە زووترین کات بگەینە ئەو ئەنجامەی کە خەڵکەکەمان پێی دڵخۆش دەبن.
ئەندامەکەی ئەنەکەسە وتیشی: پرسی زۆر تاوتوێ کراون و لەسەر زۆرینەی پرسەکانیش ڕێککەوتووین بەڵام هەندێک پرسی دیکەش ماون تا بگەنە ئەنجام کە ئەوەش پێویستی بە بەشداریی ڕاستەقینەیە لە کوردستانی سووریا.
ئوسۆ درێژەی دا: پێویستە بگەینە یەکگرتنێک کە لایەنەکان دوژمنایەتیی پێشوویان لەبیر بەنەوە و لە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا ڕۆڵی هاوبەش بگێڕن.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKSE) ئاماژەشی دا بە سەربەخۆیی دوو ڕەوتە دانوستانکارەکەی کوردستانی سووریا لە بڕیارە سیاسییەکانیاندا و وتی: هەردوو لا دەبێت هەوڵ بدەین کە دەستوەردانی دیتران لە سیاسەتی خۆماندا کۆتایی پێبێنێن. بۆ نموونە دەستوەردانی پەکەکە لە کوردستانی سووریا کێشەی زۆری بۆ ئەم خەڵکە دروست کردووە و هێزی سەربازیی تورکیای پەلکێشی خاکی کوردستانی سووریا کردووە.
سولەیمان ئوسۆ جەختی کردەوە: پێویستە تورکیاش ڕێز لە دەنگ و سەربەخۆیی سیاسی کوردستانی سووریا بگرێت و دەستوەردان لە کاروباری حزبەکانی ئەم ناوچەیەدا نەکات و یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی ئەم ناوچەیە بدات.
سەرۆکی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لەبارەی هاوبەشیی لە پرسە سەربازی و ئەمنییەکاندا لەنێوان دوو ڕەوتی دانوستانکاردا زیاتر وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین لەسەر پرسە سەربازی و ئەمنییەکانیش دەبێت بگەینە هاوبەشیی ڕاستەقینە. هێشتا گفتوگۆکانمان لەمبارەوە دەست پێنەکردووە.
سولەیمان ئوسۆ وەبیری هێنایەوە: لەبارەی بابەتەکانی خوێندن و قوتابخانەکانیشەوە دەبێت هەندێک گۆڕانکاری بکرێت. ئەو سەرچاوانەی بۆ ڕاهێنان لە قوتابخانەکانی کوردستانی سووریا لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتیکەوە دیاری کراون، هیچ ناوەندێکی نێونەتەوەیی پشتگیریی لێناکات.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKSE) لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە دانوستانەکاندا جیددین و هیوادارین بە ئاوڕدانەوە لە پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکان بگەینە ئەنجامی کۆتایی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment