ئەمریکا به‌ فه‌رمی کشانەوەی 2200 هێزی له‌ عێراق راگه‌یاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا به‌ فه‌رمی که‌م کردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازانی خۆی له‌ 5200 کەسەوە بۆ 3000 هێز لە عێراق راگه‌یاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژه‌نه‌ڕال کێنس مه‌ککێنزی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند به‌هۆی دڵنیابوونیان له‌ ئاستی توانای هێزه‌ عێراقییه‌کان له‌ پارێزگاری له‌ وڵاته‌که‌یان و به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپراسیۆن به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیان داوه‌.

کێنس مه‌ککێنزی جه‌ختیشی کردۆته‌وه‌، که‌ عێراقیه‌کان به‌ بێ هاوکاری ده‌ره‌کیش ده‌توانن رێگری بکه‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش.

کشانه‌وه‌ی دوو هه‌زار و 200 سه‌ربازی ئه‌مریکی له‌ عێراق به‌شێکی په‌یوه‌سته‌ به‌ خواستی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ کێشه‌ و ململانێکانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌ ئه‌و به‌ جه‌نگه‌ بێکۆتاکان ناویان لێده‌بات.

ئه‌مریکا ساڵی 2011 له‌ عێراق کشایه‌وه‌، به‌ڵام ساڵی 2014 و له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ژماره‌یێکی زۆر له‌ هێزه‌کانی بۆ عێراق گه‌ڕانده‌وه‌.

مانگی رابردوو رۆژنامه‌ی وۆڵستریت جورناڵ له‌ زاری چه‌ند به‌رپرسێکی باڵای ئه‌مریکیه‌وه‌ بڵاویکردبوه‌وه‌، که‌ واشنتۆن یه‌ک له‌سه‌ر سێ هێزه‌کانی له‌ عێراق ده‌کشێنێته‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 190017

Your Comment

You are replying to: .
captcha