کوردپرێس:
رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراق بڵاوی کردەوە؛ کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە دادگایێکی بەریتانیا سکاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکردوە و داوای یەک ملیار و (600) ملیۆن دۆلار قەرەبو دەکات و تۆمەتباری دەکات کە بەهۆی بڕیارە نایاساییەکانیەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
هەفتەی رابردوو دانیشتنی یەکەمی دادگاکە بەڕێوە چوو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتنی دوەمی دادگاکە لە بەریتانیا لەسەر ئاشتی هەورامی بەڕێوە بچێت، لەکاتی دەرچونی بڕیاری کۆتایی دادگاکەدا، حکوومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بە بژاردنی ئەو زیانانەی کە بەر کۆمپانیاکە کەوتوە و بە (1.6) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
رۆژنامەی سەباح بڵاوی کردەوە؛ ئەگەر دادگا لە بەرژەوەندیی دانەغاز بڕیار بدات ئەوکاتە ئاستی قەرزەکانی حکوومەتی هەرێم دەگاتە (28) ملیار دۆلاری ئەمەریکی.
بەپێی رۆژنامە عێراقییەکە، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئاشتی هەورامی کە ماوەی (14) ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان بوە، هەرێمی کوردستان کەوتوەتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە و هەرێمیشی دوچاری قەیرانی ئابوری و دارایی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی کردوە، بوەتە هۆی دروستبونی ناکۆکی گەورە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی.
ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی (2017) کۆمپانیا دانەغاز سکاڵایەکی دیکەی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆمارکرد، دواتر لە دەرەوەی دادگا لەگەڵ کۆمپانیای (پیرڵ پترۆلیۆم) کە لە (کۆمپانیای دانەغاز، نەوتی هیلال، پێرڵ پترۆلیۆم) پێکهاتوە رێککەون لەسەر پاکتاوکردنی قەرزو شایستەی دارایی کۆمپانیاکە بە بڕی (2.239) ملیار دۆلاری ئەمەریکی.
*لە ماڵپەڕی سبەی وەرگیراوە
Your Comment