«مەسعوود تەک» سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە مەرگی ئێبرۆ تیمتیک چ کاریگەریێکی لەسەر ئاقاری سیاسی تورکیا هەبوو، دەڵێت: مافناس "ئێبرۆ تیمتیک" و هاوڕێی پارێزەری "ئیتاچ ئۆنساڵ" لە ساڵی 2018دا بە بیانووی ئەندامێتی لە گرووپی تیرۆریستی دەستگیر کران و درانە داگا و 13 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا.
ناوبراو درێژەی دا: دۆسیەی هەردوو پارێزەرەکە بەپێی شایەت و "شایەتحاڵانی غیابی" هیچ بەڵگەیێکی لێنەبوو کە دەریبخات ئەندامی گرووپی تیرۆریستی بوون.
ناوبراو زیادی کرد: ئێبرۆ تیمتیک و دیکەی پارێزەرە زیندانییەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەم حوکمە نادادپەروەرانەیە سەرەتا مانیان لە خواردن گرت و پاشان خواردەمەنیشیان وەلانیا و لە کۆتاییدا "مانگرتن تا مردنیان" دەست پێکرد. بەهۆی ئەم کارەوە دۆخی تەندروستیی هەردوویان ناجێگیر بوو. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند بەبۆنەی دۆخی خراپی تەندروستییەوە دەبێت لە زیندان ئازاد بکرێن و مانەوەیان لە زیندان مەترسیدارە.
مەسعوود تەک وەبیری هێنایەوە: دادگاکانی تورکیا ئاوڕیان لەم داخوازییە نەدایەوە و لە کۆایشدا ئێبرۆ تیمیتک گیانی لەدەست دا. ئێبرۆ تەنها کەسێک نییە کەبەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە . لە مێژووی تورکیادا سیاسەتوان و ڕۆشنبیر و نووسەری زۆر بەبۆنەی مانگرتن لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان سپاردووە کە لە دوای 2000 زیاتر دەبینرێت.
سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK) ئاماژەی دا بەم ڕێگایە لە مانگرتن لە زیندانەکانی تورکیا و وتی: مانگرتن لە خواردن ڕێگایێکی بەرخۆدانی زیندانییە سیاسییەکانە. ئەگەر سەیری دۆسیەی زیندانییە سیاسییەکان بکەین و چاو لە ڕاپۆرتەکان بکەین ئەم ڕێگایێکە کە پەنای بۆ دەبەن.
مەسعوود تەک دەڵێت: مانگرتن لە خواردن هەمیشە بوونی هەبووە بەڵام "مانگرتن تا مردن" پرسێکی زۆر جیدییە کە ئەم زیندانییانە هەڵیدەبژێرن. کەسانێک کە ڕێگای مانگرتن تا مردن دەگرنە پێش، کەسانێکی جیاوازن و ئیرادەی گەورەیان لەسەر باوەڕەکانی خۆیان هەیە کە ئامادەن گیانی خۆیان بۆ بەخت بکەن کە ئێبرۆ تیمتیک یەک لەوانە بوو.
ناوبراو ئاشکریا کرد: بە ڕای من چیدی ئەمڕۆ مانگرتن تا مردن ڕەوشتێکی باش نییە بۆ بەرخۆدان. چوونکە ئەمڕۆ ڕێگای زۆر جیاواز هەیە بۆ ئەوەی کە بیر و ڕای خۆت ڕابگەیێنێت بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و ئێبرۆ و هاوڕێیانی دەیانتوانی ناڕەزایی خۆیان بەشێوەیێکی بەربڵاو بۆ هەمووان بڵاوی بکەنەوە و ڕای گشتی لەمبارەوە ئاگادار بکەن.
مەسعوود تەک وەبیری هێنایەوە: ئەوان دەبوو دەستیان لەم کارە هەڵگرتبا بەڵام بینیمان کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگاکانی تورکیا چاو و گوێی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە داخست و ئەوانیش گیانیان سپارد و ئەم بێ هەڵویستیەش قبووڵ کراو نییە. داخوازییە دیموکراتیکەکان لە گیانی کەسان بەنرختر نییە و گیانی ئینسان نابێت بکرێتە ئامێرێک بۆ داخوازییە دیموکراتیکەکان و مردن نابێت بکرێتە ئامان بۆ ناوەندە دیموکراتیکەکان. ئەمەش دروستە کە ئینسانە وڵات پارێزەکان گیانی خۆیان فیدای ئارمانجەکانیان دەکەن و بەرەو شەهید بوون دەچن بەڵام نابێت گیان بەخت کردن ببێتە ئامانجی سەرەکی.
سکرتێری گشتیی حزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا (PSK) وەبیریشی هێنایەوە: زارەیێک لە کەس و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان خستە پاڵ ڕەوشتی مانگرتنەکەی ئێبرۆ تیمتیک و ئەم ڕەخنەیەش تا ئاستێک قبووڵکراوە. بەڵام نابێت لەبیری بکەین کە هۆکاری سەرەکیی مردنی تیمتیک سیستەمی ماف و دادگاکانی تورکیان کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت و ناوەندە ئەمنییەکان.
ناوبراو زیادی کرد: دادگاکانی تورکیا حوکمەکانی خۆیان لەسەر داخوازیی ناوەندە ئەمنییەکان دەردەکەن و بەبێ ئەوەی بەڵگەی سەلمێنەریان بەدەستەوە بێت چالاکانی مەدەنی و وڵات پەرەست زیندانی دەکەن.
لە کۆتاییدا مەسعوود تەک وتیشی: مردنی "ئێبرۆ تیمتیک" دوو بابەتی ڕوون کردەوە یەکەم دۆخی نالەبار و شپرزی دەزگای دادی تورکیا و دووهەم هەڵەبوونی "مانگرتنی مەرگ"؛ کە بەگشتی نیشانی دا ڕێگایێکی هەڵەیە بۆ بەرخۆدان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment