«گەلۆ عیسا» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە بڕینی ئاوی حەسەکە لەلایەن تورکیاوە و ڕایگەیاند: ئاوی حەسەکە لە ڕۆژهەڵاتی سەرێ کانی و ناوچەی عەلوکەوە سەرچاوە دەگرێت چوونکە ئاوی حەسەکە بەبۆنەی سوێری و تامی خراپیەوە بە کەڵکی خواردنەوە نایەت، بۆیە ئاوی خواردنەوەی حەسەکە لە عەلوکەوە دابین دەکرێت.
ناوبراو درێژەی دا: تورکیا چەندین جار بە بیانووی نەبوونی کارەبا، ئاوی حەسەکەی بڕیوە و بەم کارەشەوە دەیهەوێت گوشار لەسەر خەڵک دروست بکات.
گەلۆ عیسا وتیشی: ئامانجی تورکیا سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە و دەیهەوێت دانیشتووانی ناوچەکە لەدژی ئیدارەی خۆسەر بورووژێنێت.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: تورکیا بەنیازە پڕۆژەی دیموکراتیک لە کوردستانی سووریا لەناوبەرێت و ڕێگا لە کوردانی سووریا بگرێت تا دەستیان بە مافەکانیان نەگات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment