کوردپرێس:
بنکەی مەدەنیی چالاکانی ژینگەپارێزی لە پارێزگای کوردستان بڕیاری داوە ڕۆژی هەینی 31ی گەلاوێژی 1399 بەرانبەر بە 21ی ئابی 2020 لە بازنەی مەلا بێسارانییەوە تا دەریاچەی زرێبار لە زبڵ پاک بکەنەوە هەر بۆیەش بانگهێشتنامەیان بڵاو کردۆتەوە و داوایان لە ژینگەدۆستان و هاووڵاتییانی مەریوان کردووە بەشداریی پلانە خۆبەخشەکە بکەن.
جەمالەدین ڕۆستەمی بڕیاردەری بنکەی ژینگەپارێزی لە پارێزگای کوردستان لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند پلانەکەیان لە کاتژمێری 7 و نیوی بەیانییەوە لە بازنەی مەلا بێسارانییەوە بەرەو دەریاچەی زرێبار دەست پێدەکات.
ڕۆستەمی زیادیشی کرد ئەم هەڵمەتەی کۆکردنەوەی زبڵەکان جیاوازیی لەگەڵ هەڵمەتەکانی پێشووتر هەیە و نیازیانە لەم هەڵمەتەی پاککردنەوەی دەریاچەی زرێباردا زبڵەکان جیا بکەنەوە و زبڵی کاغەزی و زبڵی نایلۆنی و زبڵی عفوونی و پیس لە دەفری جیا کۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی زبڵە وشکەکان ڕادەستی سەنتەری بەرهەمهێناوەی زبڵ بکرێت یان خود بدرێت بە کەسانی کەم دەست بۆ ئەوەی لە ڕێگای فرۆشتنیەوە داهاتێکی هەرچەن کەمیان دەست کەوێت.
ڕۆستەمی ڕوونیشی کردەوە کە بڕیاریان داوە بە هاوکاریی فەرمانبەرانی بەلەمەوانیی دەریاچەی زرێبار بە بەلەم دەوروبەری دەریاچەکەش بگەڕن و زبڵەکان کۆ بکەنەوە.
ناوبراو زیاتر گوتیشی: دروشمی پلانەکەش "شاری بێ زبڵ و بەبەزەیی بوون لەگەڵ بوونەوەرەکان"ە و ئەنجومەنی ژینگەپارێزانیش لە سەر مەسەلەی پاراستنی گیان لەبەران و جیاکردنەوەی زبڵەکانی ناو شار و بەتایبەتی پارێزگاری کردن لە ئەو سەگانەی لە ناو شار و دەوروبەری شارن تەرکیزی تایبەتی کردووە. هەر لەو بارەیەشەوە بنکەی چالاکانی ژینگەپارێزی کۆبوونەوەیێکیان لەگەڵ شۆرای شاری مەریوان و جێگری خزمەتگوزاریی شارەوانیی شارەکە بەڕێوە بردووە و لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ سەگەکانی ناو شار و دەوروبەری شار چەند پێشنیارێکیان ئاراستە کردووە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لایەنی حکوومی و بەتایبەتی شارەوانی و شۆرای شار هاوکاریی ئەنجومەنەکە بکەن.
شایانی باسە پێشتریش چەندین جار هەڵمەتی پاککردنەوەی دەریاچەی زرێبار و کۆکردنەوەی زبڵ لە شاری مەریوان بەڕێوە چووە و ژمارەیێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شارەکە و ژینگەدۆستان بەشداریی هەڵمەتەکەیان کردووە.
Your Comment