کوردپرێس:
بەپێی راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆمار ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٨/١٩ سەرۆك كۆمارى عێراق بەرهەم ساڵح، لە شاری سلێمانی پێشوازیی كرد لە محەممەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیان کردەوە لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، بەجۆرێک ببێتە مایەی پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و ھێنانەدی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد بۆ ھەموو ھاووڵاتیان.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ كرا دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لە وڵات، ھەروەھا پێشهاتە تەندروستییەکان کە بەهۆی پەتای كۆرۆنا ھاتووەتە پێش و دیاریكردنی شێوازی گونجاو بۆ سنورداركردنی دەرهاویشتە تەندروستی و ئابورییەكانی وڵات.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا جەخت كرایەوە لە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد، وەك دەستكەوتێكی نیشتمانی و كۆڵەكەیێكی بنەرەتی بۆ هەنگاونان بەرەو چاكسازییە گرنگەکان، ھاوکات ئاماژەش کرا بۆ گرنگیی تەواوكردنی یاساییی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و ناردنی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیان كردەوە لە پێویستیی یەكخستنی ریزەكانی نێوان هێزە عێراقییەكان و رەچاوکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ چەسپاندنی سەروەری و سەقامگیریی عێراق و بەگژداچوونەوەی ئاستەنگەكان كە ناوچەکە گیرۆدەی بووە، ھەروەھا بەھێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، بەجۆرێک ببێتە مایەی پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و ھێنانەدیی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد بۆ ھەموو ھاووڵاتیان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەخت كرایەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوە بۆ لەناوبردنی پاشماوە و شانە نووستووەکانی تیرۆریستان، لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی بۆ سەرجەم گەلی عێراق.
لە کۆتاییی دیدارەکە دواین پەرەسەندنەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەبارەوە کرا، و ھەر دوولا جەختیان كردەوە لەپێویستیی پشتیوانیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ پتەوكردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.
Your Comment