رووسیا کاردانەوەی بۆ گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و کۆمپانیا ئەمریکییەکە نیشان دا

بەشی جیهان- وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، کاردانەوەی بۆ گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و کۆمپانیای دەلتا کرێسینیت ئینێرجیی ئەمریکی نیشان دا و ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنە پێشێلکارییێکی سیستەماتیکی یاسای نێودەوڵەتییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا کۆمپانیای دەلتا کرێسینت ئینێرجی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوتنێکی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت و پەرەدان بە ژێرخانی نەوت لە "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا" واژۆ کردووە. هەر لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەشدا کۆمپانیا ئەمریکییەکە پلانی هەیە دوو پاڵاوگەی نەوتی گوێزەرەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بگوازێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت: مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێککەوتنەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، واژۆکردنەکە لەوە زیاتری خایاند کە واشنتن ئومێدی بۆ خواستبوو.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە، بەگوێرەی میدیاکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەخشین لە سزاکان دەداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکە بۆئەوەی بتوانێت کارەکانی لەوێ راپەڕێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت: ئەوەی واشنتن دەیکات پێشێلکارییێکی سیستەماتیکی رێکارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و دووپات کردنەوەی پابەندبوونییەتی وەک هێزێکی داگیرکەر. لە هەمانکاتدا، ئەمریکا جارێکی دیکە رێزنەگرتنی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەتن بە سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی سووریا پیشاندا.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەندێک ناوچەی لە باکووری رۆژهەڵات و باشووری سووریا خستوەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە دزین و بازرگانی کردنی نایاساییانەش بە سامانە سرووشتییەکانی سووریاوە بەشدارە، لەکاتێکدا ئەوە سامانی هی هەموو سوورییەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "ئەو بەرهەمە نەوتیانەی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەرهەمدەهێندرێن و ئەو سوودەی لە ئەنجامی قاچاخیکردن پێیان بەدەست دەهێندرێت سوودەکەی بۆ تەواوی خەڵکی ئەو ناوچەیەی سووریا نییە. میدیا و سەنتەرەکانی توێژینەوە جاروبار زانیاری بڵاودەکەنەوە لەبارەی ناڕەزاییە مەدەنییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دژی بوونی نایاساییانەی ئەمریکا و دەسەڵاتی کورد کە گرنگی بە خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی سڤیل نادەن".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە، سیاسەتی بەهێزکردنی کورد لەسەر حسابی گرووپە ئیتنی و ئایینییەکانی دیکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گرژی ناوخۆیی و هەڕەشەی جیدی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتی دروست دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، لەو هەنگاوانەی ئەمریکا و نەبوونی کاردانەوە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نیگەرانە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189625

Your Comment

You are replying to: .
captcha