عەبدولوەهاب ئەحمەد بەرپرسی هەماهەنگیی گشتیی بزووتنەوەی تەڤگەری چاکساریی کوردستانی سووریا (tevgera çaksazî) کە بەشێکن لە ڕەوتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، لەبارەی دانووستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: پاش جەژنی قوربان قۆناخی دووهەمی گفتوگۆکان لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا واتا ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ENKS و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد PYNK دەستی پێکردەوە. قۆناخی دووهەم هەر بو شێوەیە کە بۆ میدیاکان ئاشکرا کرابوون لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و دامەزراندنی مەرجەعێکی سیاسی یەکگرتوو بۆ کوردانی سووریا بوو و تا ئەم کاتەش دانوستانەکان لەمبارەوە بەشێوەیێکی ئەرێنی دەچنە پێشەوە.
ناوبراو درێژەی دا: پرسی مەرجەعی سیاسی بۆ کورد بابەتێکی گرینگە کە دوو لایەنەکە لەبارەیەوە گفتوگۆ دەکەن تا بگەنە یەکهەڵویستی لەسەر ئیدارەی هاوبەشی سیاسی، پرسی سەربازی و بابەتی ئابووری.
ناوبراو لەبارەی هێزە سەربازییەکان لە کوردستانی سووریا وتی: بابەتی سەربازی بابەتێکی گرینگی گفتوگۆکانە و دەبێت شاندێکی پسپۆڕی سەربازی پێکهاتوو لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و پێشمەرگەی ڕۆژ لەبارەیەوە دانوستان بکەن. دانوستانی زۆر باش لەمبارەوە کراوە و ئەمریکایش و ژەنراڵ کۆبانی-یش قبووڵیان کردووە کە دەبێت ئەم بابەتە چارە بکرێت.
ناوبراو زیادی کرد ئامانج لە پێکهێنانی مەرجەعێکی سیاسی ئەوەیە کە هەر سیاسەت و هەڵمەتێکی سەربازی لە کوردستانی سووریا بگیردرێتە بەر لەژێر چاودێڕیی ئەو مەرجەعە سیاسییەدا بێت.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەڤگەری چاکسازیی کوردستانی سووریا وەبیری هێنایەوە ئەم قۆناغە بۆ لایەنەکان زۆر گرینگە و دەبێت هەموو بابەتە هەڵپەسێردراوەکان دەبێت لەبەرچاو بگیردرێن.
عەبدولوەهاب ئەحمەد زیادی کرد: دوو کۆمیتە لەهەردوو لایەنەکە پێک هاتووە و خەریکی گفتوگۆ کردن لەسەر پرسە گرینگەکانن و هیوادارین کە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment